پێشەکیی چاپی دووەم

از کتاب:
ڕازی تەنیایی
اثر:
احمد هردی (1922-2006)
 38 دقیقه  2501 مشاهده

لەو ڕۆژەوە «ڕازی تەنیایی» بۆ یەکەم جار، لە ساڵی ١٩٥٧دا چاپ کراوە، هەندێک لە شیعرەکانی بوونەتە مایەی گفتوگۆ و لێدوان و لەسەر نووسینی هەندێ برادەری نووسەر، کە داخەکەم هەر یەکەیان لە خۆیەوە کات و مەبەستی بۆ شیعرەکانم داناوە، یان بە ئارزووی خۆی لێکی داونەتەوە.

لەناو ئەمانەدا دوانیان، یان بڵێین نووسینی دوانیان، بایەخێکی تایبەتیان هەیە: یەکەمیان هاوڕێی بەڕێزم «د. عیززەدین مستەفااعلام»یە کە لە کتێبی «الواقعیة في الادب الكرديعربی»دا کە دکتۆرانامەی مامۆستای ناوبراوە، لە چەند شوێنێکدا باسی شیعرەکانم ئەکات.

دووەمیان: وتارێکە کە «کاکەی فەلاحاعلام» لە ڕۆژی ١/٨/١٩٧٧ دا لە باخچەی یەکێتیی نووسەرانی سلێمانی، دەربارەی من دابووی و لە دواییدا (ساڵی ١٩٧٨) ئەو وتارەی لەگەڵ چەند وتار و نووسینێکی تردا بە ناوی «کاروانی شیعری نوێی کوردی»یەوە لە چاپ دا و بڵاو کردەوە.

هەرچی نووسینەکەی کاکەی فەلاحە، باسێکی تا ڕادەیەک دوور و درێژە. لەپاڵ شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا، چەند هێرشێکی ناڕەوا و گەلێ قسەی ڕەق و ناشایستەی تێدایە، وەک ویستبێتی ناوی من لەکەدار کات، لە کاتێکدا کە من نەک هەر لەم وڵاتە نەبووم، بەڵکوو هەواڵی مردنیشم لەم دەمەوە ئەڕۆیشت بۆ ئەو دەم.

ئەوەی ڕاستی بێت کاتێک کە ویستم ڕازی تەنیایی بۆ جاری دووەم چاپ بکەمەوە، لە پێشدا بڕیارم وا بوو کە وەڵامێکی دوور و درێژی هەردوو نووسینەکەی د. عیززەدین و کاکەی فەلاح بدەمەوە، لەم ڕووەوە، زۆرتریش قسەی برادەرێک کاری تێ کردم کە وتی: «ئەگەر سبەینێ خۆت مردیت، کێ لەدوای خۆت ئەتوانێت لە جیاتی تۆ وەڵام بداتەوە؟ تەنانەت ئەگەر کەسێکی واش هەبێت، کێ بڕوای پێ ئەکات؟ یان خوانەخواستە، دوای مردنی ئەوان ئایا وەڵام دانەوەی تۆ نابێتە هۆی ئەوەی خەڵکی بڵێن: هەتا نەمردن نەیوێرا وەڵامیان بداتەوە! چونکە ئەوەندە بەڵگەیان بەدەستەوە بوو، کە لە ژیانی خۆیاندا، نەوێرێت سەرپێچییان لەگەڵدا بکات!»، ئەڵێم لە ڕاستیدا ئەم قسەیە کاری تێ کردم و دەستم دایە قەڵەم و وەڵامێکی دوور و درێژم نووسی بەو هیوایەی بیکەم بە پێشەکیی ئەم چاپی دووهەمە، بەڵام پاش ماندوو بوون و نووسینێکی زۆر، بۆم دەرکەوت: کە نووسینێکی وا دوور و درێژ، نەک هەر لێرەدا جێ نابێتەوە بەڵکوو پێویستی بە نامیلکەیەکی سەربەخۆی سەرومڕە. ئەگەرچی تەنانەت لەوێشدا ڕەنگە هەر دەرفەتی ئەوەم نەبێت کە: سەر تا خواری قسەکانی کاکەی فەلاحاعلام شی بکەمەوە. جا لەبەر ئەوە بڕیارمدا ئەو وەڵامە لە نامیلکەیەکی تایبەتیدا بنووسم و لە دەرفەتێکدا چاپی بکەم.

بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە دەست نیشانی بکەم، چەند خاڵیکی سەرەکییە کە: بە شێوەیەکی گشتی، هەندێک لە شیعرەکانم و چەند سووچێکی ژیانی خۆم، تا ڕادەیەک، ڕووناک ئەکاتەوە و لە هەمان کاتدا وەڵامێکی سەرەتاییە بۆ قسە ناڕەواکانی کاکەی فەلاحاعلام، کە هەر لە سەرەتاوە وای پیشان ئەدات، من لە شاعیری کەوتووم و قسەکەش ئەداتە پاڵ خۆم. لە پاشاندا، ئەم بۆچوونەی خۆی، بە چەند شێوەیەک دووبارە ئەکاتەوە.

