قادر بەگی جافرسان لە تەوێڵە سەردەمێک تۆ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  761 مشاهده

قادر بەگی جافرسان لە تەوێڵە، سەردەمێک تۆزی بێ پارەیی بە سەرا هاتبوو، هەورامیەکانیش تەڵاق زۆر ئەخۆن، هێنابووی فەرمانێکی دەرکردبوو کە هەرکەس تەڵاق بخوا هەر تەڵاقە لیرەیەک جەزایەتی!

قادر بەگ دوو پیاوی هەبوو یەکێکیان «کەیکاوس»ی ناو بوو؛ یەکێکیان «هۆمەری مەولوو» ئەمانە بە شەو حەکایەتیان بۆ قادر بەگ ئەکرد بۆ ئەوە خەوی لێ بکەوێ. ئەمانەش زمانیان فێر ببوو بە تەڵاق خواردن و ناشزانن چیش بکەن. لە پاش دەرکردنی فەرمانەکە یەکەم شەو هۆمەر ملی کەیکاوس ئەگرێ ئەڵێ:

ئیمشەو نۆرە حەکایەتی تۆ بێت. قادر بەگ ڕاکشاوە و کەیکاوس حەکایەت ئەکا کتوپڕ ئەڵێ: دە ملیۆن تەڵاقی ئەم کەیکاوسە کەوتبێ قادر بەگ! ئەم حەکایەتە ڕاستە! قادر بەگ کتوپڕ سەر بەرز ئەکاتەوە و ئەڵێ: کەیکاوس ئانە چیش واتەن؟ کەیکاوسیش ئەڵێ: قادر سان! دە ملیۆنی تر تەڵاقی ئەم کەیکاوسە کەوتبێ دە ملیۆن لیرە لەم وڵاتی هەورامانەدا نییە. قادر بەگ سەیر ئەکا بەمجۆرە بڕوا زۆری ئەوێ. لەوانەیە فەرمانەکەی بشکێنرێ. جارچی ئەخاتە ناو شاری تەوێڵە ئەڵێ: لەو فەرمانەی دەرمکردووە کەیکاوس و هۆمەری مەولووی لێ دەرچێ، ئەوان بەرناکەون!

بەم جۆرە کەیکاوس خۆی و هۆمەر لە دەست قادربەگ ڕزگار ئەکا و ئەمجا بەبێ ترس دەست ئەکەن بە تەڵاق خواردن!