ساڵێک لە ئەستەمووڵ ئەوا عەبدولحەمید...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  836 مشاهده

ساڵێک لە ئەستەمووڵ ئەوا «عەبدولحەمید» زۆر نییە نیشتۆتە سەر تەختەوە هەمهەمەیەکی گەورە ڕوویدا هەر چی شاری ئەستەمووڵ بوو هەمووی هەستابوو. کۆڵان و جادە نەیئەکێشا. ڕوویان کردە بارگای شاهی و کۆشکی «یولدز» یەکیک لە پێشەوە بانگی ئەکرد «ئەتانەوێ؟» ئەو حەشاماتە هەموو بە جارێ ئەیانوت «نامانەوێ!».

لەو هەرا و زەنایە کۆشکی پادشاهی و وەزیر و پیاوە گەورەکان هەموو شڵەژان، «سەدری ئەعزەم» پێشیان کەوت و بە هەر جۆر بوو خۆیان گەیاندە کۆشکی «یولدز». وەزیری جەنگ فەرمانی دەرکرد کە هێزی سەرباز کۆشکی یولدز و دەوروبەری بارەگای عەبدولحەمید بتەنێ. وا هەمهەمەش هەتا دێت ئەستوورتر ئەبێ، ورەو بارەگای عەبدولحەمید ئەڕۆن و لەسەر یەک لەسەر یەک ئەڵێن: «نامانەوێ!». دیارە ئەم هەمهەمە گەورەیە و ئەم «نامانەوێ»یە هەر ئەوەیە کە یەعنی؛ «عەبدولحەمید» مان ناوێ، بەڵام هێشتا بە تەواوی هەر دەرنەکەوتووە کە ئایا عەبدولحەمیدیان ناوێ یا «سەدری ئەعزەم» یان ناوێ؟ ئەوەندە دەرکەوتووە ئەم هەمهەمەیە لە دژی میری و کۆشکی «یولدز» ە.

کابرایەکی «باوە کۆچەک»ی هەر لە پێش عەبدولحەمیدەوە بە ژیانی پیری لەو تەمەنە پان و درێژەیەدا هیچ فێر نەبووبوو، تەنها عەرەق خواردنەوە نەبێ، هەر چییەکی پەیدا ئەکرد ئەیدا بە عەرەق و ئەیخواردەوە و هیچی تر، ئەم کابرایەش وەکوو گای پیر هەر هاواری ئەکرد؛ «نامەوێ».

دیمەنی ئەو کابرا پیرە بەم جۆرە بەتەواوی ترسێکی خستە بەر سەدری ئەعزەم و وەزیرەکانی کۆشکی یۆلدز چونکە ئەمە ئەوەی ئەگەیاند، کە بە یەک جار میللەت بە گەنج و پیریەوە جووڵانەوەیەکی شۆڕشیان کەوتۆتە سەر، ئەیانەوێ تەختی عەبدولحەمید تێکدەن. سەدری ئەعزەم ویستی قسەیەک لەگەڵ ئەم کابرایەدا بکا بەو ناوەوە کە پیرە و دنیای زۆر دیوە، لە وانەیە ئەم کابرایە بتوانێ بە پەند و قسەی ئاقڵانە بڵاوە بەم هەمهەمەیە بکا. بە هەر جۆر بوو ناردی کابرایان هێنا و کابراش لەوان بەجۆشتر هەر ئەڵێ نامەوێ. لە ئەنجاما سەدری ئەعزەم وتی: «ئاخر کێتان ناوێ؟» کابرا وتی: «ئەو عەرەقفرۆشە باوەحیزە کە دوکانەکەی نزیک منە نامانەوێ، عەرقەکەی هیچ بە کەڵک نایە».

پاشان «سەدری ئەعزەم» بە وەزیری جەنگی وت: فەرمان دەرکە سەرباز بچنە شوێنی خۆیان، هیچ نییە، ئەمانە هەر یەکە لە ئاوازێ لێ ئەدەن. تەنها «نامانەوێ» یەکی پێگرتوون، هەر کەسە بە نیازی خۆی ئەو شتەی خۆی ئەیزانێ ئەوەی ناوێ.