بۆ نموونە کە دێتە سەر ئەم سێ بەیتە:

بەڵێ ئەوسا دڵێکم بوو کە سەرچاوەی ژیانم بوو
دڵێ مەڵبەندی ئاوات و تەوژم و تینی گیانم بوو
دڵێ گوڵزاری دڵداری و بەهەشتی خۆشەویستی بوو
وەکوو بتخانە مەیدانی بتی جوانی پەرەستی بوو
لەگەڵ هاوار و گریانی هەژارانا لە شینا بوو
لەگەڵ ناڵەی کەساساندا لە خورپە و ڕاچەنینا بوو
 

ئەڵێم کە دێتە سەر ئەم سێ بەیتە کە بەشی دواییی شیعری «دڵێکی تێکشکاو»ە و لە کاتی خۆیدا نەمتوانیوە تەواوی بکەم، کاکەی فەلاحاعلام ئەڵێت: لێرەدا لەپڕ وەستاوە شیعرەکەی بەبێ ئەنجام و ناکامڵ بە جێهێشت و نەیویست، یا ڕاستتر نەیتوانی بگاتە کۆتایییەکی سەرکەوتووانە و تەواو. وا دیارە هەر تەنیا کاکەی فەلاحاعلام بڕوای وا نەبووە، بەڵکوو هەندێک برادەری تریش لەو بڕوایەدا بوون کە من ناتوانم ئەو شیعرە بە هەمان سۆز و گەرم و گوڕییەوە تەواو بکەم، لەمانە مامۆستا «عومەر عارفاعلام» کە هاوڕێیەکی دێرینمە، لە هەموویان زۆرتر ئەم قسەیەی کردووە و نەک هەر ئەوەش، بەڵکوو گرەوێکیشی لەسەر کرد و بەڵێنی دا کە سەیرانێکی گەورە بۆ دەستەیەکی زۆر لەو برادەرانە ساز بکات، بەو مەرجەی من ئەو شیعرە تەواو بکەم. بەڵام لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان قسەی کاک «عومەر عارفاعلام» و قسەی کاکەی فەلاحاعلامدا، ئەویش ئەوەیە کە هەرچی کاک عومەراعلام و هاوڕێکانین، بڕوایان وا بوو کە شیعرێک لە ١٩٤٦ دا وترابێت، لە ١٩٨٣دا تەواو ناکرێت، بەڵام من بە تەواو کردنی شیعرەکە توانیم بیسەلمێنم کە ئەم باری سەرنجە ڕاست نییە.

بێینەوە سەر بیروڕای کاکەی فەلاح و وتمان بڕوای مامۆستا فەلاح لەگەڵ بڕوای کاک عومەردا زۆر جیاوازە، چونکە ئەگەر ئەم لەبەر چەند هۆیەک تەواوکردنی ئەو شیعرەی بە گران زانیبێت، کاکەی فەلاح نەک هەر ئەو شیعرە، بەڵکوو بڕوای وایە کە گوایە جارێکیتر ناتوانم هیچ شیعرێکی وا بەسۆز بڵێم، ئەوەتا ئەڵێت: «... لەبەر ئەوەش کە بە تاقی کردنەوەی بۆی دەرکەوت کە ناتوانێت شیعرێکی هاوبیر و هاوسۆز و بەهرەدارانەی وەک ئەوانەی پێشوو بڵێت، مەسڵەحەت وایە بێدەنگ بێت... هۆیەکان و زامەکانیش زۆرتر لەوە قووڵتر و بەسوێترن کە وشکە گلەیی و تاسەی سەر پێیی ئەم و ئەو کار لە شاعیر بکات و بجووڵێت».

وەک ئەیبینین کاکەی فەلاح زۆر بە دڵنیایییەوە وای پیشان ئەدات کە من جارێکی تر ناتوانم شیعرێکی وەک هی جاران بڵێم، جگە لەمانە گەلێ قسەی تریش ئەکات کە لێرەدا جێی باس کردنیان نییە.

وەک لە نووسینەکەی کاکەی فەلاح و ئەوانی تردا دەرئەکەوێت، ئەو نووسەرانەی باسی ئەو قۆناخانەی ئەکەن کە شیعری منی پێدا تێپەڕیوە دوو خاڵ هەیە نایزانن:

یەکەم: ئەوە نازانن کە لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیمەوە، جگە لە سەردەمێکی کورت، قوتابخانەی «ڕۆمانسی» کاری تێ کردووم، پێش ئەوەی هیچ ئەدەبێکی «ڕیالیزمی» ببینم، هەروەها ئەوە نازانن کاتێک کە چوومە مەیدانی سیاسەتەوە، من لە قۆناخی خۆشەویستیی دووەمیش تێپەڕیبووم، ئەگەرچی کارتێکردن و شوێنەواری تا چەند ساڵێکی تریش هەر مابوو بە پێچەوانەی ئەوەوە کە کاکەی فەلاح ئەڵێت: «شاعیر لە دنیایەکی ڕیالیزمی سەرقاڵی کاروباری بیر و باوەڕی سیاسی و... جموجۆڵی ڕۆژانەوە ڕووی کردە مەڵبەندی سۆزی ڕۆمانسییانە و بەزمی دڵداری.»

واتە بە پێچەوانەوە من لە دنیایەکی پڕ جۆش و خرۆشی دڵداری و سۆزی ڕۆمانسییەوە ڕووم کردووتەوە مەیدانی سیاسەت، بۆیە ئەبینیت لە سەرەتادا شیعری پڕ سۆزی ڕۆمانسی و لە دواییدا شان بە شانی ئەو، بابەتی ڕیالیزمی لە شیعرەکانمدا دیارن، بەڵام نابێت ئەوەمان لە بیر بچێت کە قوتابخانەی ڕۆمانسی خۆی لە خۆیدا (دوو ڕێڕەوی جیاوازی تێدایە کە ئەتوانین ڕێڕەوێکیان ناو بنێین ڕيڕەوێکی ڕۆمانسی ڕووت یان سەلبی و ڕێڕەوێکی ئیجابی. کە ئەمی دووەمیان، پاڵ بە مرۆڤەوە ئەنێت ویستی خۆی لە ژیاندا بسەپێنێ و گیانی بەربەرەکانێی تێدا درووست ئەکات دژی نالەباریی ژیان و ئەو کۆتانەی بە زۆر ئەکرێنە پێی.

