بە مەلا قادری بیارەیان ئەوت مەلای گەورە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1209 مشاهده

بە مەلا قادری بیارەیان ئەوت مەلای گەورە و بە کتێبخانەکەشیان ئەوت کتێبخانەی مەلای گەورە. ئەم قسەیە لە ناو خەڵکدا بڵاو ببۆوە، ڕۆژێک دوو کورد بە تامەزرۆیی ئەچن مەلای گەورە ببینن بزانن ئەمە بە ئەندازەی چەند کەس ئەبێ وا هەموو کەس پێی ئەڵێ مەلای گەورە. بەم نیازە چوونە بیارە و چوونە ناو خانەقاوە، کە چوون هەر چاوە چاویان بوو بۆ ئەوەی زەلامێکیان بە ئەندازەی فیلێک بەر چاو بکەوێ، هەر بەر چاویان نەکەوت، لەگەڵ ئەوەشا مەلا قادر دوو سێ جار بە بەر چاویانا تێپەڕیبوو، بەڵام هیچی لە خەڵکی تر زیاتر نەبوو، گوێیان نەدابویێ و نەیان ناسیبوو. لە ئاخرا ئەپرسن: ئەرێ برا مەلای گەورە کامەس؟ ئینجا یەکێک مەلای گەورەیان پێشان ئەدا، کە ئەچن و سەیری ئەکەن واقیان وڕ ئەمێنێ ئەڵێن: ئەرێ کوچکت لێ نەوارێ، خۆ ئەمە هەر وەکوو ئێمە واس! ئەی بۆ چی ئێژن مەلای گەورە، مەلای گەورە؟ لە پاشا ئەڵێن دەبا بچین کتێبخانەکە ببینین بزانین ئەو چۆنە؟ ئەچن و کتێبخانەیەکی زۆر گەورەیان بەر چاو ئەکەوێ و کتێبێکی ئێجگار زۆری تێدا ئەبێ، هەروا سەیری ئەکەن، ئینجا یەکێکیان ڕوو ئەکاتە ئەوی کەیان و ئەڵێ: گشتی ئێژن خاس بکە و خراو مەکە. دەبێ وە ڕێوە، بێ وە ڕێوە ئیتر!