لەم ساڵانەدا لە بناری کۆیە کابرایەک هەڵ...
لەم ساڵانەدا لە بناری کۆیە، کابرایەک هەڵکەوتبوو «خورشە کوێر»یان پێ ئەوت، خورشە لە پیاوخراپیدا وەکوو گورگی هاری لێ هاتبوو، بە جۆرێ ناوی دەرکردبوو، منداڵی ناو بێشکەیان بە ناوی ئەو ئەترساند و ژیر ئەبۆوە. خورشە «چەتە» بوو، دەستەیەکی پێکەوە نابوو ڕاووڕووت و پیاوخراپییان ئەکرد، وڵاتی کۆیەیان هێنابووە زەلالەت. کاروانیان ڕووت ئەکردەوە، پیاویان ئەکوشت سەرەڕای ئەمەش لە شوێنێکا ئەگەر تووشی ئافرەتێک ببوونایە ئافرەت ئەگەر پەلی بە پەلی پێغەمبەرەوە بووایە خورشە ئەبووایە لاقەی بکردایە! ئیشی خورشە وای لێ هات حوکمەتیش لە دایەخی دەرنەئەهات، ناچار حوکمەت فەرمانێکی دەرکردبوو کە هەرکەس خورشە بە زیندوویێتی با بە مردوویێتی بهێنێ، پێنج سەد ڕووپیەی ئەو دەورە بەخشیشی ئەدرێتێ، بەڵام خورشە دەست کێ ئەکەوت و کێ ئەیوێرا شان بدا لە شانی؟!
لە دێی «شەوگێڕ» هەر لە بناری کۆیە، کچێک هەبوو «فاتە»ی ناو بوو، ئەم کچە بە «فاتە قۆڕیتان» بەناوبانگ بوو، فاتە کەسی نەبوو، تەنها برایەک نەبێ، براکەی بە ڕۆژ ئەچوو بەلای کاسبی لادێیییەوە و فاتەش بناوانییەکەی ئەکرد، بۆ خۆیان کولانەیەکیان پێکەوە نابوو، بە ژیانێکی خۆش و سەربەرزی و داوێنپاکی پێکەوە ئەژیان!
بەڵام فاتە گوڵێک بوو لە گوڵی جوانی کە خوا لە گوڵستانی وڵاتی کۆیەدا بە تاقانە دروستی کردبوو، کەڵەگەتێکی باڵابەرز، ڕوومەتێکی پان و سوور و سپی، دوو چاوی گەورەی ڕەشکاری برژانگدرێژ، لووتێکی باریک بە بەینی دوو گۆنا سوورەکەیا هاتبووە خوارەوە. باسی گۆنایان بە سێوی سەردەشت ئەکرد!
مەمکی تازە سێبەری کردبوو! دوو باسکەکەی سەری لە پیاو تێک دابوو، لە لایەکی ئەتبینی دوو باسکی زێوینە و بە فاتەوەیە، کەچی لە لایەکی ترەوە ئەتبینی دوو باسکی مەردانەی پاڵەوانییە بە فاتەوەیە!
شەوێک لەپێش مەلابانگدانا کاکی فاتە خەبەر ئەکاتەوە بۆ ئەوەی هەستێ، هەر سەر لە ئێوارە هەویری کردووە بیکا بە نان و لەگەڵ خۆی بەرێ و بچێ بۆ سەر ئیش. دنیا تاریک بوو فاتە کە هەڵئەستێ سەیر ئەکا داریان نییە نانەکەی پێ بکا. ئەچێتە دەرەوە بۆ بناری ئاوایی باوەشە دارێک بێنێ خێرا نانەکەی پێ بکا و فریای کاکی بکەوێ!
لەبەرئەوە دنیا تاریک بوو لە نزیکی ئاوایی داری بەرچاو نەکەوت و تۆزێ دوور کەوتەوە، باوەشەداری کرد و لەو کاتەدا ئەیەوێ بگەڕێتەوە خورشە بە خۆی و پیاوەکانیەوە لەسەر سەریەوە پەیدا ئەبن! لەو دەشتەدا و لەو تاریک و لێڵەدا فاتە دەنگی بە خوادا نەبێ بە کەس ناگا. خورشە دەورەی فاتە ئەدا و تەنگی پێ هەڵئەچنێ، فاتە ئەپاڕێتەوە هیچ کەڵک ناگرێ، کەوش و پێڵاوی خورشە ماچ ئەکا، هیچ کەڵک ناگرێ. ئەڵێ: خورشە ئەوا وام لەبەر دەستتا بمکوژە و ئیشی وام لەگەڵ مەکە و نامووسی خۆم و برام مەشکێنە. هیچ کەڵک ناگرێ! لە فاتە گریان و پاڕانەوە و لە خورشە دڵڕەقی و دڵپیسی. بەکورتی خورشە لاقەی فاتە ئەکا و پەردەی کچێنی لەو دەشتەدا و لەو تاریک و لێڵەدا هەڵئەگرێ و بەجێی دێڵن.
