کونەپەپووی شەڕ

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 4 دقیقه  1158 مشاهده
تۆ بخوێنە هێلانەواز
ئەی دوژمنی جریوە و باز
هاوڕێی دوو کەلی ناساز
مشک و مار بێنەرە پەرواز
تۆ بە قریشکەی ساماویت
چاوی بەفر و فێڵاویت
باڵی ژاکاوی خوێناویت
چنگی تیژی خوێناویت
ئەوەی ڕۆژ تۆقاندوویەتی
بریقە.... تەزاندوویەتی
گەشەی گوڵ تۆراندوویەتی
ڕووناکیی فڕاندوویەتی
وای لێ کە تۆزێ دەرکەوێ
کەف و زەرداوی سەرکەوێ
پڕیشکی خوێنی بەرکەوێ
ئەو سەرکەوێ خەڵک ژێرکەوێ
ئەی پاسەوانی کەلاوە
خۆت بۆ نێچیرێک مات داوە
موژدەی شەوگارت هێناوە
بۆ دەستەیێک خۆت باداوە
بەڵام ئەوەی لات پۆڵایە
خاوەنی زێڕ و تەڵایە
بەهێزە و دەوری قەڵایە
هەوری ناخۆشی و بەڵایە...!!
ئەوەی لای تۆ قەڵای سەختە
خاوەنی تەلار و تەختە
سەرۆکی شادی بەجەختە
ڕابەری خۆشییە.. بەختە
پووچتر لە داری گەننەڵ
پیستر لە ڕێویی دەغەڵ
لای بازە، سیسارکە کەچەڵ
بێشەرمە، گڕۆیە، چەپەڵ
ڕزیوتر لە لاکی چاڵ
ڕەشترە لە ڕەشی زووخاڵ
بێزراوترە لە ژار تاڵ
سواوترە لە کۆنەناڵ
وا لە ترسی خوێندنی مەل
لە ترسی چریسکەی دەم کەل
لەبەر ئاواز و سۆزی تەل
(لەبەر نرکە و جۆشینی گەل)
شپرزە و شێت و فێدارە
ڕۆژی لە لا شەوی تارە
نوێنی لێژ و پڕ لە خاوە
خەوی لە لا ژەهری مارە.....!
(لەبەر دەس کردنە گەردن)
سامی هیچ نەماوە مردن
شانازییە بەختکردن
لەو کاتەیا هێرش بردن....!
وا نزیکە شادمانی
شەڕ بۆ یەکەم قوربانی
هەر هاکا ژوورە زیندانی
هەرەسی هێنا و ڕووخانی
ڕووخانی شاڵاوی گەلم
ڕایڕفان ئاسۆی دەم گەلم
کەوتە جۆشش تار و تەلم
------------------
وا بەهار تارای پۆشیوە
خونچە کراوە و خەنیوە
ئەم دەس ئەو دەسی تەنیوە
ترسی بە مردن کڕیوە
کام دەس و کام پەنجە ئەبڕن
کام سک و کام جەستە ئەدڕن
کام دەروون و کام دڵ ئەگرن
بۆ کوێ بۆ کام جێگا ئەفڕن؟
کونەپەپووی باڵندەی شەڕ
ئێسک قورسی بێ بوم و فەڕ
گوێ لە ئاستی شنە و شۆکەر
سەرباڵ بە فرمێسکی شەو تەڕ
ڕوو ئەکەیتە کام وێرانە
کوێ ئەکەی بە خانە و لانە
کوێ پڕ لە بێر و سامانە
جێگای هەڵپەڕکێی گەلانە...!
وا مێزی ئاشتی و ئازادی
شەپۆل ئەدا بەرەو شادی
ئەڵێ... نە شەڕ نە بەربادی
ئەڵێ... خۆشی نەک ناشادی
کونەپەپووی چاو گێژ و وێژ
حەساننەوە و ئارام نە چێژ
بالۆرە ناخۆش و درێژ
چنگ لە گۆشت و سەر و لەش تێژ
گریمان... چنگت خستە کار
وێرانت کرد دێهات و شار
سێبارەت کردەوە ڕەفتار
ڕێگات چۆڵ کرد بۆ نالەبار
بەڵام... ئەم هەموو ئاوازە
ئەم هەموو جریوە و نازە
ئەم جۆش و کوڵ و پەروازە
ئەم هەموو شەهێن و بازە
چی لێ ئەکەی چۆن دێیتە ناو
چی لێ ئەکەی لە ڕۆژ و هەساو
هەر بە تاڵی ئەگریجەی خاو
ئەتکەن بە ورگی هەڵوەشاو
چیای شیرین... چیای شیرین
لووتکە سپی دامەن ڕەنگین
پڕ لە لالە و وەنەوشەی شین
مەنزڵگای قوربانی و برین
هۆی شانازیی نەتەوەی کورد
بڵێ بە قەندیل و هەڵگورد
کونەپەپووی بە هەڵپەوبرد
ئەو باوکەی مرد، ئەو باوکەی مرد
بڵێ... ئەوەی خاوەن بیرە
دوژمنی کۆت و زەنجیرە
سا گەنجە یا وەکوو پیرە
سەفەر بەگلگی لە بیرە
ئێمڕۆ خەڵکی خاوەن هۆشە
بۆ ئامانجی بەپەرۆشە
بۆ شتێ ئەڵقە لە گۆشە
کە سەودای منیشە و تۆشە
ئێمە لە جیاتی وێرانی
لە جیاتی ماڵپەرێشانی
بوون بە قاورمە و بوریانی
ئاوارە بوون سەرگەردانی
پێویستمان بە ئازادییە
بە ئاسوودەیی و شادییە
بە بەزمی کەیقوبادییە
گەل ئا ئەمە مرادییە
کۆتری سپی، نەرم و شل
چاوڕەش بە بێ دەسکاری و کل
زێڕین بە بێ پڵپڵەی مل
خاوەن لەنجەی بەخلە خل
بخوێنە.. بە دەنگی زوڵاڵ
سەرنج بدەرە گوڵی ئاڵ
ڕاوی نێ پەپووی ئێسک تاڵ
بڵێ.. ئاشتی بۆ ماڵ، مناڵ