تروسکە
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
1 دقیقه
752 مشاهده
ئەی تروسکە:
بەرەو کۆ دێین بۆ ڕێی ژین
بە چوار وەرزە پەل ئەگێڕین بتبینن
دەور و پشتمان پەیکوڵە
پەل ئەگرین:
پێمان ڕووتە تێشووی ڕێمان سکڵە
هەنا ڕاوە:
سوور بوونەوەی سەر سنگمان
دام و داوە، جێگەی چینەی ناوچنگمان
قوڵیی نزیک:
گەردنی داپۆشراومان
مەیلە و ئاڵە، تکەی دڵی گوشراومان
زەردی دووکەڵ:
توێی سەرپۆش قوڕاوی
یەخەی ونجڕ کراس شیتاڵ بڕاوی
بەفر و خوێنە:
بەفر و خوێنە خۆراکی بەستەڵەکمان
بۆ مانەوەی ڕەگێکی ڕەچەڵەکمان
بۆ مانەوە:
زەرد و سوور قوربانی
پەڵکە زێڕینەی سنوورە گۆرانی
هانا گڕە:
گڕ چاوگە.... خرمانە
دانەوێڵەی قەد پاڵەکان فرمانە
فرمان دارە:
دار بەری من و تۆیە
گەر نەگڕیین لوتمان لەسەر ئەژنۆیە
کورنووش بردن:
یاسای دەوری کەوانە
کەی دیلێتی ئەنجامی کورد زمانە
کەی دیلێتی:
بۆ میللەتان ڕەوایە؟
لە کوێ زەهر بۆ نەخۆشی دەوایە؟
ئەی تروسکە:
ڕووە و تۆ دێین بۆ شادی
ئینجیل مانە سووتاندن یا ئازادی