نێرگس

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  1156 مشاهده
ئەی پرچ پەڕەی سپی و نەرم
ڕوومەت بلوور
چاو... سەرچاوەی مەستی و شەرم
بریسکەی دێ
وەک کۆمەڵە ئاڵتوونێکی
زاخاودراو
دەمی زەردت
ئەڕوانێتە بریقەی بەرد
لە قەدپاڵ و گرۆڵکە و هەرد..!
تۆ پرسیارت لە بای وەشتە
کاتێ گۆپکە
لێوی گرژی ئەبروێنێ
کاتێ چرۆ
چاوی نووستووی ئەترووکێنێ
یا ئەرخەوان
خونچە لێوی ئەنەخشێنێ...
تۆ پرسارت لە بای وەشتە
کەی ئەفڕێ
پەپوولە وێڵی ئەو دەشتە..!
کەی ئەگاتە
بەهەشتی مێرگ..؟!
وەڵام نییە
وەک تەمەنی گوڵاڵەی سوور
تیژ دێت و گورج تێئەپەڕێ..!
یا وەک
بەفرێکی ساڵ درەنگ
کە ببارێ
چۆن ناگاتە دەم ئێوارێ
ئا بەو جۆرە
با، چرۆ، لەگەڵ گۆپکەی دار
دێن و ئەڕۆن
بە فرمێسکی ئاورنگی شەو
لاشەی لەناو چوونیان ئەشۆن..!
ئەی سواخی پەپوولەی وێڵ
وەڵام نییە...!
ناچار ڕوو ئەکەنە یەکتر
ئەی پرچ سپی چاو پڕ شەرم
دەم هەروەکوو گەنجینەی زێڕ
بەدەم شنەی شەماڵەوە
تا... ئاژەڵ دێتە ماڵەوە
مل بۆ یەکتر ئەلەقێنن
وەکوو دوو پیری ساڵخوردە
دوو ڕیش سپی سەر گۆنا زەرد..!
چۆن ڕاز بۆ یەکت گەرم ئەکەن
ڕابردوویان
ئەهێنن، بەبای ئەدەن
ئا.. بەو درەنگە
گوێ بۆ یەکتر ڕایەڵ ئەکەن
تا زەردە سەر کێوان ئەبەن..!
کەچی وەڵام..
یا سۆراخی پەپوولەی وێڵ
ناگاتە گوێچکەی بەق و چێڵ!
لە پڕ هەور ئەگرمێنێ
چەخماخەی سوور
دڵی چیا ئەهەژێنێ
تاوی لێزمەی بارانی خۆڕ
پەڕەی نەرمت ئەوەرێنێ...!
چی ناو ئەنێی
هێرش... گریان،
هەتاو
زەرکەفتی پرشنگی
ئەنیشێتە سەر ڕووی زەوی
باڵندە دێتە جم و جۆڵ
ئەچریکێنن لەگەڵ نزار
ئەکەونە جۆش و کەف و کۆڵ...!
ئەو نێرگسی ئاواتی کورد
چاوەڕێ (پەپوولەی) (جووڵەی)
بەیان بێنێ؟
دڵی ئەم کوردە ئازایە ڕاچڵەکێنل.!
ئەوەندەت زانی
ساماڵی سەرفەرازی
هەوری دڕی
بەبای هێزی تێکۆشان
سایەقەی ئازادی کڕی