ئەوڕەحمان پاشای بابان کتێبێکی شانامەی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1077 مشاهده

ئەوڕەحمان پاشای بابان کتێبێکی شانامەی دڕاوی پەڕپووتی ئەبێ، مەلایەکی سەحاف بانگ ئەکا ئەڵێ: ئەم کتێبەم زۆر چاک بۆ چاک بکەرەوە. مەلا کتێبەکە ئەبا و لە دوای چەند ڕۆژێک ئەیهێنێتەوە، پاشا، کە تەماشای کتێب ئەکا ئەو پەڕانەی کە لە جێی خۆیا نەمابوو هەمووی خستووتەوە جێی خۆی و ئەو جێیانەی کە دڕابوون مەلا لەسەر کاغەزێکی جوان نووسیویەتیەوە و پینەی کردووە و بە جزوبەن کراوی و بەرگێکی باشەوە هێناویەتەوە.

پاشا زۆری پێخۆش ئەبێ و ئەفەرموێ: مەلا چیت ئەوێ داوا بکە. مەلا ئەڵێ قوربان ڕەزێکی ترێم هەیە لە دێی قوڵەڕەش بفەرموو ڕەزانەم لێ نەسێنن، ئیتر دوعاگۆت ئەبم. پاشا ئەمر ئەکا بە فەرمانێ قوڵەڕەش بدەن بە مەلا بە خاک و بەراوەوە با بۆ مەلا بێ. مەلا فەرمانەکە وەرئەگرێ و ئەڕوا.

لە دوای ساڵێک دێتەوە خزمەت پاشا ئەڵێ: قوربان خوا ڕاوەستاوت کا، هاتووم دێی قوڵەڕەشتان پێ بدەمەوە. هەر ئەوەندەم مەرحەمەت لەگەڵ بکە ڕەزەکەم ڕەزانەی نەبێ. پاشا ئەپرسێ بۆچی؟ مەلا ئەڵێ: قوربان ساڵانی پێشوو کە خاوەن دێ نەبووین هەموو وەختێ نانی جۆمان ئەخوارد بە وشکی، یان بە دۆوە و لە ناو حەفتەیەکدا جارێک شۆربامان لێ ئەنا، وە یا نان و دۆشاومان ئەخوارد، ئێستا ژن و منداڵ هەموو ڕۆژ پڵاو و گۆشتیان لێم ئەوێ و داوای جلی جوانم لێ ئەکەن... ئەویش تەماشا ئەکەم دەری ناهێنێ، لەبەر ئەوە ئەمەوێ بچینەوە دۆخەکەی جاران!

پاشا ئەفەرموێ: مادام ماڵ و منداڵت فێری خواردنی خۆش و جلی چاک بووبن تازە ناتوانن لەسەری لابچن. ئەوڵاغەی وەزیری ماڵیە بانگ ئەکا و ئەڵێ: سێ دێ - کە بێ خاوەن بێ - بدۆزەرەوە بیخەرە سەر قوڵەڕەشی مەلا. ئەوڵاغا سەیری دەفتەر ئەکا و ئەبینێ کە «تەڕەمار» و «زۆڕنامە» و «تەق تەق» بێ خاوەنن، ئەچێ فەرمان ئەنووسێ ئەڵێ: «نامانە سەر قوڵەڕەشی مەلا، تەڕەمار و زووڕناسەر و تەق تەق!».