پیرێژنێکی پەڕپووت تاقە کوڕێکی هەبوو ناوی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  1053 مشاهده

پیرێژنێکی پەڕپووت تاقە کوڕێکی هەبوو ناوی «هەباسێ» بوو. هەباسێ هەموو جار، ئەچووە دیوەخانی ئاغا و ئەهاتەوە، دایکی لێی ئەپرسێ: ئەرێ ڕۆڵە هەباسە، لە دیوەخان چ باسە؟ ئەویش ئەیوت: هیچ نییە دایە. هەباسێ کوڕێکی هاوڕێی هەبوو، ڕۆژێک پێکەوە هاتنەوە بۆ ماڵەوە، دایکی دیسان لێی پرسی: ئەرێ ڕۆڵە هەباسە، لە دیوەخان چ باسە؟ ئەویش وتی: هیچ نییە دایە. کە هاتنە دەرەوە، هاوڕێکەی لێی پرسی: ئەوە دایکت ئەم قسەیە بۆچ ئەکا؟ وتی: نازانم هەموو ڕۆژێ کە ئەچمەوە ئەم پرسیارەم لێ ئەکا؟ کوڕە وتی: ئەوە تۆ نایزانی من تەگبیرێکت بۆ ئەکەم؛ سبەینێ کە چوویتەوە لێی پرسیت، بڵێ دایە ئاغا لە دیوەخان بڕیاری داوە ژنی بێ مێرد نەمێنێتەوە، تەنانەت پیرێژنێکیش کە هیچی لە بارا نەبێت، هەر ئەوەندە بتوانێ دوو هۆقە خۆی بکاتە هەمانەیەکەوە ئەبێ بە مێرد بدرێ، بچۆ ئەمەی پێ بڵێ و وەڵامەکەم بۆ بێنەوە.

سبەینێ هەباسێ کە چووەوە دیسان دایکی پرسی: ئەرێ ڕۆڵە هەباسە، لە دیوەخان چ باسە؟ ئەویش وتی: دایە شتێکی وا نییە تەنها ئەوە نەبێ... و قسەکەی بۆ گێڕایەوە. وتی: ئا توخوا ڕۆڵە دوو هۆقە خوێم بۆ بکەرە ئەو هەمانەیەوە، بزانم ئەتوانم هەڵی بگرم؟! کوڕە هەستا خوێی بۆ کردە هەمانەوە، پیرێژن بە نقەنق پێوەی نیشت و هەڵی گرت! و وتی: لام وایە ڕۆڵە کەڵکم پێوە هەیە. ئەویش وتی: دایە باشە. کەوتنە سبەینێ، هەباسێ لەگەڵ کوڕەکەی هاوڕێیدا هاتنەوە بۆ ماڵەوە. کوڕەکە وتی: داپیرە! لە شەرعی خوا و پێغەمبەرە مێرکردن. ئێستاش وا لەسەر قسەی ئاغا ئەبێ ژنی بێ مێرد نەمێنێتەوە، ئێمەش مێردێکمان بۆ تۆ دۆزیوەتەوە ئەبێ مێردی پێ بکەی. پیرێژن وتی: باشە بە قوربانت بم مادام ڕووم لێ ئەنێی دڵت ناشکێنم کەیفی خۆتە. کوڕەش ئەڵێ: دە باشە خوا موبارەکی کا. تۆ خۆت ڕێک خە، تا ئێمە خەبەر بە ماڵی زاوا ئەدەین. پیرێژنە دەست ئەکا بە خۆ ڕێکخستن و تاس و لووس دانی خۆی!

سبەینێ کوڕەکە و هەباسە دێنەوە و گوێدرێژێک دێنن. کوڕە دێتە ژوورەوە ئەڵێ: داپیرە هەستە با بڕۆین. ئەویش ئەڵێ: ئاخر من مارە نەکراوم چۆن بچین؟ ئەڵێ: مەلا و شاهد و هەموو شت لە ماڵی زاوادا دانیشتوون، چاوەڕێمان ئەکەن، لەوێ مارەت ئەبڕن. پیرێژنە دێتە دەرەوە، سواری کەرەکەی ئەکەن و کابرا بە جووزەلە لێدان پێش ئەکەوێ و هەباسەش ئەکەوێتە شوێنی! ئەیبەن هەتا ئەگەنە بەر کونە ورچێک، لەوێ ئەیبەنە ژوورەوە، پێی ئەڵێن تۆ لێرە دانیشە تا مێردەکەت دێت بۆ لات و ئێمە ئەچین هەباسێ بە وەکالەتی تۆ مارەت ئەبڕێ.

لەوێ دای ئەنێن و خۆیانی لێ دائەگرن. زۆری پێ ناچێ ورچە بە بۆڕە و بڕۆ دێتەوە و ئەچێتە کونەکەی خۆیەوە، سەیر ئەکا وا نێچیرێکی بۆ دانراوە! ئەچێتە سەری و بە قەپاڵ بەر ئەبێتە سەر و گوێرکی پیرێژنە! پیرێژنیش لای وا ئەبێ ئەمە مێردەکەیەتی، چونکە تاریک بوو چاوی لێ نەبوو، هەر ئەیوت: چۆن وا ئەبێ؟ باوکی هەباسێ ماچ ماچۆکی ئەکرد. قەت چەقۆکی نەئەکرد...!

ورچە پیرێژن هیلاک ئەکا و لەوانە ئەبێ بیخوا، کوڕەکان لێی ڕائەپەڕن و ورچە ئەکوژن و پیرێژنی لە دەست ڕزگار ئەکەن. کە ئەیهێننەوە نیوە گیانێکی تێدا ماوە ئینجا هەباسێ پێی ئەڵێ: ها دایە، ئەو ئەشکەوتە چی تیایە؟ ئەویش ئەڵێت: هەباسە! نە دەنگ هەیە نا باسە، سەرم لەم کارە کاسە!