کابرایەک کوردی شاری، ژنێکی هەبوو ڕۆژێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  611 مشاهده

کابرایەک کوردی شاری، ژنێکی هەبوو ڕۆژێ کوڵابوو بە دەستیەوە، بە هیچ جۆر پشووی ئەوەی نەئەدا کە تۆزێ بحەسێتەوە، یا چاوی بە دۆستێکی بکەوێ.

ڕۆژێک یەکێ لە هاوڕێکانی لە ڕێگادا تووشی بوو، تەماشای کرد وا سەبەتەیەک ترێی بەسەر سەرەوەیە و بەپەلە ڕائەکا و هەی ترێ ئەکا! پێی وت: برا ڕاوەستە چاک و چۆنییەکت لەگەڵ بکەم و بزانم بۆ چی دیارنیت؟ کابراش هەر بە دەم هەڕاکردنەوە وتی: لێم گەڕێ دەستم ناگا و ئیشم هەیە! ئەمیش گوێی نەدایە، سەر ڕێگەکەی لێ گرت و وتی: کورە چییت تێ بگەیەنم؟ دەرفەتی ئەوەم نییە قسە لەگەڵ کەس بکەم! بە ناخێری گیانم ژنم هێناوە، ژنەکەم هەر لە نیوەشەودا هەڵم ئەستێنێ و سەبەتەیە چەوەنەرم ئەدا بە سەرا ئەڵێ بچۆ بیفرۆشە، کە ئەوە ئەفرۆشم و ئەچمەوە سەبەتەیە شێلمی بۆ داناوم بەبێ ئەوە دانیشتم ئەوەشم ئەدا بەسەرا ئەڵێ بڕۆ، کە ئەوە ئەفرۆشم و ئەچمەوە تەماشا ئەکەم ترێی بۆ داناوم ئەڵێ ئەوەش بەرە! ئیتر ئەم جۆرە ئەمڕەتێنێ. کابراش پێی وت: جا کە واتە برام تەڵاقی بدە و خۆت ڕزگار کە. وتی: کورە دەستم ناگا تەڵاقی بدەم ئەوەندە پشووم ناداتێ چاوێ بکەمەوە و چارەسەرێکی خۆم بکەم.