مەلایەک لە خێڵێکا وەعزی ئەدا ئەیوت...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  584 مشاهده

مەلایەک لە خێڵێکا وەعزی ئەدا ئەیوت: هەرکەس شەوی جومعە لەگەڵ ژنی خۆیا ئیشی شەرعی بکات، وەکو حەو کافری کوشتبێ وایە! ژن و مێردێک لە وەزعەکەدا بوون، کە هاتنەوە ماڵەوە، ژنەکە وتی: پیاوەکە ئیمشەو جومعەیە با حەو کافر بکوژین. پیاوە وتی: باشە. تۆزێکی تری پێ چوو دیسان ژنەکە وتی: پیاوەکە جومعەیە نەوەک لە دەسمان دەرچێ با حەو کافری تر بکوژین غەزایە. پیاوە وتی: باشە. حەو کافری تریان کوشت! بەو جۆرە ئەو شەوە تا بیانی نزیکەی سەد کافریان کوشت!

کەوتە سبەی شەوێ، ژنە دیسان وتی: ئیمشەویش هەر جومعەیە با دەس بکەین بە کافر کوشتن! پیاوەکە وتی: ئافرەت دوێشەو جومعە بوو. ژنە وتی: تۆ نایزانی بۆ غەزا کردن هەموو شەوێ جومعەیە! بە کورتی ژنەکە تەنگی بە کابرا هەڵچنی و شەو هەر جومعە بوو، ڕۆژ هەر جومعە بوو، هەموو ساڵ بوو بە جومعە و شوێنی غەزاکردن! کابرا بێهێز بوو وای لێ هات لووتت بگرتایە گیانی دەر ئەچوو، ناچار ماڵەکەی بەجێهێشت و چوو لە مزگەوت نوست!

ژنەکە دوو سێ پیاوی نارد بە شوێنیا، پیاوەکان هاتن و وتیان: ئاخر تۆ لە ماڵی خۆت بۆ چی تۆراوی؟ کابراش وتی: تا جومعە لەو ماڵەدا بێ، جارێکی کە من سەر بەو ماڵەدا ناکەمەوە، یان من یان جومعە!