من لە سەرەتادا ڕێڕەوی یەکەم و لە پاشتردا هەردوو ڕێڕەوەکە لە شیعرەکانمدا دیارن وەک لەپێشدا وتم و تا ماوەیەکی زۆر هەر دوو ڕێڕەوەکە شان بە شانی یەکتر ڕۆیشتوون، ئەمەش شتێکی سەیر نییە کە ڕێڕەوێکی ئەدەبی ئەوەندە کار بکاتە سەر دڵ و دەروونی مرۆڤێکی شاعیر یا هونەرمەند و شان بە شانی ڕێڕەوێکیتر، تا ماوەیەکی زۆر لە ژیانیدا بڕۆن بە ڕێوە، چونکە ژیانی دەروونی و هەست و سۆز و ناخ و هۆشی مرۆڤ، ئەوەندە سادە نییە، یان ژوورێکی سادەی دوو دەرگا نییە، لەم سەرەوە تەوژمی تێ بکەیت، لەو سەری بچێتە دەرەوە! بەڵکوو هەر شەپۆلێک، یان تەوژمێکی بیروڕا، یان تەوژمێکی سۆز و خۆشەویستی و هونەر، کە چووە دەروون و ناخی هەستەوە، ڕەگی داکوتا، هەروا بە ئاسانی، شوێن بۆ تەوژمێکی نوێ بە جێ ناهێڵێ، بەڵکوو لە تەکیدا ئەکەوێتە زۆرانبازی، بگرە لەوانەیە تا ماوەیەکی زۆر هەردووکیان شوێنەواریان لە دڵ و دەرووندا دیار بێت، تا لە دواییدا، یەکێکیان سەر ئەکەوێت.

گومانی تێدا نییە، منیش وازم لە شیعر نەهێنایە، یەکێک لەو ڕێڕەوانە (یان ئەو تەوژمانە) بەسەر شیعرەکانمدا زاڵ ئەبوو و من لام وایە ڕێڕەوی دووەم واتە: ڕێڕەوێکی «ئیجابی» شۆڕشگێڕانەم ئەگرت، چوونکە بەڕاستی لە ساڵی ١٩٥٧دا خۆم هاتبوومە سەر ئەو بیرە و بۆ ئەوەی خوێنەرانی «ڕازی تەنیایی» ئەو تەم و مژی نائۆمێدی و ئاوازە گریاناوییەی شیعرەکان کاریان تێ نەکەن، ئەوە بوو لە سەرەتای چاپی یەکەمدا وتبووم: حەز ناکەم بە من بێت، گوێی هیچ گەنجێکی کورد بەو چەشنە ئاوازانە بئاخنرێ کە سەر تا پا بۆ ئافرەت و دڵداری ئەلاوێنێتەوە. بەڵام داخەکەم زۆربەی ئەو نووسەرانە، یان لەم قسانە تێ نەگەیشتوون، یان زۆر چاک تێی گەیشتوون و خۆیانی لێ هەڵە ئەکەن لەناو هەموو ئەو کەسانەدا کە لە «ڕازی تەنیایی» دواون، تەنیا لاوێکم دیوە کە تا ڕادەیەکی زۆر لەو چەند دێڕە تێگەییشتبێت، ئەویش شاعیری لاو کاک ئەنوەر قادراعلامە. بە هەر حاڵ با بێینەوە سەر خاڵی دووەم.

دووەم: ئەو نووسەر و ڕخنەگرانە، هەتا ئێستا نازانن شیعرەکانی من هەر یەکیان کەی و بۆ چی وتراون و کامیان پێش کامیان کەوتوون لەبەر ئەوە زۆر جار لە گۆترە شیعرێک کە لە سەرەتای ژیانی هەرزەکاریمدا وتراوە، ئەوان بە هی سەردەمێکی تری دائەنێن و کامیان پێش کامیان کەوتوون لەبەر ئەوە زۆر جار لە گۆترە شیعرێک کە سەرەتای ژیانی هەرزەکاریمدا وتراوە، ئەوان بە هی سەردەمێکیتری دائەنێن و بە ئارەزووی خۆیان مەبەستیشی بۆ دائەنێن. داخەکەم لێرەدا بواری ئەوەم نییە لە یەک بە یەکی شیعرەکانم بدوێم، لەبەر ئەوە هەڵی ئەگرم بۆ نامیلکەیەکی تایبەتی، بەڵام بە هەلی ئەزانم کە لە بەشی دووەمی ئەم پێشەکییەدا ئەشێ بە پێی پێویست باسی هەندێکیان بکەم و مێژووی هەریەکیان ناونووس بکەم.

پێش ئەوەی باسی ئەم چاپە تازەیە بکەین، با باسێکی چاپی یەکەم بکەین، کە لە ساڵی ١٩٥٧دا چاپ کراوە.

لە کاتی خۆیدا و لە چەند ماوەیەکی دوور لە یەکتردا، زۆربەی شیعرەکانی «ڕازی تەنیایی»م بۆ هاوڕێی خۆشەویست کاک مەحمود تۆفێقاعلام بە خەتی خۆم نووسیبوو، لەسەر داخوازی خۆی.

