ساڵێک -ڕەمەزان- بوو جاف هاتبوونە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  780 مشاهده

ساڵێک -ڕەمەزان- بوو جاف هاتبوونە شارەزوور، لالە سەرحەد کوێخای هۆزی «سەگ گلە» - کە تیرەیەکن لە ڕوغزایی - ئەوانیش لە نزیکی «دزەکەرە» وە خستبوویان، لالە سەرحەد ڕۆژێک خەڵکی ئاوایی هەموو کۆئەکاتەوە و ئەڵێ: عەشرەت ئێمە کە موسڵمانین تۆی ئەم ڕەمەزانە کە مەلایەک ڕاگرین کە پێنج فەرزە نوێژمان بۆ بکات و قورئان و حەدیسیشمان بۆ بخوێنێ، کە نوێژی جەژنی بۆ کردین هەر ماڵە شتێکی ئەدەینێ و خوای لەگەڵ. هەموو وتیان بە خودای فەرموودەکەت بەجێیە.

چوون لە دێی میردەی فەقێیەکیان هێنا کە هەتا نوێژی جەژنیان بۆ ئەکا لە لایان بمێنێتەوە. ئینجا دەوارێکی بچکۆلەیان بۆ هەڵدا و فەقێ دانیشت. کە نوێژی شێوان داهات دەستی کرد بە بانگ دان وتی: الله اکبر، الله اکبرعربی عەلەی شوان ئەهاتەوە بو ئاوایی کە بانگی بیست ڕایکرد وتی: کاورا دەنگ، کاورا دەنگ، دویت باوک هەرا مەکە! یەکێک لە خەڵکی ئاوایی ڕایکرد وتی: عەلە، عەلە، جوێن مەدە عەلە وتی: ئەی ئەم کاورایە ئەم گاڵەگاڵەی لە چییە؟! وتیان: مردگت مرێ ئەمە مەلایە بانگ یێژێ، بانگی محەمەدە بۆ چی جمێنی ئەدەیتێ؟! وتی: نەمزانی کە بانگ یێژێ، بۆ چی ئەمەسە بانگ؟ وتی: ها. وتی: تو خوا لالە گوڵە ئینجا ئەم بانگە قەیناکا بۆ پەزەکان؟ وتی: نا، نا، نا. وتی: دەسا با بێژێتی!

لە پاشا شەوێ هەموو خێڵەکە بە ژن و پیاوەوە لێی کۆبوونەوە و وتیان: مەلا بۆمان بخوێنە! هەتا دوو سێ سەعات بۆی خوێندن، لەوە بەیەکێکی تریان لە ئاش هاتەوە وتی: مەلا چیت خوێندگە بۆ منیشی بخوێنە! بۆ ئەویشی دوو سێ سەعات خوێند. بەری بەیان یەکێکی تر - کە شەو بە دیار ڕانەوە بوو - هاتەوە بۆیان گێڕایەوە کە ئیمشەو هەتا ڕۆژ مەلا بۆی خوێندگن. کابرا لە ناو دەوارەکەی خویان دائەنیشێت ڕووی کردە دەواری مەلا تەماشای کرد نوستووە. بانگی کرد و خەبەری کردەوە و وتی: برا من لە ماڵ نەوگم تۆ بۆ عەشرەتت خوێندگە بۆ منیش بخوێنە! مەلا وتی: باوکم کە ئێوارێ هات بۆ هەمووتان ئەخوێنم، ئیتر ئەمە چییە؟ وتی: نابێ ئەوەی خوێندگتە توێ بۆ منیشی بخوێنی!

مەلا لە دڵی خۆیا لێکی دایەوە وتی: دیارە ئەمانە بە هیلاکم ئەدەن، با چارەسەرێکی خۆم بکەم، چوو کوولەکەیەکی برد لە دەوری خێڵ شارە زەردەواڵەیەک هەبوو داری کرد بە شارەکەدا، دەمی کوولەکەکەی نا بە کونەکەیەوە هەتا پڕ بوو، دەرگاکەی قایم گرت و چووەوە بۆ شوێنی خۆی.

وەختی نیوەڕۆ خەڵکی هەموو کۆبوونەوە چوونە لای مەلا، مەلایش بەرماڵەکەی لەسەر و چاوی خۆیەوە پێچاو بە فەقیانەکەی دەستیشی شاردەوە، وتی: اعوذ بالله من الشیطان الرجیم، الحمد لله رب العالمینعربی. و سەری کوولەکەی بەرەڵا کرد، بە جارێ سێ سەد چوارسەد زەردەواڵە دەرپەڕین و بە ناو کوڕگەلا بڵاوبوونەوە! یەکێ بە لووتییەوە، یەکێ بە دەستییەوە، یەکێ بە بناگوێ وە پێوەدا! کوردە هەریەکە بۆ شیوێ ڕایانکرد. مەلاش گورج بوخچەکەی پێچایەوە و هەڵسا بە لایەکی کەدا ڕای کرد و بۆی دەرچوو.

ئینجا کوردەکان لە دەمە دەمی عەسرا هاتنەوە بۆ ناو دەوار و وتیان: بچین چینێ لەم مەلای کرانباوگاوە بدەین! کە هاتن مەلا نەمابوو. قەیتولی کوڕی لالە سەرحەد دیار نەبوو. لالە پرسی: ئەرێ عەشرەت! قەیتول دیار نییە. یەکێک وتی: بەخوا لالە چاوم لێ بوو چوار پێنج شەیتان ڕەجیم و ئەلحەمکەڵڵا وە دەوریا گیز و هۆڕیان بوو سەرەوژێر کردیان وە چەما، ئیتر نازانم چی وەسەر هات؟!