ئەڵێ کابرایەکی گولەکەی بێ فەڕە لەو وڵاتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  724 مشاهده

ئەڵێ کابرایەکی گولەکەی بێ فەڕە لەو وڵاتی «شنۆ»یە بۆی لوا بوو، خۆی کردبوو بە پاشا پیشۆکی ئەو وڵاتە، نە کەس هەبوو قسە لە ڕوویا بکا نە کەس ئەیوێرا پێی بڵێ لای چاوت کلی پێوەیە؛ بە کورتی بکوژ و ببڕ هەر ببوو بە خۆی. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە ئەو خەڵکە وایان ئەزانی ئەمە لە لایەن خواوە هاتووە و هەموو کەس ئەبێ ملی بۆ دانەوێنێ.

ڕۆژێ لە ڕۆژان پیاوێکی «بیتووشی» ئەچێتە ئەوێ بە ناوبانگی ئەم کابرایەوە. تەماشا دەکا ئەم کابرایە کابرا گولەکەی وڵاتی ئەوانە وا لێرە بووە بە قەشەم شا. لێی ئەکا بە هەرا و بە خەڵکەکە ئەڵێ: ئەمە هیچ نییە و لە لای ئێمە شیاکەشی پێ ناڕێژن. ئەمجا دەری ئەکەن و هەر شتێکی دەس کەوتبوو ئەوەشی لێ ئەستێننەوە. بەڵام کابرا کە زانی ئەگەر لەسەری بڕوا خراپتر ئەبێ شڕوشاتاڵی خۆی پێچایەوە و وتی:

تا کە هاتم بوو هەر هات هاتم بوو
ئێستە نەهاتمە قسەی بێتووشی بۆ نەهاتم بوو!