لە دەور و بەری ١٩٥٧دا ڕۆژێک کاک مەحمود تۆفێقاعلامم تووش بوو لە یەکێک لە شەقامەکانی سلێمانیمکاندا مامۆستا مەعرووف خەزنەداراعلامی لەگەڵدا بوو، کە ئەویش یەکێکە لەو هاوڕێ بەڕێزانەی لە کۆنەوە ئەمناسین، وابزانم «جەماڵ خەزنەداراعلام»یشیان لەگەڵدا بوو، پاش وەستان و چاکی و چۆنی، کاک مەعرووفاعلام کە ئەوسا هێشتا دۆکتۆرای وەرنەگرتبوو، ڕووی تێ کردم و وتی: «ئێمە بڕیارمان داوە شیعرەکانت چاپ بکەین».

هەرچەندە لە سەرەتاوە من ڕازی نەبووم و وتم من شیعرم نییە و ناتاندەمێ، بەڵام کە ئەوان دەستنووسەکەی خۆمیان پیشاندام کە بۆ کاک مەحموودم نووسیبوو، ناچار بووم بڵێم باشە بەڵام پێم وتن زۆری ئەم شیعرانە ناتەواون و چاپ کردنیان شتێکی ڕاست نییە، کە چی کاک مەعروفاعلام بڕوای وابوو کە تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا هەندێکیان ناتەواون، هەر تینوویەتی خەڵک ئەشکێنن، چونکە تا ڕادەیەک مەبەستیان داوە بە دەستەوە.

لام وا بێ زۆرتر مەبەستی ئەوە بوو ناچارم بکات تەواویان بکەم، بە هەرحاڵ لە ساڵی ١٩٥٧دا، چاپ کرا و لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ شیعری ترم هەبوو کە لەو چاپەدا نەنووسراوە، وەک:

١. شیعری «فەلسەفەی دڵداری»: کە یەکێکە لە شیعرە جوانەکانی «شیللیاعلام» و من لە کاتی خۆیدا لە گۆڤاری «المجلة»ی «عبدالحق فاضلاعلام»ەوە وەرمگێڕابووە سەر کوردی و لە ساڵی ١٩٣٧ دا لە ١٤ی ئەیلول لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاو کراوەتەوە، هەروەها لە پاشا لە ژمارە ٣-٤ی گۆڤاری گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٢ دا بڵاو کاوەتەوە، بەڵام ناوەکەی گۆڕاوە بە «فەلسەفەی دڵداران».

٢. شیعری «بێ ئارامی»: ئەمیش هەرچەند شیعرێکی کەمە بەڵام وێنەی بێ ئارامییەکی دەوری هەرزەکاری ئەکێشێ کە لەنێوان «١٩٣٨-١٩٣٩» دا نووسراوە هاوڕێیەکی وەک کاک عومەر عارفاعلام نەبێت کەسی تر لە منی نەبیستووە.

* شیعری «پەیامی یار»، یان «لە یارەوە»: ئەم شیعرەش هەر لە چاپی یەکەمدا نیە. چونکە دوای چاپی یەکەم وتراوە.

لە بیرم دێ لە کاتی خۆیدا، واتە لە حوزەیرانی ١٩٥٨دا هاوڕێی هونەرمەند «قادر دیلاناعلام» داوای لێ کردم کە شیعرێکی بۆ دابنێم بۆ ئاواز گۆرانی بشێت، منیش ئەمەم بۆ داناوە کە بۆ یەکەم جار لە هۆڵی کتێبخانەی گشتی، «عومەر ڕەزااعلام» بە ئاوازەکەی «قادر دیلاناعلام»ەوە و وتی، بە بۆنەی چێرۆکێکی شانۆگەرییەوە کە هاوڕێی بەڕێزم کاک مستەفا ساڵح کەریماعلام داینابوو.

٣. شیعرێکی عەرەبیم هەیە بە ناو نێشانی «صلوات المحب» و لام وا بێ ئەمە دووەم جارە شیعر بە عەرەبی بڵێم، یەکەمیان هێشتا قوتابی بووم لە «مامۆستایان»، لە ئەنجامی گرەوێکدا نووسیم، داخەکەم ئێستا هەر چوار دێڕی یەکەمم لە بیر ماوە.

بە هەر حاڵ، بێینە سەر باسی «صلوات المحب»، لەو ساڵەدا -کە لام وا بێ ١٩٥١ بوو- گۆڤارێکی ئێستگەی ڕادیۆی لوبنانیم دەست کەوت، وا بزانم «هنا بیروت»ی ناو بوو.

زۆرتر لەبەر ئەوە کڕیم شیعرێکی عەرەبیی تێدا بوو کە ئێستا لە بیرم نەماوە ڕەنگە «قطرات ثلاث»ی ئەحمەد سافیاعلام بێ.

هەروا چاوم بە گۆڤارەکەدا ئەگێڕا، «گرەوێکی شیعری» تێدا بوو بۆ شاعیران، کە هەر کەسێک بتوانێت شیعرێکی دڵداری بنێرێت بۆ ڕادیۆی بێروت و لیژنەی تایبەتی ئێستگە پەسەندی بکات، خەڵات ئەکرێت و سێ خەڵاتی بۆ دانرابوو و یەکێک لە مەرجەکانی ئەوە بوو ١٠ شیعر لەوانەی، لیژنەکە پەسەندی ئەکات ئاوازی بۆ دابنرێت و ببێتە ماڵی ئێستگە و مەرجێکی تریشی ئەوە بوو کە شیعرەکە لە دوانزە بەیت پتر نەبێت، ئەوە بووە هۆی ئەوەی ئەو شیعرە دابنێم. بەڵام کە گەڕامەوە، بۆ گۆڤارەکە تاکوو ناونیشانی تەواوی ئێستگەکە بزانم ئەم مەرجەی ترم دی کە نووسرابوو: «تەنها شاعیرانی لوبنان ئەتوانن لەم گرەوە شیعرییەدا بەشدار بن»، لەبەر ئەوە نەمنارد، هەرچەندە لە دواییشدا بیرم گۆڕی بەڵام تازە کاتی خۆی تێپەڕیبوو.

