کەی

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 1 دقیقه  872 مشاهده
ئەی هەنسک و سۆزی بلوێر
کەی بێ من تێر
قوم بدەم لەو «گۆی» شەتاوە
دەم بخەمە دەمی چاوە...
دەس بکەمە ملی چیا
وەک شەونمی سەر سەوزە گیا
وەکو هەنگی سەر هەڵاڵە
سەر بکەمە سەر گوڵاڵە
سنگی نێرگس هەڵبمژم
کەمەری تاڤگە بگوشم؟
ئەزانی کەی... ئەزانی کەی
هەناو و دڵ ئەڵێ ئۆخەی؟
گەشەی بۆ من بۆ چاوی کوێر
ئەی هەنسک و سۆزی بلوێر