مەلایەک لە دێیەک ڕۆژێ حەدیسی ئەخوێندەوە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  953 مشاهده

مەلایەک لە دێیەک، ڕۆژێ حەدیسی ئەخوێندەوە، فەرمووی: هەر کەسێ قڕانێک لە ڕێی خوادا بدا، خوای تەبارەکوتەعالا دە قڕانی ئەداتەوە. کابرایەک گوێی لەم وەزعە بوو، وتی: من بیست سەر بزنم هەیە وا چاکە بیفرۆشم و پارەکەی بکەم بە خێر بەڵکوو پارەیەکی زۆرم دەست بکەوێ! هەڵسا بزنەکانی پێش خۆی دا، بردنیە شار فرۆشتنی، دای بە پانزە لیرە، چواردە لیرەی دا بە هەژار و فەقیر، لیرەیەکیشی بۆ خەرجی خۆی گل دایەوە. پێنج شەش ڕۆژ سووڕایەوە هیچی دەست نەکەوت. هات چووە مزگەوتێک لە ئەدەبخانە کە دەستی بە ئاو ئەگەیاند خەیاڵ بردیەوە وتی: سەیر کە ئەم مەلایە چۆن تەفرەی منی دا و چی پێکردم؟ هاتم بە قسەی ئەو هەرچییەکم هەبوو لەناوم دا و ئەوا ئێستا لە قڕانێ زیاتر هیچم پێ نەماوە خستمیە سەر ساجی عەلی! شەرت بێ کە چوومەوە هیچ نەکەم تا مەلا ئەکوژم، چوونکە منی ماڵوێران کرد!

لەم کاتەدا قڕانەکەش لە باخەڵی دەرپەڕی و کەوتە ئابخانەکەوە! وتی: خۆ من هیچم پێ نییە بیدەم بە نان و پێی بڕۆمەوە. جلەکانی داکەند و خۆی خستە ئابخانەکەوە بەڵکوو قڕانەکە دەربێنێ. ئابخانەکە قووڵ بوو نوقم بوو، سێ قوم گواو چووە دەمیەوە قوتی دا! کە دەستی گێڕا پریاسکەیەکی بەردەست کەوت، دەریهێنا سەرکەوتە سەرێ، چووە وساڵخانەکە لەشی خۆی شت و جلەکانی لەبەر کردەوە و پریاسکەی کردەوە، سەیری کرد سەد و چل لیرەی تیایە! ئیتر دەستبەجێ ملی ڕێگای گرت و هاتەوە.

ڕۆژێک کە دیسان مەلا وەعزی ئەدا فەرمووی: هەر کەسێ قڕانێک لە ڕێی خوادا بدا، خوا دە قڕانی پێ ئەدا. کابرا هەڵیدایە و وتی: مامۆستا! تۆ کە حەدیس ئەخوێنی، بە تەواوی بیخوێنە، لێی کورت مەکەرەوە. مەلا پرسی چلۆن؟ وتی: ئەوەش بڵێ هەتا سێ قوم گواو نەخواتەوە خوا نایداتێ!