لە ئاوایی بەیانلو شایی ئەبێ دەنگی گەلێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  773 مشاهده

لە ئاوایی «بەیانلو» شایی ئەبێ دەنگی گەلێ لا ئەکەن، زووڕناژەن و دەهۆڵکوتی ئەو ناوەش ئەڕۆن، خۆت ئەیزانی لە کاتی هەڵپەڕکێدا کابرای زووڕناژەن لە کاتێکا کە یەکێ شاباش ئەکا، لمۆزی بۆ بەرز ئەکاتەوە و دەمی زووڕناکەی ئەکاتە ئاسمان و بۆی ئەقوقێنێ، دەهۆڵدەرەکەش ئەوەندەی تر گەرمی ئەکا. ئەو لای بەیانلو وڵاتی نزیکی فورقانەش شێوە قسەکردنێکی جیاوازن هەیە لەوانی تر، زووڕناژەنێکی ئەو وڵاتی «گێژ»ە ئەچێ بەدەم شاییەوە، ئەوا هەڵپەڕکێش گەرمە.

«سەمینی ئەمین» هەبوو، خەڵکی قورقان بوو، ئەویش ئەچێ بۆ بەیانلوو بۆ ناو شایی و هەڵپەڕکێ. کیژانی کڵاولار، کڵاولار هەڵئەپەڕن. سەمینیش دەست ئەگرێ. دەهۆڵ و زۆڕنا دێتە بەردەمی کابرای. زۆڕناژەن دەمی زۆڕناکەی ئەکاتە ئاسمان. سەمین نیو ڕوپیە دەردێنێ و ئەیدا بە دەهۆڵ کوتەکە کە بیکا بە شاباش. ئەڵێ: «بووشم هی کێیە؟» سەمین ئەڵێ: «بێژە سەمینی ئەمینی میرەی محەمەد خانزەی ڕۆژبەیانی فورقانی ماڵیان ها لە بان خانیەفورقان». کابرای چاوەش ئەڵێ: «بگرە باوە سەگ! کوتە ڕوپیەکت، ئەی پیچ و پلووجە وە من نیەوترێت».