محەممەد عەبدولواحید بۆی گێڕامەوە وتی ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 9 دقیقه  908 مشاهده

محەممەد عەبدولواحید، بۆی گێڕامەوە وتی:

لە گوندی لهێبان لەو دەشتی دزەییە دنیا شەو بوو، خێوەتێکمان هەڵدابوو، دانیشتبووین. پاش نوێژی خەوتنان بوو پیاوێک هەبوو سمایلە «گۆج»یان پێ ئەوت، لە لامان دانیشتبوو، قسەی خۆش بوو و سەرگوزەشتەی کۆنی بۆ ئەگێڕاینەوە. بە دەم قسەوە کەوتینە وەختی خێڵ خەوتنان، کتوپڕ کوڕێکی مێرمنداڵ هاتە ژوورەوە و دانیشت و سمایل پێی وت: ئەوە لە کوێ بووی تا ئێستا؟ کورەش هیچ سێ و دووی نەکرد و وتی: وەڵڵا خاڵە سمایل هەنووکە لای ژنێک بووم کە لەگەڵ مێردەکەی خۆیا ڕاکشابوو، منیش چوومە پاڵی!

محەممەد وتی: هەر ئەوەندەم زانی سمایل دەستێکی هەڵهێنایەوە و شەپازللەیەکی دا بە ناوچەوانی کوڕەکەدا! شەپازللەیەکی وا کە ئاگر لە چاوی برووسکەی سەند. وتی: هەتیم ئەمە قسەیە تۆ دەیکەی؟!

محەممەد وتی: منیش وتم خاڵە سمایل بۆچ لێی ئەدەی؟ کەی قسەی منداڵ بایەخی هەیە؟ سمایلیش وتی: ئەفەندی دەسا من قسەیەکت لۆ دەگێڕمەوە، ئەو وەختە دەزانی کە لە ژنا چ پارەوانێک هەیە؟! ئینجا دەستی کرد بە گێڕانەوە و وتی: ئەفەندی، ئا ئەم سمایلە گۆجە کە لە بەردەمتا کەوتووە و پیر و کەنەفت بووە، لە وەختی خۆیا کە ناوی سمایلە گۆجیان بهێنایە منداڵ لە بێشکەدا ژیر ئەبووەوە!

دزێک بووم منداڵم لەبەر مەمکی دایکی ئەدزی و خۆی بە خۆی نەئەزانی! لە هەموو ئەم وڵاتانەدا هەر ناو ناوی «سمایلە گوج» بوو! ساڵێ لەم دەشتی دزەیییەدا نەهاتی و قاتوقڕی بوو. کاول بێ دەشتی دزەیی، ساڵێ کە بارانی نەبوو ئیتر خەڵکەکە هەموو ئەبێ بکەونە دەرۆزەکردن. سێ ساڵ باران نەبوو جا ئەفەندی بزانە ئەبێ کوو بووبێ؟! ئەو ساڵە بەهارێکی زۆر زوو بوو، هەرچەندە هەر لە زستانەوە باران چاکی هێنابوو، بەڵام لەبەر زوویی هیچ پێنەگەیشتبوو. دەرامەتی منیش هەر دزی بوو. دزییەکەش دەست نەئەکەوت، زۆر شڕ ببووم، ناچار زەلامێکم هەڵگرت و لێم دا ڕۆیشتم. ڕێگەی ئەو کوێستانەمان گرتەبەر، لە تفەنگ و فیشەکیشا زۆر بە تەدارەک بووم، چەند ڕۆژێک هەر ڕۆیشتین تا گەیشتینە ئەو کوێستانەی سەرەوە، پێی ناوێ، ڕەوەیەکی سی چل سەری لە وڵاغی بەرزەمان هێنا و بەلا ڕێگەدا گەڕاینەوە دواوە ڕووەو ماڵ، بە شەو ئەهاتین و بە ڕۆژ لە شیو و کەندەڵانی دوور لە ئاوەدانیدا ستارمان ئەگرت.

