پیاوێک هەبوو تا بڵێی ژیر و دانا و بە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 11 دقیقه  1116 مشاهده

پیاوێک هەبوو، تا بڵێی ژیر و دانا و بە ڕا و تەگبیر بوو، سەرەتای ژیانی بە هەژاری و بێ نەوایی تێپەڕاندبوو، ژیرییەکەی خۆی گەیاندی بە پایەیەکی بەرز، بە لای پادشای ئەو شارەوە بوو بە وەزیری دەستەڕاستی و بوو بە یەکە پیاوی ئەو وڵاتە، ئەوەندە هەیە پیاو لە هەموو لایەکەوە بۆی نایە، ئەم پیاوە وای بۆ هاتبووە پێشەوە هەر ژنێکی ئەهێنا زۆری پێ نەئەچوو ژنەکەی ئەبوو بە دۆستی پادشاکە، یا بە کوردیتر بیڵێین پادشا پێی فێر ئەبوو! چار ناچار ئەمیش لەبەر ئەوە ئەمەی پێ هەڵنەئەگیرا ئەوەی تەڵاق ئەدا و ئەچوو یەکێکی کەی ئەهێنا، بەڵام لەبەر ئەوە بەخت چەواشە بوو، یا ژن بێ چارشێو بوو، ئەویش هەر وای لێ ئەهات!

کابرا ئیتر هاتە سەر ئەوەی وتی: یا ئەمەتە ژن ناهێنمەوە یان ئەمەتە ئەبێ بچم بسووڕێمەوە ژنێک پەیدا کەم بان دەستی نەبێ لە ژیری و داناییدا، ئەمەش بۆ ئەوەی بزانم ئایا هەموو ژنێک نزمی و بەرزیی زەمان هەڵی ئەخڵەتێنێ و گاڵتەی پێ ئەکا؟ یاخود ژن هەیە و ژانیش هەیە!

لێی دا ڕۆیشت گەلێ سووڕایەوە نەگەیشت بە مراز. ڕۆژێک ملی ڕێی گرتبوو، دەستی لە قۆڵی گێژاوی فیکر کردبوو، هەنگاو هەنگاو ڕێگەکەی ئەبڕی. کتوپڕ تووشی پیاوێکی پیری کەنەفتی بەساڵاچوو بوو، کە ئەویش وردە وردە خەریک بوو ئەو ڕێگەیەی ئەبڕی، وتی: بەخوا باشە ئەمە بۆ هاودەنگیم پەیدا بوو با لەگەڵی ببم بە هاوڕێ و پێکەوە لەگەڵ ئەو ڕێگەکە ببڕین.

چوو سڵاو و ماندوونەبوونی لێ کرد و لەگەڵی ڕێکەوت بۆ پێکەوە بە ڕێگەدا ڕۆیشتن، زۆر نەڕۆیشتن بە کابرای وت: خاڵە ئەوا ئێمە بە ڕێگەدا ئەڕۆین با پێپلیکانەیەک دروست بکەین! کابرای پیرە لەم قسەیە تووڕە بوو، ئەمیش وتی: خاڵە بۆ تووڕە ئەبی خۆ شتێکی خراپم نەوتووە. وتی: ماڵکاول، شتی خراپی چیت نەوتووە، تۆ شێت بووی یا گاڵتە بە من ئەکەی؟ پێپلیکانەی چی؟ بۆ چی دارتاشم، وەستام، چیم؟ ئەوا ئەگەر دارتاشیش بم لەم دەشتەدا من تەشوێ و هەڕە و دار و تەختەم لە کوێ بوو تا بێنم پێپلیکانە لەگەڵ تۆ دروست بکەم!

