قازی بایەزید ئەسپێکی هەبوو، هەموو جار...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  822 مشاهده

قازی بایەزید ئەسپێکی هەبوو، هەموو جار سواری ئەبوو ئەچوو بۆ سەرا و پێی ئەهاتەوە، ڕۆژێک قورئانی ئەخوێند تووشی ئەو ئایەتە بوو کە ئەڵێ: «وَمَا مِن دَابَّةٍ فِي الْأَرْضِ إِلَّا عَلَى اللَّهِ رِزْقُهَاعربی». هێنای ئەسپەکەی بەڕەڵڵا کردە ناو شار بۆ گیانی ئەو عالەمە! ئەسپە، کەوتە کۆڵانان و سەر دووکانان، سا، خوا چی دابێ لە توێکڵە باینجان و لە ترۆزییەی کرمێ و لە توێکڵە شووتیی ڕزیو ئەیخوارد و پێوە ئەژیا!

ڕۆژێک ئەسپەکە تۆ سەلامەت، قازی وتی: بە پیاوەکەی بچێت چەند کۆڵ هەڵگر و خۆڵڕێژێک بێنێ بیبەنە قەراخ شار فڕێی دەن، ئەوانیش کە هاتن داوای دە قرانیان لە قازی کرد بۆ فڕێدانەکەی، قازی وتی: داوای پارە لە پیاوی وەکوو من چۆن ئەکەن؟ یەکێکیان هەستا و وتی: قوربان ئێمە هیچ دەرامەتێکی ترمان نییە بێجگە لەم جۆرە شتانە نەبێ، جەنابی قازی - خوا ڕاوەستاوی کا - دەرامەتێکی زۆری هەیە و پیاوێکی دەوڵەمەندە، لەم شتانە هەموو وەرئەگرێت: «مارە بڕانە و سەرقەڵەمانە، کەفارەی سوێن و و نوێردوی جومانە، هەقی قەواڵە و کرێ حەواڵە، پارەی تەڵاق و مۆری کاغەزان، بەرمەشکە کەرە و نۆبەرەی ڕەزان، پاشماوەی وەقف و میرات بەشکردن، مووچەی دەرز وتن و پێش نوێژی کردن!».

قازی وتی: بە پیاوێکی وەکوو من چۆن شتی وا ئەڵێن؟ ئێوە هەموو خێر و بێری وڵاتەکە کۆ ئەکەنەوە و هەزار قاپیتان هەیە بۆ نان پەیداکردن: «جلی مردووان و پارەی زیارەتان، چڵکاوی ماڵان و گسکی کۆڵانان، تەنەکە شکاو و تەنگەی پچڕاو، دزی چڵەدار و گرتکی نەکوڵاو، پارەی خێرات و مردوو هەڵگرتن، کەر فڕێدان و سەگ بە کێش کردن، جەژنانەی دووکان، کراسەکۆنی جوان، نوردوی لادێی و پاشماوەی میوان!». ئەمانە هەموو وەرئەگرن، بێجگە لە گوێلە نۆکی خا پیرۆز و مستە ساوەری بن کوپەی دایە ئەفرۆز، لەگەڵ ئەوەشا ئەم ئەسپە کە بردتان فڕێتان دا پێستەکەی بەرن بۆ دەباخ و کلکەکەی بۆ قەرەج و یاڵەکەی بۆ موتاب و ناڵەکەی بۆ خاوەن کۆشک - بۆ چاوەزار بیکا بە سەر کۆشکەکەیەوە - ئەمانە هەموو دەستتان ماچ ئەکەن، ئیتر چۆن هیچتان نییە و داوای شت لە پیاوێکی وەکوو من ئەکەن؟!

ئینجا کابرا هەستایەوە و وتی: قوربان! جەنابی قازی، بەمانەی فەرمووت ئێمەت کرد ڕازی! بیکە بە خێری گۆڕی جوانەمەرگەکە شتێکمان بدەرێ با دوعا بۆ سەری جەنابت و پادشای وڵات بکەین کە ئەم هەموو خێر و بێرەتان پێ داوین!