شەو بوو، هیچمان نەخواردبوو، بەتەواوی پەکمان کەوت، شەوێک وا بە لارەلار من لەپێش وڵاغەکانەوە بووم ئەهاتین، لە دوورەوە و لە لاپاڵی کێوەکەوە تارماییی ڕەشماڵێکم بەدی کرد. بە هەتیوەکەی هاوڕێم وت: تۆ بەر لە وڵاغەکان بگرە من وا ئەچم بۆ ئەو ڕەشماڵە بەڵکوو نانێ، شتێکم دەست کەوێ بیهێنم. ئەمەم بەو وت و تفەنگەکەشم فیشەکی تێدا بوو لە ملم کردەوە و گرتمە دەستمەوە و بەبێ هەست لێم دا ڕۆیشتم.

وا دنیا زۆر تاریکە، بەرچاوی خۆم نابینم، وەختی وەها بوو تەپوکوت ئەکەوتمە کەندەڵانەوە و هەڵئەستامەوە. چووم هەتا نزیکی ڕەشماڵەکە بوومەوە، وەستام، گوێم هەڵخست سەیر ئەکەم نە دەنگێ، نە خشەیەک، هیچ نییە، دنیا کشومات. زۆر بەبێ چرپە خۆمم گەیاندە ڕەشماڵەکە، تەماشام کرد دەوارێکی زۆر گەورەیە، هەناسەی لێوە نایە، سەگ نییە، پشیلە نییە، چەند ڕەشەوڵاخێک لە دەری دەوارەکەیە و هیچی تر. زۆر بە وەستایانەوە بەبێ هەست، جارێک بە دەورەی دەوارەکەدا سووڕامەوە و بەدەست دەستم ئەخشان لە دەوارەکە، هەناسەی گیانلەبەرم شک نەبرد لە ناویا. جارێکی کەش گەڕام بە دەوریا و دەرگاکەیم دۆزیەوە. بۆ جاری سێهەم بەبێ خشە لە دەرگاکەوە چوومە ژوورەوە!

ئۆهـ، ئەفەندی! هەر ئەوەندەم ئاگا لێ بوو پێم خستە ژوورەوە، ئیتر بە تەوقەسەرا کەوتم و تاوێرێک لەسەر کەوتە سەر سەرم، یەکێک بوو! تەنها ئەوەم بە خۆمەوە دی زرنگەیەک لە سەرمەوە هات و هەردوو پەلم لە دواوە وەکوو بە دوو گوریس بەسترابێتەوە وا بوو، نە زانیم تفەنگ چی لێ هات، نە زانیم خەنجەر چی بەسەر هات! دەنگێکم هاتە بەر گوێ وتێ: هەی ناپیاو ئەوە بەتەمای چیت!

ئاگردانێک لەناو دەوارەکەدا بوو، ئاگرێکی کزی تیا بوو، من لە دەرەوە هەستم پێ نەکرد، دوو سێ سەرە بزوتی بەسەرەوە بوو، دەستێک بۆی کێشرا سەرە بزوتەکانی خۆش کرد و ئاگرەکە کڵپەی سەند. تەماشام کرد ئەمە ئافرەتێکە وا بە سەرمەوە. بەم جۆرە پەلوپۆی بڕیوم! بەڵام ئافرەتی چی؟ هەتا دەست هەڵبڕی کەڵەگەت، بە دیمەن، هەر باسکێکی ئەڵێی توکمەی داڕژراوە، ڕوومەتێکی پان، چاو و برۆیەکی گەش، جووتێ گۆنای خڕی سوور، جلێکی ئاڵواڵای جوانی لەبەرا بوو، ئەفەندی بڕوام پێبکە تا ئەو ڕۆژە و لەو ڕۆژەشەوە تا ئیمڕۆ ئافرەتی وا جوان و نازدارم نەدیوە، تەمەنی لە دەوری حەڤدە و هەژدەدا ئەبوو، تفەنگێکی کورتی خستبووە ژێر باڵی، پەنجەی بەسەر پێکەیەوە بوو ڕێزێکیش فیشەک لە پشتیا بوو! بەم جۆرە لەسەر سنگم دانیشت و دیسان وتی: هەی ناپیاو ئەوە بە تەمای چیت؟! منیش وتم: خوشکم خوا ئەیزانی بە تەمای هیچ نیم و ڕێبوارم و ڕێم لێ تێک چووە و ئەم ڕەشماڵەم بەدی کرد و هاتوومەتە ئێرە!