ئەمیش ئیتر هیچ دەنگی نەکرد و لێیاندا ڕۆیشتن، لەپاش هەندێک تووشی ڕووبارێک بوون. کابرا دیسان ڕووی کردە خاڵەی پیرە و وتی: خاڵە با لەم سەر ڕووبارە پردێک دروست کەین! خاڵە ئەوەندەی تر شێت بوو، وتی: کابرا بەو سەی ساقە ببێ و نەبێ تۆ شێت بووی، یا هەر ئەتەوێ تیتاڵی بە من بکەی، چ ڕایەت ئەکەوێ؟ بۆچ من گاڵتەچیی تۆم؟! کابرا وتی: خاڵە بۆچ تووڕە ئەبی، خۆ خراپم نەوتووە! وتی: مردووت مرێ، چۆن خراپت نەوتووە. بۆچ من بەننام پردم پێ دروست ئەکەی؟ ئەوا بەنناش بووم، لەم دەشتەدا من بەرد و قسڵ و کەرەستەم لە کوێ بوو بێنم پرد بۆ تۆ دروست کەم! کابرا ئیتر هیچ دەنگی نەکرد.

هەندێکی تر ڕۆیشتن و گەیشتنە قەراخ ئاوایی، تووشی پەڵە گەنمێکی نایاب بوون، کابرای پیرە ڕووی کردە ئەمی تر و وتی: ئەم پەڵە گەنمە هیی منە، چاوت لێیە ماشەڵڵا چۆن هێناویە و چۆن گوڵی پڕ دانی هەیە؟ ئەمیش وتی: بەڵێ پەڵە گەنمێکی بە قەف و پڕ دانە، ئەگەر بە سەوزی نەخورابێ! کابرا ئەم جارە ئیتر وەکوو فیشەکە شێتە چوو بە عاسمانا و هار بوو، وتی: کابرا بریا ملم بشکایە و لەگەڵ تۆ نەبوومایە بە هاوڕێ، خۆ تۆ لەم ڕێگەدا بە قسەی قۆڕ و بێسەروبەر منت تووشی دیق و زیق کرد!

وتی: بۆچ تووڕە ئەبی خۆ خراپم نەوتووە؟ وتی: جانەوەر چۆن خراپت نەوتووە؟ ئەی خراپ چۆنە؟ تو خوا گەنم لەبەر چاوتە قەفی کردووە، دانی گرتووە، وشک بووە و زەرد هەڵگەڕاوە، چاوەڕێی دروێنەیە، کەچی تۆ ئەڵێی ئەگەر بە سەوزی نەخورابێ! ئاخر نازانی ئەگەر بخورایە چۆن ئەما؟ کابرا ئیتر هیچ دەنگی نەکرد، چوونە ئاوایییەکەوە، خاڵەی پیرە چووەوە بۆ ماڵی خۆی و ئەمیش چوو بۆ مزگەوت.

خاڵە پیرە زۆر ماندوو بوو، کە چووەوە ماڵەوە کچێکی تاقانەی هەبوو، هات بە پیریەوە بردی داینا، کچە سەیری کرد باوکی زیاد لە جاران ماندووترە، پرسی: بابە ئیمڕۆ کابرایەکی گێل و گەوجم تووش بوو، بووین بە هاوڕێ، بە قسەی هیچوپووچ من چەندە ماندوو بووم، ئەوەندەی تر بەو قسانە بێ سیحەتی کردم، ئەگەر بڕوا ئەکەی مێشکم لای خۆم نەماوە! وتی: بابە قسەی چی لەگەڵ ئەکردی؟ وتی: چوزانم بۆم ناگێڕدرێتەوە؛ پاش ئەوەی کە هەندێک بە ڕێگەکەدا هاتین پێم ئەڵێ با پەیژە و پێپلیکانە دروست کەین، تۆزێکی تر هاتین گەیشتینە سەر ڕووبارێک کەچی پێم ئەڵێ با پردێک دروست کەین، گەیشتینە قەراخ ئاوایی تووشی گەنمەکەی خۆمان بووین کە وەختی دروێنەی هاتووە، من ئەڵێم گەنمی چاکە، کەچی وا ئەڵێ ئەگەر بە سەوزی نەخورابێ! ئەو گەنم لەبەر چاویەوە زەرد بووە کەچی وا ئەڵێ، یا لەوانی ترا لای وایە من دارتاشم و بەننام، قسەی وام لەگەڵ ئەکا، دەی ئیتر چۆن مێشکم لە سەرا ئەمێنێ؟

