تۆڵە نامە

از کتاب:
دیوانی ئەسیری
اثر:
اسیری (1895-1962)
 2 دقیقه  856 مشاهده
ڕۆڵە بڕوانە لە کردەی دوژمنی غەدداری تۆ
ڕۆژی دانایی لە تاڵان کردن و کوشتاری تۆ
شێخی پالۆ و نەهرییە کوژران بەسێ پا بێ خەتا
خۆی ئەوا بۆ کوشتنی تۆش ساز ئەدا خوێنخواری تۆ
ڕەنگی نیشتمانت بەخوێن کرد بۆتە قاڵی دوژمنت
سووتەنیی تورکانە ئێستا ئێسکی نازداری تۆ
دەربەدەر بوون ماڵ و منداڵی شەهیدانی گەلت
چۆل و وێرانە سەراسەر ئێستە دێ وو شاری تۆ
هەر دەبێ مات و مەلوول و دەس بەئەژنۆ دانیشی
هەر دەوامی بێ دەبێ ئاهو گرین و زاری تۆ
دەست و پێ هەڵکە بجووڵێ ئێستە چاخی تۆڵەیە
نابێ ئارامت هەبێ، گەر بۆ گەلت غەمخواری تۆ
پڕ لە چەک ئامادەبە تێ هەڵکە دەی بستێنە زوو
تۆڵەیی گەورە و بچووک و ڕەنجبەر و دینداری تۆ
تازە کێت ماوە لە خزم و ماڵ و منداڵ و کەست
ڕۆحێکی مات و کزت ماوە، لەویش بێزاری تۆ
ئاهی سەردی سینە وو سۆز و گڕی جەرگ و دڵت
هەر بەتۆڵە لا ئەچێ دەرد و غەم و ئازاری تۆ
چاخی فرسەت لێی گەڕان پاشا پەشیمانی چ سوود
بۆیە بەر باد و پەرێشان بوو گەلی دینداری تۆ
گەهـ بەسونگی، گەهـ بەگوللە، گەهـ بەبۆمبا دەتکوژن
سەد دەخاڵەت کەی بەڕاستی کوشتەیی سەر سێداری تۆ
چەندی خۆت بۆیان بەکوشت دا، ئاخری سوودی نەدا
چونکە کوردی هەر لە چاویان بێ نموود و خواری تۆ
سەد هەزار منداڵ و کیژت دەربەدەر بوون و نەمان
وا لە دەس بێگانە دۆتەی خۆشەویست و یاری تۆ
نیشتمانت چۆل و وێرانە، گەلت بوو دەربەدەر
دادەمەزرێ خێڵی بێگانەت لە جێی گوڵزاری تۆ
ئەی ئەسیریتخلص ڕۆژێ وا دێ گەل بەحەققی خۆی ئەگا
لەو دەمە هێدی دەبێ ئێشی دڵی داغداری تۆ