ئەوا دنیاش بەرە بەرە ڕوون بۆوە، فاتە دەستێکی ئەکەوێتە ئەم لا و دەستێکی ئەکەوێتە ئەو لا، نازانێ چ بکا، ئەگەر ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و کارەسات بۆ برای ئەگێڕێتەوە، قوڕئانی کەعبە بکاتە ملی، برا بڕوای پێ ناکا و ئەیکوژێ، ئەی ناگەڕێتەوە ڕوو بکاتە کوێ و بۆ کوێ بچێ؟! لەم دەریای فیکرەدا ئەمێنێ و دنیاش تا بێت ڕوونتر ئەبێتەوە، چارناچار ئاخر فیکری خۆی دێنێتەوە سەر ئەوە کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و دەنگ نەکا تا بزانێ پاشەڕۆژ بە چی ئەگا.
باوەشە داری خۆی هەڵئەگرێ و دێتەوە، نان بۆ کاکی دروست ئەکا و برا ئەچێ بۆ سەر ئیشی خۆی، ئەمیش ئەو ڕۆژە تا ئێوارێ پەژارە دایئەگرێ و نازانێ چی بکا؟ لە ئاخرا فیکری دێتە سەر ئەوەی کە بە شەو بۆی دەرچێ و بچێ بە شوێن خورشەدا بگەڕێ بەڵکوو لە شوێنێک تووشی ببێ و تۆڵەی خۆی لێ بکاتەوە و نامووسی خۆی و برای وەربگرێتەوە. خورشەش ئیتر ئەوە عادەتی بوو کە ئێوارەی لێ ئەهات نزیکی ئاوەدانی ئەکەوتەوە و بە ڕۆژ لەگەڵ هاوڕێکانیا لەو شاخ و چیایانە خۆیان ئەشاردەوە، لە هەلێکا ڕاووڕووت و پیاوکوژەییەکیان ئەکرد و دیسان خۆیان ون ئەکردەوە.
فاتە، ئێوارە کە برای لە کەژ دێتەوە نانی بۆ دروست ئەکا، نان ئەخۆن و ئەنوون. برا هیلاکی ڕۆژە، زوو خەوی لێ ئەکەوێ. فاتە کە دڵنیا بوو وا برای خەوی لێ کەوتووە بەهێواشییەک لەناو جێگەکەی دێتە دەرەوە، تفەنگ و فیشەکدانی برای وا هەڵواسراوە، فیشەکدان لە پشت ئەبەستێ و تفەنگ ئەکاتە شانی و لە ماڵ دەرئەچێ و ڕوو ئەکاتە ئەو دەشتە. لەم شیو بۆ ئەو شیو، لەم کێو بۆ ئەو کێو، تا بەری بەیان ئەسووڕێتەوە و تووشی هیچ نابێ، کە ئەزانێ وا ئیتر دەمەدەمەی بەیانە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە. تفەنگ و فیشەکدان ئەکاتەوە بە دارا و خۆی ئەکاتەوە بە ژێر جێگەکەیەوە.
فاتە بەم جۆرە دەست ئەکا بە شەو دەرچوون و بە شوێن خورشەدا گەڕان، تا نزیکەی دە پانزە شەو، بۆ نەگبەتی ئەو تووشی هیچ نابێ و نیشانێکی لە خورشەوە دەست ناکەوێ، بەڵام هەر واز ناهێنێ و ئەو ڕێگەی دەرچوونە کە گرتوویەتی بە شەو هەر ئەیگرێ.