کچە وتی: جا باوە خۆ ئەو قسانە هەموو قسەی ژیر و دانایانەیە و تۆ ئەبووایە پێت خۆش بووایە، کەچی ئێستا ئەڵێی مێشکی بردووم؟! خاڵە پیرە وتی: چۆن کچم؟ نابێ ئەقڵی تۆش بووبێ بە ئەقڵی ئەوەوە. کچە وتی: باوە کە پێی وتووی وەرە با پێپلیکانە دروست بکەین، مەبەستی ئەوە بووە وەرە با پێکەوە قسە بکەین و بە قسە ڕێگەکە ببڕین! کە لەسەر ڕووبارەکە پێی وتووی وەرە با پرد دروست کەین، مەبەستی ئەوە بووە، وەرە با پێکەوە قۆڵ بکەین بە قۆڵی یەکا و لە ئاوەکە بدەین، چوونکە ئەگەر دوو کەس بین بەهێزتر ئەبین و ئاوەکە نامانبا! کە لە ڕۆخی گەنمەکەی خۆمان پێی وتووی ئەگەر بە سەوزی نەخورابێ، مەبەستی ئەوە بووە، کە ئەگەر بە سەلەمت نەدابێ و هەر زوو سەرت تیا نەبردبێ! باوە ئەبووا تۆ بە هاوڕێیەتیی پیاوی وا بارە شارت بهاتایەتەوە نەوەک بەو جۆرە خۆتی لێ زیز کەی. ئێستا ئەو کابرایە چی لێ هات و بۆ کوێ چوو؟

خاڵە پیرە کە گوێی لە قسەی کچەکەی بوو، چووە دڵیەوە کە ئەو پیاوە پیاوێکی دانا بووە و ئەم لە خۆڕایی دڵی ڕەنجاندووە، وتی: وەڵڵا کچم چووە مزگەوتەکەوە، وتی: کەواتە هەستە بچۆ بیهێنەرە ماڵەوە و دڵنەوایی بکە! خاڵەی ڕیش سپی هەستا چوو بۆ مزگەوت و پیاوەکەی دییەوە و گەلێ لە خۆی بوردەوە و دڵنەوایی کرد و هێنایەوە بۆ ماڵەوە، لە ڕێگەدا کابرا پێی وت: خاڵە ئاخۆ کێ ئەم قسانەی منی تێگەیاندووی؟ وتی: کەسی خاڵی، ئەوەی ڕاستی بێت کچێکم هەیە ئەویش دەردی تۆ سەری لەم قسە بە توێکڵانە ئەخورێ و گیرم خواردووە بە دەستیەوە. کابرا لە دڵی خۆیا تۆزێ فیکری کردەوە و وتی: تۆ بڵێی ئەوی من بە شوێنیا ئەسووڕێمەوە ئەمە بێ؟!

لێیان دا چوونە ماڵەوە، کچەکە لە ماڵەوە بوو، خۆی داپۆشیبوو، هەندێ گوڵ و گیاش لەناو حەوشەکەدا بوو. کابرا ڕووی کردە خاڵی ڕیش سپی و پێی وت: وا دیارە گوڵی ئەم ماڵە بێ بۆن و تاڵە! خاڵە دیسان لەم قسەیە - وەکوو قسەکانی تر - تووڕە بوو، خێرا کچەکە لەو لاوە سەرپۆشەکەی خۆی لادا و وتی:

گوڵی ئەم ماڵە گوڵەباخی ئاڵە
بە ڕەنگ و بۆیا ئاوی زەڵاڵە!