ئینجا با بێینە سەر باسی ئەو سێ شیعرەی کە لە چاپی یەکەمدا بە ناتەواوی مابوونەوە و لە ساڵی ١٩٨٣ دا تەواو کران.

ئەم سێ شیعرە هەرچەند چەند قسەیەکیان لێ کراوە و قسەکان هیچیان مەبەستیان نەپێکاوە، واتە ئەوانەی باسی ئەم شیعرانەیان کردووە، لە خۆیانەوە لێی دواون، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشم حەزم کردووە تەواویان بکەم، نەک هەر لەبەر ئەوەی ناڕاستیی قسە و بۆچوونەکانی ئەوانە بە خوێندەواران بسەلمێنم، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە بەڵێنیشم دابوو هەر چۆنێک بێت ئەم شیعرانە تەواو بکەم.

ئەوسا کاکەی فەلاحاعلام لە ساڵی ١٩٧٧دا وتارەکەی دابوو، وەکوو وتم من لەم ناوە نەبووم و نەشم ئەزانی کە تەواو نەکردنی ئەو شیعرانە و بێدەنگیی ئەم چەند ساڵەم بە جۆرێکی تایبەتی لێک دراوەتەوە و کراوە بە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە من هەرگیز ناتوانم شیعر بڵێم. بەڵام کە هاتمەوە و ئەو قسانەم خوێندەوە، بڕیارم دا کە ئەم شیعرانە تەواو بکەم، با زۆر لەسەری نەڕۆین و بێینە سەر شیعرەکان:

 

١- شیعری «دڵداری کچی تازە» کە لە بنەڕەتا ناوی «دوو چەشن دڵداری»یە. کاکەی فەلاح کە باسی ئەم شیعرە ئەکات، ئەوەی کە ئەڵێت:

ئەم دڵەی وەک بت پەرستێ ڕوو ئەکاتە چاوەکەت
نوێژ ئەکا بۆ تیشکی چاو و زوڵفە تێک ئاڵاوەکەت...
 

وا ئەزانێت کە شیعرەکە «هەمان چیرۆکی خۆشەویستی» منە و گوایا «بەچکە دەوڵەمەندێک» خۆشەویستەکەی «لێ زەوت کردووم» کە ئەمانە هەرسێکیان ڕاست نین و بەڵگەیەکن بۆ ئەوەی مامۆستا ئاگاداری باسەکە نییە و لە خۆیەوە قسە ئەکات. بۆ ئەوەی خوێندەواری خۆشەویست ئاگادار بێت، ئەڵێم لە ساڵی ١٩٥٠دا لە ئەنجامی چەند گفت و گۆ و قسە گۆڕینەوە و لێ دوانێکی دوور و درێژی ئەوسادا، وام بە بیرداهات کە چەند شیعرێکی دڵداری ڕێک بخەم کە لە ناوەڕۆکدا جیاوازی چینایەتی پیشان بدات، بەڵام بە جۆرێک بێت کە لەگەڵ زەمینەی گشتی شیعرەکە دا بگۆنجێت، نەک بیروڕایەکی ناساز بێت و بە زۆر ئاخنرابێتە ناو شیعرەکەوە. لەم ڕووەوە هەردوو شیعرم پێ وترا، یەکەمیان شیعری «ست فاتمە» بوو، یەوی تریان «دڵداری کچی تازە» بوو کە لە بنەڕەتدا ناوی «دوو چەشن دڵداری» یە.

بەڵام شیعری «ست فاتمە» وەک لە پاشدا باسی ئەکەم، یەک- دوو هۆی تریشی هەبوو بۆ دانانی، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە: ئەو پەلاماردانی «خاوەن تەلار و عانە» یەی لە شیعری ست فاتمە دا هەیە لە ڕاستیدا زیاتر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پڕۆژیەی کە وتم، نەک بۆ جیاوازی چینایەتی نێوان من و ئەو کچە ی لەوێدا ناو نراوە «ست فاتمە». لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە ئەو جیاوازییە نەبوو، چونکە لە ڕاستیدا ئەو کاتە من بێ ئێش بووم، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە ئەگەر ئەو کچە زۆر هەژاریش بوایە من هەروام پیشان ئەدا کە لە چینێکی لە خۆم بەرزترە، چونکە وەک لە پێشدا وتم مەبەستەکە دەرخستنی جیاوازی چینایەتی بوو لە شیعرێکی دڵداریدا.