شەوێک فاتە لەسەر ڕێ و شوێنی خۆی ئەڕوا، کوڕەی برای لە نیوەشەوا کتوپڕ خەبەری ئەبێتەوە، بانگی فاتە ئەکا کە ئاوی بۆ بێنێ! تەماشا ئەکا دەنگ نییە، فاتە، فاتە، هیچ دەنگ نییە. ئەڵێ: ئافرەتە و چۆتە سەر پێشاو ئێستا دێتەوە، فاتە هەر نەهاتەوە، کوڕە دڵی کەوتە چەکەرەکردن و هەستا چووە دەرەوە و دەستی کرد بە گەڕان، سەیر ئەکا فاتە لە هیچ شوێنێ نییە! هەر بەتەواوی کەوتە گۆمی پەژارەوە، کە هاتەوە ژوورەوە سەیری کرد تفەنگ و فیشەکدانەکەشی دیار نییە! ئیتر بەتەواوی سەری لێ تێک چوو، زانی فاتە بردوویەتی و نازانێ چ باسیشە!
لەم گێژاوی خەیاڵەدا بوو، کتوپڕ گوێی لە خشەیەکی بەهێمنی دەرگاکە بوو! گورج خۆی کرد بە ژێر جێگەکەیەوە و خەوی لە خۆی خست. کە سەیری کرد وا فاتە بەبێ دەنگ و سەنگ و زۆر بەنەرمی هاتەوە ژوورەوە، تفەنگ و فیشەکی وەکوو خۆی دانایەوە و خۆی کرد بە ژێر نوێنەکەوە!
کوڕە لەم کارەساتە ئارامی لێ هەڵگیرا و هات دەنگ بکا، پاشان وتی: ئەم ئیشە ئیشی تاقە شەوێک نییە، چاک وایە دەنگ نەکەم، سبەی شەوێ هەستم شوێنی کەوم بزانم مەسەلە چییە؟! ئەو شەوە ڕۆژیان کردەوە و بەیانی کوڕە هەستا چوو بۆ سەر ئیش و کاری خۆی و ئێوارە گەڕایەوە و نووستن، بەڵام کوڕە هەر ئەوە بوو خۆی کردە نووستوو ئەگینا نەنووستبوو.
شەوێ لە نیوەشەوا فاتە وەکوو جاران کە زانی برای خەوی لێکەوتووە، هەڵسا تفەنگ و فیشەکی هەڵگرت و چووە دەرەوە، کوڕی برایشی لەپاش تۆزێک ئەمیش هەستا و دوور و نزیک زۆر بەبێ هەستی شوێنی کەوت. سەیر ئەکا فاتە لەم کێو بۆ ئەو کێو، لەم دۆڵ بۆ ئەو دۆڵ فیشەکی خستۆتە بەر لوولەی تفەنگ و بە دەستیەوەیە و ئەگەڕێ! لەپاش گەڕانێکی زۆر، کوڕە ئیتر ئارامی لێ بڕا و چوو لێی ئاشکرا کرد و وتی: فاتە چییە و چ کارەساتێکە؟ شێت بووم تێم بگەیەنە!
فاتە کە لەو دەشتەدا و لەو ناکاوەدا برای خۆی لەبەر دەمیا چاو پێکەوت، تەزوویێک هات هەموو لەشی تەنیەوە و وشک ڕاوەستا! لەپاش ئەوە کە تاوێکی کشوماتی پەردەی کێشا بە سەریانا، فاتە لە خەوی سەرسامی خەبەری بۆوە و هۆشێکی هاتەوە بە خۆیا، وتی: کاکە دانیشە، لەم تۆی تاریکیی شەوەدا و لەم دەشتی دوور لە ئاوەدانییەدا کە تەنها خوا و تاپۆی سامناکی تاریکیی شەو نەبێ، هیچی تر دیار نییە، دانیشە تا لە کارەساتی ڕۆژگار و لە چەواشەییی بەختی بەدکردارمت تێبگەیەنم!
برا دانیشت و خوشک لە بەردەمیا، ئەوەی بە سەری هاتبوو لەو شەوە و کە هەستا نان بکا بۆ برای و داریان نەبوو لەپێش بەیانا ڕووی کردە دەشت بۆ دار و خورشە کوێر و هاوڕێکانی تووشی بوون و خورشە بە دەستی ستەمکاری - هەرچەندە ئەم لێی پاڕایەوە کەڵکی نەبوو - پەردەی کچێنی هەڵگرت و ئەمەش چەند شەوە بەم جۆرە کە ئێستا ئەو ئەیبینێ، عەوداڵی شوێنی خورشەیە کە بەڵکوو تۆڵەی خۆی لێ بکاتەوە، تا ئێستا بەم جۆرە تووشی بوو بە برا سەرسام و چۆلگەردەکەیەوە بە شوێنیا! ئەمانەی هەموو بۆ گێڕایەوە.
