جارێک سەی عەلی بیسمیللا لە سولەیمانی ژن...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  771 مشاهده

جارێک سەی عەلی بیسمیللا لە سولەیمانی ژن دێنێت. شێخ لەتیفی شێخ مەحموو، کە سەی عەلی خزمیشی بوو، بۆی دەستەبەر ئەبێ کە تەدارەکی ئەم شایی و ئاهەنگەی بۆ بکا. شێخ لەتیف بێت و ئاهەنگی شایی بۆ سەی عەلی خزمە ڕێک بخا، ئەبێ چۆن بێ؟ خانوویەکی باشی بۆ ڕێک ئەخا، بەتایبەتی ئەو ژوورەی کە شەوێ زاوا و بووک ئەچنە ناوی، هەمووی ئاوێنەبەند ئەکا و سەی عەلی ئەبا بۆ سەیرکردنی، سەی عەلیش زۆری پێخۆش ئەبێ، پاش بانگی شێوان کە ئیتر سەی عەلی ناچێتە ئەوێ، مەگەر کاتێ نەبێ کە بووک بچیتە ئەوێ و بچێتە لای بووک. شێخ لەتیف ئەچێ دە دوانزە «بسم الله الرحمن الرحيمعربی» لەسەر پارچە کاغەزی گەورە و مقەبا ئەنووسێ و ئەیباتە ژوورەکە، بە هەموو لایەکی ژوورەکەدا دایان ئەکوتێ، تەنانەت بە بن میچەکەشیا ئەکێشن وسویچەکەی لە دەرەوە ئەشارنەوە، ژوورەکەش پەنجەرەی تیا ئەبێ و بەرهەیوانی لە بەرا ئەبێ.

شەوێ درەنگ، وەختێک بووک ئەبرێتە ژوورەوە، پاش ماوەیەک سەی «عەلی»ش ئەکەنە ژوورەوە. لە ژوورەکەدا تەنها چرایەکی بچکۆلە ئەبێت، شێخ لەتیف و چەند کەسێک لە هاوڕێکانی، خۆیان لە دەرەوە شاردۆتەوە، سەی عەلی لە ژوورەوە وردە وردە ئەکەوێتە خۆی و لەو کاتەدا کە ئەیەوێ خۆی ڕووت بکاتەوە، ئەمان لەم دیوەوە جارێ دەرگاکەی لێ دائەخەن. ئەمجا شێخ لەتیف دەست بە دوگمەی سویچەکەدا ئەنێ هەموو گڵۆپەکان لە ژوورەوە هەڵ ئەبن. سەی عەلی لەم شتە ناکاویە ئەحەپەسێ، پەلاماری دەرگا ئەدا، دەرگا داخراوە، سەیری دار و دیوار ئەکا هەمووی «بسم الله الرحمن الرحيمعربی»ە، بە تەواوی شێت ئەبێ و نازانێ چی کا؟ ئەوانیش لە دەرەوە دەست ئەکەن بە چەپڵەڕێزان و بەیەک دەنگ بە دەم چەپڵەوە ئەڵێن:

هەی زاوا، زاوا، زاوە
دەستێ بگرە بە دواوە

سەی عەلی دەست ئەکا بە جنێودان و بە کفرکردن، حەیتە ئەنیشێتەوە، وەکوو پشیلەیەک خرابێتە ژوورێکە و دەرگای لێ داخرابێ، چۆن سەری لێ تێک ئەچێ و ئەشڵەژێ، ئەمیش وای لێ دێ. سەیری دار و دیوار ئەکا هەمووی «بسم الله»یە، لە شووشە پەنجەرەوە سەیری بەرهەیوان ئەکا قیامەت و چەپڵەڕێزانە، ئەوەندە خۆی ئەدا بە دەرگا و پەنجەرەدا و ئەوەندە جنێو ئەدا هەتا بە تەواوی پەکی ئەکەوێ، لەو ناوەدا ئەکەوێ.

پاشان دەرگاکەی لێ ئەکەنەوە. یەکەمجار پەلاماری شێخ لەتیف ئەدا، شێخ لەتیف هەڵدێت. بەو جۆرە بەداخەوە ئەتلێتەوە، تا بەیانی ئەچێ بۆ لای شێخ مەحموو بۆ شکات کردن و هەزار جنێو بە شێخ لەتیف ئەدا. شێخ لەتیفیش ئاگای لێیە، بەڵام خۆی بەرچاو ناخا، شێخ مەحموودیش نازانێ پێبکەنێ یا دڵنەوایی سەی عەلی بکا. ئەمجا لەبەر ئەو ئەفەرمووێ ئا لەتیفم بۆ بانگ کەن. شێخ لەتیف دێنن و دەست ئەکا بە قسە وتن و پێی ئەڵێ هەی ناجسن چۆن دڵی خاڵە سەی عەلی عاجز ئەکەی؟ دە هەستە دەست بکەرە ملی و ئاشتی بکەرەوە. شێخ لەتیفیش بە خاڵە سەی عەلی گیان پەلاماری ئەدا و سەی عەلی خۆی ڕائەپسکێنێ، بەڵام ئەم جۆشی داوە تونگە باوەشی پیا کردووە و ئەیگووشێ، لەوانەیە هەموو پەراسووەکانی ورد بکا. سەی عەلی تووڕەیی زەماوەنی لە تاو ژانی پەراسووی شکاتی لە بیر ئەچێتەوە، ئەڵێ: ناجسن بەرەڵام کە پەراسووم شکا. شێخ لەتیف ئەڵێ: بە سەری ئەو شێخە تا ئاشت نەبیتەوە لەگەڵما بەرەڵات ناکەم. سەی عەلیش لە ترسی شکانی پەراسووی ئەڵێ: ئاشت ئەبمەوە گوو بە چارەی ئەو کەسە لەگەڵ ئێوەدا قسە ئەکا. ئەمجا بەرەڵای ئەکا، زیافەتێکیشی بۆ شیرینی خواردنی ئاشتبوونەوە بۆ ئەکا و شەوی دوایی بە ڕاستی ئەیکەنە پەردەوە.