ڕێگای خەبات
از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
2 دقیقه
1554 مشاهده
تا.. فرمێسکی ڕەهێڵەی خۆر
نەڕژێتە سەر
نەڕژێتە سەر چرۆی قوپاو
نایەتە بەر...
پێ ناکەنێ بەبای شەماڵ
ناتروکێنێ
چاوی نووستووی
ژێر هەوری تاڕ
***
ناکرێتەوە...!
نابێ بەسەر پۆش درەخت
چرۆی گرژی نەپشکووتوو
لێو هەڵقورتاو
بۆ ئاوی چاو...!!
***
تا.. قرچ و هوڕ
وەک گڕی سووڕ
شەو پەروانە
نەسووتێنێ
باڵی تەنک
بۆ ئەفسانە..!
***
بۆ نەختێ ڕۆشنایی
لێ دیار
بۆ... چاوەزار
لێوی بێزاری تاریکی
ناگاتە ناو
مەشخەڵی ڕووناکی
لێ دیار
ئەبێ تاو
ببارێنێ پەڕی سووتاو
ئەگێنا چۆن؟
تاڵە دەزووی تروسکەی دوور
ترووسکەی دوور
لە قاچی نەرمی ئەئاڵێ
ئەئاڵێ
ئەیبرد بۆ قوژبن و چاڵێ..؟
***
تا... پەپوولەی
باڵ کونجی تێر
تەی نەکارێ
نەگەڕێ
هەردەی تارا پۆشی
نیشانەی جێ
لێی ون نەبی
نووکی دڕک
سنگی شەقار
نەکا...
بازرەقە نەبەستێ
کە پەلامار
بهێنێ مار..!
***
ناگاتە هەڵاڵەی نێرگس.!!
لێووی برسی
پەڕەی ناسک
ناخاتە ناو
ناو دەمی
داخی گوڵاڵە
***
زۆر مەحاڵە
باڵی پشوو
بەیەک و دوو
بێنێتە سەر بووکی بنار
***
بەڵێ
ئێمە وێڵی گوڵێ
ئەمانەوێ
بە خوێنی قاڵی ڕۆڵەمان
بپشکوێ..
چۆک لەناو لێفەی ئاراما
بەبێ کۆشش
بێ تەقەلا
بەبێ سووتان
شەوگاری کش
ئەبێ بە نیوەڕۆی ڕووناک
بە چراخان
لەشی برینداری ستەم
گورج گۆشتە و زوون
***
کەوابوو
زنجیر و پێوەن
ئەی پێست دابڕ
بگە سەر ئێسقانی سەر
وەک ماری کڕ...
***
دیواری پانی
زیندانی
قووچ و بڵند
گلێر کەرەوەی
دڵانی
لە ئاوات پڕ
بیپروێنە
دایڕزێنە
جەستەی دیلت..!
ئەبێ بزانی ئەو پێیەی
کەوتە ڕێ
ئەگاتە جێ
ئەگاتە مەنزڵی شادی
بۆ ئازادی
بە فیڕۆی نادا
خوێناوی
بەلێشاوی