لە سولەیمانی لە شوێنەکەی قادر ئاغای عەتا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  585 مشاهده

لە سولەیمانی لە شوێنەکەی قادر ئاغای عەتار دانیشتبووین. ئەوڕەحمان بەگی بابان و پیاوێکی خەڵکی دەرەوە و چەند کەسێکی تر بووین، باسی «گوللەبەند» ەکەی کاک ئەحمەد هاتە پێشەوە، ئەوڕەحمان بەگ وتی: جانم وا نییە، کەی گوللەبەند هەیە، بۆ ئەوەی بڕوای پێ بکرێ هەندێ شەرت و شرووتی: بۆ دانراوە، کە هەرگیز نەیەتە دی. وەکوو ئەوەی ئەڵێ: ئەو کەسەی کە هەڵی ئەگرێ نابێ قەت درۆی کردبێ، ماڵی حەرام هیچ نەخواردبێ، قەت بە لەشی پیسەوە دانەنیشتبێ. دەی ئەمە چۆن ڕێئەکەوێ!؟

پیاوەکەی خەڵکی دەرەوە لەم قسانە تووڕە بوو و وتی: سا بە مەرقەدی کاک ئەحمەد وا نییە، من بە چاوی خۆم چاوم پێکەوت گوللەبەندەکەیان کردبووە ملی گیسکێک، زیاتر لە بیست گوللەیان پێوەنا کاری تێنەکرد! منیش وتم: جا ئەمە ڕاستە، چونکە ئەو گیسکە نە درۆی کردووە نە ماڵی حەرامی خواردووە، نە قەتیش بە لەشی پیسەوە دانیشتووە!. کابرا واقی وڕما و ئیتر هیچ قسەی پێ نەکرا.