فاتە ئەم قسانەی کرد و دەستی برد تفەنگ و فیشەکدانی لە ملی داماڵی و لە بەردەمی کاکیا داینا و وتی: ئێستاش ئەوە شەوە و کەس دیار نییە، ئەگەر بڕوام پێ ئەکەی بەو خوایەی کە تەنها ئەو نەبێ کەسی تر لەم کاتەدا ئاگای لە ئێمە نییە، کارەسات بەو جۆرە بووە کە بۆت ئەگێڕمەوە. ئەگەر بڕواشم پێ ناکەی ئەوا فیشەک لەبەر لوولەی تفەنگایە تفەنگێکم پێوە بنێ و بمکوژە بۆ ئەوەی کە ئێمە تا ئێستا بە سەربەرزی و بە ڕووسووری ژیاوین لە ئێستا بەدواوە لە ناوچەوانی منەوە تۆ لەکەدار نەبی و گیانی من ببێ بە گاوگەردنی تاقە سەعاتێکی شەرەف و ناوبانگی تۆ.
چۆڵیشە کەس نازانێ، ئەتوانی لەپاش کوشتنەکەم بچیتەوە ماڵی خۆت و بەیانی دەنگ وا بڵاو بکەیتەوە کە خوشکم دیار نییە و لەپاش گەڕان و پرسیار دیارە تەرمەکەم ئەدۆزرێتەوە و ئەنێژرێ و تۆیش گۆیا هەر لە ئەم لا و ئەو لا و پرسیار ئەکەی بە شوێن ئەو کەسەدا کە خوشکتی کوشتووە، ئەمەش بۆ ئەوە با پاش منیش قسەی کوشتنی من نەدەنە پاڵ تۆ و تووشی هیچ نەبی. ئەگەر ئەمە ئەکەی، بیکە، ئەگەر خۆ ناشیکەی تۆزێ پشووت ببێ بێگومان خوا ئەم نهێنییە دەرئەخا، ئەو وەختە ئەگەر خوشکت ڕووسوور و بێ گوناح بوو دەرئەکەوێ، ئەگەر خۆ وایش نەبوو فیشەکەکەی ئێستا هەر ئەمێنێ!
کوڕە کە گوێی لەم قسانە بوو، لەم عالەمەوە کەوتە عالەمێکی تر و دەنگی درنگەی سەرسامی لە مێشکیا پەیتا پەیتا تەونی ئەنەنی! هەرچەند دنیا شەو بوو، بەڵام ئەگەر ڕۆژیش بووایە ئەوا دنیا لەو شەوە تاریکتر ئەبوو لەبەر چاوی، کەوتە گێژاوی ئەم هەرەسەوە. لەپاش لێکدانەوە و سێودوویەکی زۆر لە دڵی خۆیا تفەنگ و فیشەکی هەڵگرت و وتی: فاتە هەستە با بچینەوە بزانین ئەم دنیایە لەبارەی ئێمەدا بە چ کارەساتێکی تر ئاوسە و چ ڕووپەڕەیەکی ترمان بۆ دێنێتە پێشەوە!
سا زۆری پێ نەچوو هەروا بە دەم کشوماتی ڕۆیشتنەوە فاتە سەیری کرد لە کوێرەشیوێکی دوورا تارماییی دووکەڵێکی بەرچاو کەوت! وەستا و وتی: کاکە! ئەوا لەو شیوەدا چاوم لە دووکەلێکە، برایەتیم لەگەڵ بکە و ئیزنم بدە با بچم بزانم چییە؟ ئێ، بەڵکوو ئەمە خوایە خورشە بێت، تۆ لێرە ڕاوەستە بە فڕکانێ ئەگەڕێمەوە لات!
کاکی کە لای کردەوە ڕاستە دووکەڵێکی بەرچاو کەوت. بە لایە زۆر و بە لایە خواهیشت ئیزنی دا و وتی: بچۆ!
