کابرایەکی جاف لەو بناری هۆیەتووە بوو بە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  940 مشاهده

کابرایەکی جاف لەو بناری هۆیەتووە بوو بە میوانی ماڵێک، ماڵەکە دوو سەگی ئێجگار دڕیان هەبوو؛ کابرا لە ترسی سەگەکان پێش نوستن نەیوێرا بچێتە سەر پێشاو. شەو گوو زۆری بۆ هێنا و ناشوێرێ بچێتە دەرەوە، لەوانەبوو بیشیکا بە خۆیا. هیچ چاری نەدۆزییەوە لەوە زیاتر نەبێ کە ماڵەکە مناڵێکیان لە بێشکەدا هەبوو، هەستا بە دزییەوە چوو دەسرازەی مناڵەکەی کردەوە و پڕ گۆزەڵەی مناڵەکەی کرد لە پیسایی.

زۆری پێ نەچوو، بۆن و بەرامە ژوورەکەی پڕ کرد. باوک و دایکی مناڵە خەبەریان بووەوە، لەم بۆنە پیسە زۆر سەرسام مان، کە مناڵەکەیان کردەوە گۆزەڵە ئێقی کردووەتەوە و وتیان ئەم مناڵە تا ئێستا وای نەکردووە، ئەمە ئیشی مناڵ نییە. کابراش لە ژێر جێگەکەیەوە گوێی لە قسەکەیان بوو، هەڵیدایە، وتی: «برا! تا ئێوە سەگی وا دڕتان ببێ، مناڵتان لەوە زۆرتریش پیسایی ئەکا».