مەلایەک گێڕایەوە وتی: ڕۆژێک زستان بوو لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  713 مشاهده

مەلایەک گێڕایەوە وتی: ڕۆژێک زستان بوو لە ژووری مزگەوت لەبەر ئاگر بە تەنها دانیشتبووم تەماشای کتێبم ئەکرد، کاتێک ڕوانیم زەلامێکی چوار پەل قەوی، ملهوڕ، باوەشێ پرچی بە سەرەوە بوو هاتە ژوورەوە، جووتێ کەوشی شڕی لە پێدا بوو، کەوشەکانی داکەند، هەر پێیەکی پێ خوێک قوڕی پێوە بوو، یەکڕێ چووە سەر بەرماڵەکان، منیش بانگم کرد: دەروێش خۆ تۆ لای خۆت دەروێشی چیت کرد؟ هەموو بەرەو بەرماڵی مزگەوتەکەت لە نوێژ برد. لەسەر ئەمە ئەوەندەم زانی دەروێش لێم ڕاپەڕی و وتی: مەلا، مەلا ئاقڵ بە بۆ خۆت، جارێ من دەروێش نیم خەلیفەم و تۆش مەلا نیت، ئەگەر مەلا بوویتایە ئەتزانی، چونکە شێخ بە قوربانی بم فەرموویە بە شەرع قوڕی زستان عافووە.

ئینجا مەلا وتی: بۆم دەرکەوت کە خەلیفە بۆ شەرکردن هاتووە منیش توانا و هێزی قۆڵ و بازووی ئەوم نییە و لە مزگەوتەکەدا نییە کە لەسەرم بکاتەوە نەموێرا دەنگ بکەم خەلیفە بە پێی قوڕاوییەوە بەروبەرماڵی هەموو لە نوێژ برد و نوێژێکیشی کرد کە سەلامی دایەوە هاتە بەر ئاگرەکە برانبەرم دانیشت، وتم: خەلیفە ئەگەر دوو سێ قسەت لێ بپرسم جوابم ئەدەیتەوە؟ وتی: بەڵێ بپرسە ڕەنگە وا بزانی هیچ نازانم، ئێمە کامەی هیچ نەزانین لە تۆ مەلاترین! پرسیم ئیمان چییە و دین چییە؟ خەلیفە جوابی دامەوە، بەڵام بە تووڕەییەوە وتی: ئیمان خوایە و دین پێغەمبەرە! پرسیم پێغەمبەر ناوی خۆی و باوکی چییە؟ خەلیفە دیسان چاوی لێ دەرپڕاندم و وتی: پێغەمبەر ناوی - محەمەد - ە، باوکیشی بە قوربانی بم ناوی شیخ ئەوڵایە.