کابرا کە تەماشای کرد ئەبینێ دوکانچەی جوانی ئەم کچە لەگەڵ باخچەی هۆش و بیرەکەیدا وەکوو دوو تاکی تەرازووی زێڕینی ئاڵتوونکێش وایە کە هیچیان بەسەر هیچیانا نییە و موو لە موو جیا ئەکەنەوە! نازانێ پابەندی بازاڕی جوانیی بێ، یا گیرۆدەی ژیریی بێ؟ ئەو شەوە مایەوە و بەیانی خوازبێنی کچەکەی لە باوکی کچە کرد، چارەنووسی ئاسمانی لە ئاوێنەی زیندەکانی ئەو دووانەدا بە قەڵەمی نهێنی و بە مەرکەبی خۆشبەختی و بە نگینی سولەیمانی کاڵای یەک بڕین! خورشیدی خەرامان بوو بە هاوسەری پەلک سەوزی داستان، خەرمانی ژیری و دانایی بوو بە هاوڕازی نوکتەبێژی دەریای زانایی!

کابرا پەلی کچەی گرت و هێنایەوە بۆ وڵاتی خۆی و لە سەرا و کۆشکی خۆیا داینا، ئینجا دەرگای ڕازی نهێنیی خۆی بۆ کچە کردەوە، کە چۆن تا ئێستا هەر ژنێکی هێناوە پادشای ئەو شارە دەستی خیانەتی لەگەڵ کردۆتەوە و چۆن ئەو ژیانە ناچاری کردووە کە ئیتر واز لە ژیانی ژن و مێردایەتی بێنێ و چۆڵ و بیابان بگرێتە بەر بۆ ژنێک کە نە لا لە عەنعەناتی دنیا بکاتەوە، نە دەستی ستەمکاران بتوانێ بیشەکێنێتەوە، تا تووشی بوو بە تووشی ئەمەوە.

لەپاش ماوەیەکی کەم، پادشا بیستی کە ئەم پیاوە ژنێکی تری هێناوە، ژنێکی وا کە نە پەری ئەیگاتێ، نە ئادەمی! پادشا کەوتەوە سەر هەوەسڕانییەکەی جارانی! ناردی بە شوێن کابرادا و بانگی کرد، لەپاش قسەوباسێکی زۆر بە چەپەری ناردی بۆ وڵاتێکی دوور! کابراش خۆی ئەزانێ چ باسە! هاتەوە بۆ ماڵەوە و کەینوبەینی لە ژنەکەی گەیاند، ژنە وتی: بچۆ بە شوێن ئیشی خۆتەوە و بە بێوەی دێیتەوە. کابرا لێی دا ڕۆیشت و پادشا کەوتە شەوێ پاش نوێژی خەوتنان، وەڵامی نارد بۆ ماڵی کابرا کە بە مێوانی دێت بۆ ئەوێ! ژنە کە بیستی پادشا ئەبێ بە میوانیان هەستا ماڵی ڕێک خست و خۆی لە دنیای جوانیدا زۆر جوان بوو، سەرەڕای ئەوە، هێنای ئەوەندەی تر خۆی جوان کرد و خۆی کرد بە پەیکەرێک گەلێ لە خەرامانی چین جوانتر!

زۆری پێ نەچوو پادشا هات و بە دەستووری شەونشینی نەوەک بە دەستووری پادشاهی، چوو دانیشت، کە چاوی بە ژنە کەوت، پڕشەی کارەبای ژنە خستیە عالەمێکی ترەوە! ئارامی لێ هەڵگیرا و کەوتە دەستدرێژی و نامەردی، ژنەش هیچ خۆی تێک نەدا و بە عیشوەیەکەوە ئەیوت: بێنەوایەک کە ببێ بە بەشی پادشایەک ئەمە ئەوپەڕی خۆشبەختییە بۆ ئەو بێنەوایە، چ پەلەیەکتە ئیمشەو، نەوەک هەر ئیمشەو بگرە هەموو شەو بە دڵی خۆت میوە لە باخی جوانیم ئەچنیت، ئێستا نانم بۆ دروست کردووی، پێکەوە نان ئەخۆین و پاش ئەوە ئەکەوینە سەر سەرینی بەزم و سەفا!