فاتە کە چوو تەماشای کرد وا لە کوێرەشیوەکەدا خورشە و دوو زەلامی تر دانیشتوون، چایان لێناوە، چا ئەخۆنەوە! بەبێ ئەوەی ئەوان هەستی پێبکەن خێرا گەڕایەوە بۆ لای براکەی و وتی: کاکە! خوا هاتووە بە هانای داوێنپاکی و بێگوناهیی منەوە، ئەوا خورشە خۆی و دوو کەسی تر لە هاوڕێکانی لەوێ دانیشتوون چا ئەخۆنەوە. ئێستا منیش ئافرەتم و چست و چالاکی پیاوم نییە بۆ ڕاکردن، لێرەشەوە تا کۆیە ڕێگەیەکی دوورە، لە توانای منا نییە بەم دەم و دەستیە، تفەنگ و فیشەکەکە بدە بە من، تۆ بچۆ بۆ کۆیە خەبەر بە مەفرەزە بدە با بێن، پێنج سەد ڕووپییەکەش وەرئەگری، تا ئێوەش ئەگەنەوە، ئەگەر من هێشتم ئەمانە دەرچن ئەو وەختە گوللەیەکم پێوە بنێ! کوڕە لەپاش لێکدانەوە تفەنگی دا بە خوشکی و خۆی ڕووەو کۆیە بۆوە. ماوەی کۆیە و ئەو شوێنەش سێ سەعاتە ڕێگەی پێیان ئەبوو.
لەو لاوە کوڕە ڕۆیی و لەم لاشەوە فاتە تفەنگی گرت بە دەستەوە و وەکوو شێری برسی کە بە شوێن نێچیرا بگەڕێ و نێچیری خۆی دەست کەوتبێ، بەو چۆرە دەورەی خورشەی دا، تا گەیشتە ئەم پلەیە دنیا بەرە بەرە ڕوون بۆوە. ئەمیش لەسەر سەریانەوەیە و کردوویە بەسەر کڵاوەیەکدا فیشەکی لەبەر لوولەی تفەنگایە و بۆیان چووەتە پارێزەوە بەو نیازەی کە یان تنۆکە خوێنە بەنامووس و پڕ لە ئازایییەکەی خۆی لەوێدا بڕێژێ، یا ئەگەر هەور پەلێکی ڕاکێشێ و خورشە بفڕێنێ، ئەم نەیەڵێ.
لەو سەردەمەدا کە دنیا وا هەر پەردەی تاریکی ئەداتە لاوە، یەکێ لە هاوڕێکانی خۆرشە هەڵئەستێ بۆ ئەوە ڕێوبان تاقیی بکاتەوە و ئیتر ئەو شوێنە بەجێ بێڵن و بڕۆن. کە هەڵئەستێ و سەیرێکی ئەم لا و ئەو لا ئەکا، تەماشا ئەکا وا لە تۆزێ دوورەوە یەکێک بە تفەنگەوە بەسەر سەریانەوە ڕاوەستاوە. خۆی ئەکێشێتە پەنا بەردێکەوە و ئەویش دەست ئەداتە تفەنگ و بانگی هاوڕێکانی ئەکا. لەم کاتەدا فاتە دەستی لە کارا ئەبێ و تفەنگێکی تێ ئەگرێ. گوللە وەکوو ئاگری قودرەت ئەڕوا، تا کابرا دەست بە پێ تفەنگا دێنێ، گوللە ئەنیشێتەوە بەناو چەوانیەوە! لە نیوەی لووتی بەرەو ژوور بە مێشکیەوە ئەیپرژێنێتەوە ئەو ناوە!
هاوڕێ ڕاست ئەبنەوە و ئەبێ بە شەڕە تفەنگ، بەهەر لایەکدا سەر دەردێنن، فاتە بە گوللە بەرەنگاریان ئەبێ! دیسان گوللەیەکی تر ئاوقەی ئەو هاوڕێکەی تری خورشە ئەکا ئەیدا لە شانی و برینداری ئەکا، بریندارێکی وا کە کەڵکی ئەوەی ئەبڕێ دەست بداتەوە تفەنگ. مایەوە سەر خورشە و فاتە، ئەم دووە وەکوو دوو شێری تووڕە بە گوللە هاویشتن و بە بەرەنگاریی یەک کردن بەر ئەبنە یەک! دنیا تەنگی بە نیوەڕۆ هەڵنا، ئەو دووە بەو جۆرە لە جەنگا بوون و فاتە نەیهێشت خورشە لە شوێنەکەی دوور کەوێتەوە، لەو وەختەدا برا بە دەستە مەفرەزەی پۆلیسی حوکمەتەوە گەیشت و دەورەی خورشەیان دا! تا ئەم وەختە ئەوی لە ئەستۆیا بوو کە بەرەڵانەکردنی نێچیرەکەی بوو بەجێی هێنا!