بێینەوە سەر باسی «دوو چەشن دڵداری» یەکەی لەمەڕ خۆمان، سەرکەوتنم لە شیعری «ست فاتمە» دا، هانی دام کە شیعرێکی تر دابنێم سەر و مڕ بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرابێت کە وتم، بۆ ئەمەش چیرۆکێکم بە بیردا هات کە زۆر جار لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕوو ئەدات، ئەوێش ئەوەیە، کورێک کە لە پلەی کۆمەڵایەتیدا هاوچینی کچێکە یان کەمێک خوارترە لەو، حەز لە کچە ئەکات و بە تەمایە بیهێنێ، بەڵام کچەکە حەز لەو کوڕە دەوڵەمەندە ئەکات کە بە خۆی و کادیلاکەکەیەوە دەور و خولی کچە ئەدات، بەڵام نەک بۆ ئەوەی بیهێنێت، بەڵکوو بۆ ئەوەی وەک پیشەی خۆی لەگەڵیدا ڕابوێرێت و پاشان وەک گوڵی سەرمێزەکەی بەسیس و ژاکاوی فڕێی بدات. بە کورتی چیرۆکەکە بریتیە لەوەی کە باسمان کرد، لەبەر ئەوە خۆم خستە شوێنی کوڕە هەژارەکە، کە وتمان لە پلەی کۆمەڵایەتیدا هاوچینی کچەکە، یان کەمێک خوارترە و ئەم قسانەم پێ وتووە کە لەم چاپە تازەیەدا ئەیخوێننەوە و کورتەکەی ئەوەیە بە کچەکە ئەڵێم: هەرچەندە کە تۆ بە تەمای ئەو کوڕەیت بەڵام ئەو ناتهێنێت و وەک گوڵی سەرمێزەکەی سەیرت ئەکات و هەر کە لێت تێر و بێزار بوو فڕێت ئەداتە سەرەنوێلکان.

قسەکانیش هەمووی لە دەوری یەک شت ئەسووڕێتەوە کە ئەویش ئەوەیە لە خۆشەویستی دوو چینی جیاواز پیشان بدات، چینێک ئافرەت بە هۆی ڕابواردن ئەزانێت و چینێک کە بە هاوڕێی ژیانی ئەزانێت. سەرکەوتن و سەرنەکەوتنیشم باسێکی ترە ڕووناکبیران ئەکەم بە سەرپشک.

 

٢- «دڵێکی تێک شکاو»: ئەم شیعرە کە لە چاپی یەکەمدا ناوی «نائۆمێدی»یە و بەم بەیتە دەست پێ ئەکات:

بەسەر سامی لەسەر لووتکەی بڵندی گەنجی وەستاوم
شریتی عومری ڕابواردوو وەکوو خەو دێتە بەرچاوم...
 

ساڵی ١٩٤٦ دانراوە و لێرەدا بە تەواوکراوی پێشکەشی خوێندەوارانی ئەکەم کە لە نیسانی ١٩٨٣ دا تەواوم کردووە، واتە دوای نزیکەی ٣٧ ساڵ.

ئەم شیعرە بەسەرهاتێکی دڵدارییە و هیچیتر. تەنانەت لە کاتی خۆیدا بوو بە هۆی مقۆمقۆ و قسە لێ کردنی برادەرانی ئەوسا، لەو ڕووەوە کە کەسێک خاوەنی بیروڕایەکی پێشکەوتنخواز بێت، نابێ شیعرئ گریاناوی و پڕ لە نائۆمێدی بڵێت و هاوڕێی بەڕێزم کاک عومەر عارف و گەلێکیتر لە برادەرانی ئەو دەورە، ئاگاداری ئەمەن.

بۆیە هەرکەسێک بیەوێت لەم شیعرە بە ئارەزووی خۆی ئەنجام دەربهێنێت و یان بیکات بە بەڵگەیەک بۆ مەبەستێکی سیاسی، تەنیا ناشارەزایی خۆی بەرامبەر بەم شیعرە ئەسەلمێنێت و هیچیتر.

ئێستا کە شیعرەکە لە حەوت بەیتەوە بووە بە ٣٣ بەیت، پێشکەشی ڕووناکبیرانی خۆشەویستی کوردی ئەکەم و هیوام وایە هەمان چێژ و تامی حەوت بەیتەکەی پێشووی لێ وەرگرن، هەر وەک پێشکەشی ئەوانەشی ئەکەم کە بڕوایان وابوو من جارێکی تر ناتوانم ئەم شیعرە تەواو بکەم.

 

٣- شیعری «تەپڵی بە تاڵ»:

کاکەی فەلاح شیعری «تەپڵی بە تاڵ» بەم جۆرە پێشکەش ئەکات و ئەڵێت: بۆ ئەوەی باشتر لە حاڵەتە بیری و دەروونی یەکەی شاعیر بگەین، حەز ئەکەم گوێیەک لە تەپڵی بەتاڵ بگرین... بەم جۆرە کاکەی فەلاح شیعرەکە پێشکەش ئەکات کە لە چاپی یەکەمدا هەمووی ١٠ نیوەبەیتە:

وەم زانی کە نامووس و حەیا نرخی کوڕانە
ڕاستگۆیی و وڵات پەروەری ئەنجامی ژیانە...
 

لە پاشدا کاکەی فەلاح کە ئەمە ئەنووسێت، ئەڵێت: کەواتە بە پێودانی بڕوای ئەم شیعرە، نامووس و حەیا و ڕاستگۆیی و وڵات پەروەری سووکن، ناوێکی زلن وەک تەپڵی بەتاڵ، بە دەنگ گەورە و بە ناو بۆشن.