ژنە هەر لەپێشەوە چەند هێلکەیەکی کوڵاندبوو، هەر هێلکەیەکی بە ڕەنگێ ڕەنگ کردبوو، یەکێ سوور و یەکێ شین و یەکێ زەرد و هەریەکە بە جۆرێ، هێلکەکانی نایە ناو سینییەک و سەرپۆشێکی دا بە سەریا و لەگەڵ نانا داینا بۆ پادشا و خۆیشی لەو لاوە دانیشت، پادشا سەرپۆشی لادا و هێلکەی ڕەنگاوڕەنگ دەرکەوت، هێلکەش پاک نەکرابوو، ژنە دەستی برد یەکێ لە هێلکەکانی بۆ پاک کرد و لەبەر دەستیا داینا و وتی: فەرموو. پادشا ئەوەی خوارد و ئینجا دانەیەکی تری بۆ پاک کرد و بۆی دانا، بەو جۆرە چەند هێلکە هەبوو هەمووی بۆ پاک کرد و بۆی دانا و پادشا لە هێلکەی سەوز و سوور توند بوو! پاش تێر بوون کەوتەوە گڕوگاڵ، ئینجا ژنە وتی: پادشاهم ئێستا تۆ چیت خوارد؟ وتی: دیارە هێلکە. وتی: ئەم هێلکانە لە دیوی دەرەوە هەریەکە ڕەنگێکیان هەبوو، ئایا لەناوەوە هیچ جیاوازییەک هەبوو لەبەینیانا؟ وتی: نە، هەمووی هێلکە و یەک تام و لەززەتی هەبوو.

وتی: پادشاهم، ژنیش هەمووی هەر وایە، با لە ڕواڵەتا زەرق و برقێک لەبەینیانا ببێ، لە ئەسڵی ژنێتیدا هەموو هەر یەکن، ئەمە و دیسان تۆ پادشایت، پادشا بۆ میللەت وەکوو باوک وایە، ئایا باوک دەست بۆ نامووسی کچ و کوڕی خۆی درێژ ئەکا؟ ئەم مێردەی من کوڕێکی جگەرسۆزی تۆیە، چاوت لێیە چۆن بە دەم هەموو ئیش و کارێکەوە بەسەر ئەڕوا نەوەک بە پێ، ئێستا چۆن تۆ ویژدانت ئەوە هەڵئەگرێ کە دەستی دزی و خیانەت بۆ ماڵی ئەو درێژ بکەی؟! پادشا کە ئەم قسانەی بیست وەکوو جامێ ئاوی سارد بکەن بە سەریا بەو جۆرەی لێ هات، لە شوێنەکەی خۆی ڕاست بۆوە، وتی: کچم لەسەر دەستی تۆدا ئەوا مەرجم کرد تا ماوم باوکێکی میهرەبان بم بۆ هەموو کەس. لێیدا ڕۆیشت.

پاش ماوەیەک مێردی ژنە هاتەوە، بەڵام لە کردەوەی پێشینی پادشا ئەم جارەش هەر وا ئەچووە دڵییەوە! هاتەوە بۆ ماڵەوە و هەستی کرد کە پادشا هاتووە بۆ ئەوێ. سەری خستە سەر ژنەکەی و ژنەش چی ڕووی دابوو هەمووی بۆ گێڕایەوە، ئیتر لەپاش ئەوە بەهۆی ژیریی ئەم ژنەوە هەم مێردەکە کەوتە دنیایەکی ترەوە، هەم پادشایش کەوتە عالەمێکی ترەوە!