دوو کابرای کورد پێکەوە نانیان ئەخوارد...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  879 مشاهده

دوو کابرای کورد پێکەوە نانیان ئەخوارد، یەکێکیان وتی: واچاکە من ئەو خەریک کەم بە قسەکردنەوە و من هەموو نانەکە بخۆم. لێی پرسی: ئەرێ توخوا برا، ڕەحمەتییەکەی باوکت چۆن و بۆ چی مرد؟ کابرا دەستی پێکرد بە پەسا داخستن، لەبەرچی نەخۆش کەوت، چۆن و چەندە لەگەڵی خەریک بوون، چۆن هیچ شەخس و دەوا و دەرمانێک نەما نەگەڕێن و نەیکەن، هیچ کەڵکی نەبوو ئاخری هەر مرد. ئەویش بە شێنەیی نانی خۆی ئەخوارد و جارجار «ئم» ێکی بۆ ئەکرد! کابرا وەختێ بە خۆی زانی ئەوا نان لە دوایی هاتنایە و ئەمیش هیچی نەخواردووە! وتی: با منیش هەقی خۆمی لێ بکەمەوە بڵێم ئەی باوکی تۆ چۆن مرد؟ لێی پرسی: ئەرێ برا ئەی باوکە ڕەحمەتییەکەی تۆ چۆن مرد؟ ئەو هیچ سێ و دووی لێ نەکرد، بە کورتی وتی: نەخۆش کەوت و مرد!