وتی: تۆ ڕێبواری یا پیاوخراپی؟! بۆ چی من ئاگام لێ نییە کە تۆ چۆن هاتیت چۆن بە دەورەی دەوارەکەدا سێ جار سووڕایتەوە و پاشان بەبێ چرپە هاتیە ژوورەوە؟ ئەمە هیی پیاوی ڕێبوارە یا هیی پیاوی خراپ؟! لەم بەینەدا سەیرم کرد تفەنگ و خەنجەرەکەم وا لەو لاوە کەوتوون، منیش هیچم پێ ناکرێ، تەنها پاڕانەوە و ئەوە نەبێ کە ڕێبوارم و لە برسا هاتووم. بەهەر جۆر بوو ژنەکە لەسەر سنگم هەستا و لەو لاوە تفەنگ و خەنجەرەکەی منی هەڵگرت و بردی لە سەرووی دەوارەکەوە داینا و هەر ئەشیوت: ڕاستە تۆ ڕێبواری؟ هەر عافەرم پیاوی ڕێبوار!

ئینجا ڕووی تێکردم و وتی: لەو شوێنە کە لێی دانیشتووی دانیشە، هەر ببزویتەوە ئەتکوژم. کە ئەو ئەمەی وت، خۆ من هیچم پێ نەماوە، تەنها بەڵێ نەبێ. ئەم جارە هێنای تفەنگەکەی خۆی لەژێر بنەنگەڵی دەرهێنا و گرتی بە دەستێکیەوە. هەستا چوو لەو لاوە تاوەیەکی هێنا خستییە سەر ئاگرەکە و ڕۆنیشی هێنا خستیە ناوی، چوو لەسەر هۆڕێک پێنج شەش هێلکەی هێنا شکاندیە ناو ڕۆنەکەوە و دروستی کرد. چوو هەر بە دەستە خاڵییەکەی دەستەبەرەیەک نانی هێنا، لەبەر دەمما داینا و تاوە هێلکەوڕۆنەکەی هێنایە لامەوە، چوو کاسەیە دۆیشی هێنا و وتی: دە بخۆ! خۆیشی لەو لای ئاگرەکەوە دانیشت و بە عاستەم لوولەی تفەنگەکەی تێکردم، دەستیشی هەر لەسەر پەلەپیتکەیەتی! من بە جارێ شپرزەی ئەوە ببووم کە نەوەک دەستی بترازێ و بمکوژێ. لەمە زۆر ئەترسام. ژنە هەستی بەمە کردبوو، پێی وتم: مەترسە نانی خۆت بە ڕەحەتی بخۆ.

زۆرم برسی بوو، دەستم کرد بە خواردن تا تەواو تێرم خوارد. لەم ماوەیەشدا هەرچەندە سەیر ئەکەم لەم ژنە زیاتر کەسێکی تر لەم دەوروبەرەدا نییە، نە ژن و نە پیاو، نە منداڵێک، هەر هیچ. نانەکەم خوارد، بەتەواوی تێرم خوارد. هات تاوەکەی هەڵگرت و بردی خستیەوە سەر ئاگرەکە، دیسان چوو ڕۆنێکی زۆری هێنا خستیەوە ناوی، ئەنجا چوو بە قیاسی پانزە شانزە هێلکەی تری هێنا و شکاندیە ناوی، چوو دەستەبەرەیەکی زل نانی هێنا، تاوەکەی قڵپەوە کردەوە ناو نانەکان و پێچایەوە و هێنایە بەردەستم و وتی: دە هەستە بڕۆ ئەمەش بەرە بۆ هاوڕێکانت! وتم: هاوڕێی چی من هەر خۆمم. وتی: هەستە، هەستە، پیاوی بێ هاوڕێ بەم شەوە و لەم وەختەدا ڕێی ناکەوێتە ئەم شوێنە، هەستە درێژەی مەدەرێ، تۆ ڕێبوار نیت! پیاو خراپیت و هاوڕێشت هەیە، بڕۆ خوات لەگەڵ!

