کابرایەکی ڕێبوار ڕێی کەوتە لای باخێکی ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  763 مشاهده

کابرایەکی ڕێبوار ڕێی کەوتە لای باخێکی هەنجیر و دڵی لێ چوو، لایدا و دەستی کرد بە هەنجیر خواردن. زۆری پێ نەچوو پیرێژنێکی لەو لاوە لێ پەیدا بوو دەستی کرد بە جنێو پێدانی کە ئەو هەنجیرە بۆ ئەخوا؟ کوڕە هیچ دەنگی نەکرد و هەر خەریکی هەنجیر خواردنی خۆی بوو. پیرێژن پێی لێ هەڵبڕی، کوڕەش ئیتر خۆی پێ ڕاگیر نەکرا و وتی: پیرێژنە واز بێنە ڕێبوارم، چوار هەنجیر ئەخۆم و ئەڕۆم. پیرێژن هەر وازی نەهێنا. ئینجا کوڕە وتی: پیرێژن ئەوەندە درێژەی مەدەرێ. دەسا شەرت بێ هەر لێت ڕاست ببمەوە، چەند دان لە دەمتایە ئەوەندەت ئەگێم! دە وازم لێ بێنە چوار هەنجیر ئەخۆم و ئەڕۆم.

پیرێژن ئەمجا زیاتر گەرم بوو! ناچار کوڕە هەستایە گیانی ئەوی پێی کرا لەگەڵی کرد و چووەوە گیان هەنجیر خواردنی! پیرێژن دیسان دەستی پێکردەوە وتی: تەماشا کە، تەماشا کە! هەنجیرانیش دەخوا و درۆیانیش دەکا، خۆ تاقە ددانێکی تریشم لەو بنەوە ماوە!