لێرەدا هەر ئەوەندە ئەڵێم کە تەنانەت ئەگەر شیعرەکەشم بەو جۆرەی ئێستا تەواو نەکردایە و ئاوەڕۆگەی شیعرەکە هەر لەسەر تەوس و توانج بڕۆشتایە، لام وایە لە تیر و توانجەکانی سەدان شاعیریتر تیژتر نەبوو، کە لەم بارەیەوە وتوویانە. بە هەرحاڵ ئەگەر کاکەی فەلاح هەر بەوەوە بوەستایە، ئەمانوت شیعرەکە بە ئارەزووی خۆی لێک ئەداتەوە و یا هەر ئەوەندەی تێگەییشتووە، بەڵام کاکەی فەلاح بەوەوە نەوەستاوە، ئەوەتا دوای یەک- دوو دێڕەکەی پێشوو ئەڵێت: «ئەمە هەڵچوونێکی دەروونی و وێنەیەکی تووڕەی باوەڕپێکراوی سەردەمێکی ژیانی ئەم شاعیرەمانە، کە ئەم فرمانە بەربڵاو و دەمبڕانە ی تێدا دەرکردووە، کە ڕاست و ڕاست،... وێنەی تێک شکانی سیاسی و بڕوانەمانی بە بنچینە و بنەڕەتییە بیری و فەلسەفەیەکانی جارانییە و تەواو پێچەوانەی قۆناخی پێشوویەتی...» لێرەدا من وەڵامی ئەم لە سنووردەرچوونەی مامۆستا نادەمەوە، بەڵکوو شیعرەکە خۆی ئەکەم بە بەڵگەیەک بۆ بەرەلایی و درشتی و ورد نەبوونەوەی قسەکانی خۆی. ئەم شیعرە کە ساڵی ١٩٥١ بۆ یەکەم جار دانراوە و لە حوزەیرانی ١٩٨٣ دا تەواو کراوە، بریتییە لە بەسەرهاتی کابرایەکی ڕووخاو کە بە تووڕەیی و توند و تیژی و لێوکرۆژتنەوە ملی ڕێگەی گرتووە و ئەم قسانە ئەکات لەبەر خۆیەوە، تا ئەگاتە بەر تەلارێک کە ئەچێتەوە ژوورەوە و قەواڵەی ڕووخاندنی خۆی مۆر ئەکات. جا تەلارەکە کوێیە یان چییە؟ بەجێ ئەهێڵم بۆ خەیاڵ و ئەندێشەی خوێندەواری خۆشەویست. لە پاشدا پلە بە پلە بەرزی ئەکەنەوە و ئەگاتە پایەیەکی بەرز و ئەوسا هەلپەرستانی وەک خۆی لێ کۆ ئەبنەوە... بەڵام ئەم کابرا ڕووخاوە وەک هەموو کەسێک هاوڕێیەکی نزیکی هەیە کە ساڵەهای ساڵ پێکەوە ڕاز و نیازیان گۆڕیوەتەوە و شان بە شانی یەک تێکۆشاون، ئەم لەگەڵ ئەوەدا کە ڕووخاوە، هاوڕێکەی هەمیشە لە بیرە و جار و بار لە کاتێکدا کە خەم و خەفەتی لێ ئەورووژێت، نامەی هاوڕێکەی ئەخوێنێتەوە کە وا دیارە وەڵامی نامەیەکی خۆیەتی. هاوڕێکەی لە نامەکەدا ئەڵێت: تۆ پاکانە بۆ کورسی پەرستیی خۆت ئەکەیت و ئەتەوێ وام تێبگەیەنێت کە گوایە بۆ خزمەتی گەل لە دوژمنان نزیک بوویتەوە بەڵام ئەوە بزانە تەنانەت خزمەتێکی بچووکیشت پێ ناکرێت، بەو مەرجەی لەگەڵ سوودی سەری گەورەدا نەگونجێت، خۆ ئەگەر ئەو سەری گەورەیە بیەوێ پیلانێک بکێشێت نەک هەر ناتوانی بەرهەڵستی بکەیت، بەڵکوو هەر خۆت ئەکات بە مەقاشێک بۆ ئەو پیلانە، ئەوسا تێئەگەیت ئەو گەورەییە ی تۆ باسی ئەکەیت تەپڵی بەتاڵە. واتە بە کورتی مەبەست لە تەپڵی بەتاڵ کابرایەکی ڕووخاوە، جا ئەمە کێ ئەگرێتەوە و لە کێوە نزیکترە؟ خوێندەواران ئەیزانن!

دوای ئەوەی باسی تەواو کردنی ئەو سێ شیعرەمان کرد، پێویستە هەندێک لە شیعرەکانیتر بدوێین و ئەو تەم و مژە بڕەوێنینەوە کە بە خۆڕایی دەوری گرتوون، لەوانەی کە قسەیان لەسەرە:

 