وتم: ئەی تفەنگ و خەنجەرەکەم؟ سەیرێکی کردم و وتی: تفەنگ و خەنجەرەکەشت ئەوێتەوە پیاوە ڕێبواڕەکە. چوو لەو لاوە تفەنگەکەمی هەڵگرت، فیشەکی لێ دەرهێنا و بۆی هێنام. لەبەر دەستی دانام، وتی: بیکەرە ملت! تفەنگم کردە ملم و چوو خەنجەرەکەشی هەڵگرت، لە دوورەوە بۆی فڕێدام، وتی: ئەوەش خەنجەرەکەت دە هەستە خوات لەگەڵ. ئەمجا بەتەواوی لوولەی تفەنگەکەی خۆی تێکردم و وتی: خەیاڵ نەکەی هەر دەست ببزوێنیتەوە تەنها تاقە فیشەکێکت بۆ ئەنێرم.

منیش بەهێواشی خەنجەرەکەم هەڵگرت و کردم بە بەر پشتێنەکەما و نۆردووە نانەکەم هەڵگرت و هەڵسام، ڕووم تێکرد و وتم: شێرەژن، بەو خوایەی بان سەرە سوێندت ئەدەم، تۆ چیت لێرە و چ کەسیت و من هەرچەندە لەم بەینەدا سەیرم کرد، لە تۆ بەولاوە کەسی ترم لەم چۆڵ و بیابانەدا نەدی. ئەوا من ئەڕۆم، بەڵام تێم بگەیەنە. وتی: هەستە بڕۆ ئەوە ئیتر ئیشی تۆ نییە. وتم: دەسا شەرت بێ یا ئەمەتە ئەمکوژی یا ئەمەتە پێم ئەڵێی! زەردەخەنەیەک گرتی و وتی: زۆر حەز ئەکەی بیزانی؟ من ژنی کوڕێکی ئامۆزای خۆمم، مانگێک ئەبێ مێردم پێکردووە، لەو وەختەوەی مێردم پێکردووە بە تاقە ماڵە هاتووین لێرە دانیشتووین، تەنها هەردووکمانین، سێ چوار ڕۆژ لەمەو پێشتر مایینێکمان لە گوند دز بردوویەتی، ئەو هەستا چوو بە شوێن مایینەکەدا و من تەنها خۆم لێرەدا بەدیار ئەم مەڕ و ماڵاتەوە ماومەتەوە، ئەمەیە سەمەرەی من! منیش وتم: ژنەکە! من هەر شتێک هەم، هەم، بەڵام ئەوە بزانە بەلای خۆمەوە پیاوێکی ئازا و ناودار بووم، ئەوی تۆ بە منت کرد و ئەوی من لە تۆوە دیم، تا ئیستا نە کەس پێی کردووم و نە لە کەسم دیوە.

هەستام و ئیتر بەڕێ کەوتم، ئەویش دوور و نزیک لوولەی تفەنگەکەی ڕاست تێکردبووم. هەتا لە چاو ون بووم. ئەوەندەم ئەزانی هەر دەستم ببردایە بۆ تفەنگەکەم، بەبێ هێڵ و گفت ئەیکوشتم.

جا ئەفەندی هەنوکە ئەم هەتیمە دەرێ من شتی وام کردییە! چما هەموو ژنێک وەکوو یەک وایە؟ ژنی واش هەیە و ژنی واش هەیە، ئەوی من لەو حورمەیە چاوم پێکەوت، هەنووکەش هەر موچڕکە بە لەشما دێتە خوارێ.