لە ڕاستیدا خورشەش مەردانە هاتە دەست، تا ئاخر فیشەکی پێ نەما، ئەنجا تفەنگەکەی فڕێ دا و ئەو وەختە پۆلیسەکان چوون گرتیان و دایانە پێش بۆ کۆیە، هاوڕێکانی ئەوە بوو یەکێکیان کوژرابوو تەرمەکەیان خستە سەر وڵاغێک و ئەوی کەشیان بە برینداری لەگەڵ خۆیان برد. ئەم کارەساتە لە وڵاتی کۆیە دەنگێکی گەورەی دایەوە.
کە ئەمانە برانەوە کۆیە، کوژراوەکە نێژرا، بۆ خورشە و هاوڕێ بریندارەکەشی مەحکەمەی کوبرا هەر لە شاری کۆیە دانرا، یەکێک لە ئەندامەکانی مەحکەمە مەلا سدیقی نازەنینی بوو، چەند ڕۆژ ئەو موحاکەمەیە درێژەی کێشا و باس و خواسیش ئاشکرا بوو، عالەمی کۆیە هەموو ئەچوون و تینووی بڕیاری مەحکەمە بوون.
فاتەش بەبێ پسان هەموو ڕۆژێک لە سەرەتای موحاکەمەوە تا دواییهاتنی، ئەچوو لە گۆشەیەکی ژووری مەحکەمەوە دائەنیشت و گوێی لە کارەسات و پرسیار و وەڵامی ئەندامی مەحکەمە و خورشە ئەگرت. لە دواییهاتنی مەحکەمەدا ئەندامی مەحکەمە بە دەنگی بەرز بڕیاری دادی بەسەر گوێگرانا بڵاوکردەوە بە پانزە ساڵ حەپس بۆ هاوڕێ بریندارەکەی خورشە و بە خنکاندنی خورشە تا مردن.
لەم کاتەدا فاتە ڕاست بۆوە و ڕووی کردە ئەندامی مەحکەمە وتی: ئا دەستوورم ئەدەنێ تەنها تاقە قسەیەک لەم ژووری مەحکەمەیەدا لەگەڵ خورشەدا بکەم؟ مەحکەمە لەپاش پشکنینی فاتە بۆ ئەوەی نەک چەکی پێ بێ، ئیزنی دا! ئینجا چووە بەردەمی خورشە و دوو سمێڵی زلی پێوە بوو، سمێڵەکانی گرت و دوو تفی کردە ناوچاوانی، وتی: خورشە ئەو شەوە چەندەت لێ پاڕامەوە کە دەستم لێ مەدە؟ چەند خوا و پێغەمبەرم کردە تکاکارت؟ چەندە خۆم خست بەسەر پێڵاوەکانتا؟ کە خوا ڕەوای هەقی نییە تۆ وا لە من ئەکەی. ئا ئەمە ڕۆژەکەیە کە خوا هەقی بێگوناحان ئەستێنێ و با ستەم درێژەش بکێشێ هەر ئەبێ ستەمکار بە تۆڵەی خۆی بگاتەوە. و بەرەڵای کرد خورشەش هەر ئەوەندە هاتە زمان، وتی: ڕاست ئەکەی و هەقتە. مەحکەمەش لەو شوێنەدا هەڵنەستا تا بڕیارێکی ڕەسمی بۆ فاتە دەرکرد کە بە شەرع و بە قانون ئەم کچە بە کچ بناسرێ و هیچ گەردێکی لێ نەنیشتووە! فاتە بە ڕوویەکی لە مانگ نوورانیتر و گەشتر لە ژووری مەحکەمە هاتە دەرەوە، کاکیشی پێنج سەد ڕووپییەی خۆی وەرگرت، هاوڕێی خورشەش خرایە بەندیخانەی پانزە ساڵی خۆیەوە، خورشەش نێررایە هەولێر، لەوێ سێدارەی بۆ هەڵخرا و ملی کرا بە تەنافەوە و خنکێنرا، لە بەیانییەوە تا ئێوارێ بە دارقەواخەکەوە مایەوە. وڵاتیش ڕزگاری بوو لە جانەوەریەتیی ئەو جانەوەرە بە هۆی باهوی مەردانەی فاتەی قارەمانەوە!