١- شیعری «ست فاتمە» وەک لە پێشەوە وتمان، ناوەڕۆکی ئەم شیعرە هەرچەندە کە باسی چینایەتی و جیاوازی چینایەتی تێدایە، ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرۆژەیەی کە لە پێشدا باسم کرد، نەک بۆ جیاوازی پلەی کۆمەڵایەتی نێوان من و ئەو کچەی شیعرەکەی بۆ دانراوە. ئەمێنێتە سەر هۆی شیعرەکە، ئەوەی ڕاستی بێت هۆی یەکەم ئەوەیە کە لەو کاتەدا، واتە لە ساڵی ١٩٥٠دا کچێک سەرنجی ڕاکێشابووم و بە پێچەوانەی ئەوە کە لە شیعرەکەدا دەرئەکەوێت، ئەو کچەش هەمان هەستی بەرامبەر من هەبوو بەڵام هەستی هەردووکمان دووران دوور بوو، هەروەها من ئەوساکە، ئەو هەرزەکارەی جاران نەمابووم، کە بە چاو پێ کەوتنێک زمانم ببەسترێ وەکوو لە شیعرەکەدا پیشان دراوە. هەروەک هەڵی ئەوەم نەداوە، ئەو خۆشەویستییە لەو قۆناخە تێپەڕ بکات بۆ قۆناخێکیتر. هۆی دووەمی ئەوەیە: لە هەمان ساڵدا، هاوڕێی بەڕێزم «کاک عیززەت نەجیب» کە لەو کاتەدا لە کۆلیجی «حقوق» بوو، شیعرێکی بۆ هێنام کە یەکێک لە شاعیرانی ئەو کۆلیجە، بەسەر کچە قوتابییەکانی ئەوسای ئەو کۆلیجەدا هەڵیدابوو، شیعرەکە زۆر جوان بوو و یەک بە یەک ناوی کچەکانی هێنابوو، جگە لەوەی کە جوانی تایبەتی هەر یەکێکیانی وەک چەپکە گوڵێکی ڕازاوە پیشان دابوو- وەک خۆم بە بیرمدا هات و یان کاک ئەکرەم پێشنیاری کرد- ویستم شیعرێکی لەو بابەتە دابنێم، بەڵام ئەوسا، واتە ساڵی ١٩٥٠ زۆربەی ئافرەتانی لای ئێمە پەچەیان ئەگرتەوە و هیچ دەستەیەکی وا لە ئارادا نەبوو شیعریان پێدا هەڵبدرێت، بێجگە لەوانەی مامۆستای قوتابخانە بوون، لەبەر ئەوە لە پێشدا ویستم ناوی چەند مامۆستایەک لەوانە کە پێیان ئەڵێن «ست»، بینم و هەر یەک بە پێی ئەو جوانییەی تێدایە پێیدا هەڵبدەم، بۆ ئەم مەبەستەش چەند بەیتێکم دانا کە پێوێست ناکات، لێرەدا باسیان بکەم، لە پاشدا هاتمە سەر ئەوەی کە هەمووی بەسەر ئەو کچەدا هەڵبدەم کە لە پێشدا باسم کردووە و ناوی «ست فاتمە»م لێ نا.

بە کورتی هۆی دانانی شیعری «ست فاتمە» ئەوانە بوون کە باسم کردن، و پێش هەموویان پەلاماردانی چینی دەسەڵاتدار بوو لە شیعرێکی دڵداریدا، و بۆ ئەوەی بەسەرهاتەکە کاریگەرتر بێت، هاتووم خۆم وەک هەرزەکارێک پیشان داوە کە لە ئاستی خۆشەویستەکەیدا زمانی گۆ ناکات! هەروەک خۆشەویستەکەم وا پیشان داوە کە گوێ لە ڕازی من ناگرێت، لە کاتێکدا نە من هەرزەکارە بووم و نە ئەویش بەو جۆرە بووە کە باسم کردووە و نە خولیای ژن هێنانیشم لەسەردا بووە تا «کۆشک و تەلار» لێکمان دوور بخاتەوە، یان ببێ بە دڕکی مەم و زینی نێوانمان.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە: «ئایا شاعیرێک ئەبێ وەک «فۆتۆگرافێک» وێنەی دەوروپشتی خۆی بگرێت؟ یان بۆی هەیە سەربەست بێت لە هەڵبژاردنی وێنە و تێکەڵکردنی ئەو ڕەنگ و سیفاتانەدا» درێژی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، بەڵام ئەوەندە ئەڵێم ئەگەروێنەگرتنی فۆتۆگرافی بکەین بە مەبەستی سەرەکی شیعر و ئەدەب، ئەبێت هەزارەها چیرۆک و شیعری بەرزی جیهان، هەرلە یۆنان و ڕۆمانەوە تا ئیمڕۆ بخەینە پشت گوێ.

با بێینەوە سەرباسی شیعرەکەی «ست فاتمە»، کاتێک شیعرەکە بڵاو بووەوە، بوو بە مایەی قسە و قسە و قسەڵۆکی هەندێک لەوانەی کە خۆیان بە باسی لاوەکی شیعرەکەوە سەرقاڵ ئەکرد وەک ئەوەی: ئەبێ «ست فاتمە» بکەن بە بنێشتە خۆشەی ژێر دانیان، لەمەش ناخۆشتر ئەوە بوو کە زۆربەی ئەو قسە و بەند و باوانەیان، ئاراستەی یەکێکی دیاریکراو ئەکرد جا لەبەر ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو قسانە دابنێم و سەرنجی خەڵکی لەوانە دوور بخەمەوە کە ناویان ئەهێنان، ناچار بووم لە ١٩٥٧دا کە بۆ یە کەمجار شیعرەکانیان چاپ کرد، ڕوونکردنەوە یەک لەسەر شیعرەکە بنووسم، چونکە ئەمزانی ئەو جۆرە قسانە بە هۆی چاپکردنی شیعرەکە وە دیسان سەر هەڵئەدەنەوە، بۆیە ئەم ڕوونکردنەوە یەم نووسی: ئەمەوێت خوێندەواری خۆشەویست ئەوە بزانێت کە ناوی فاتمە وەنەبێت ناوێکی ڕاستەقینە بێت، بەڵکوو وەک لە گەلێ چیرۆکدا ناوی خواستەمەنی بۆ قارەمانی چیرۆکەکە دائەنرێت، ئەمیش شتێکەوا... واتە نەم وتووە «ئەو کەسەی ئەم شیعرەی بۆ دانراوە شتێکی ڕاست نییە، بەڵکوو وتوومە: ناوی فاتمە وەنەبێ ناوێکی ڕاستەقینە بێت».

کە دیارە جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەم دوو قسەیەدا، لە پاشدا ئەم مانایەم بە جۆرێکیتر دووبارە کردووەتەوە و وتوومە: «وەکوو لە گەلێ چیرۆکدا، ناوی خواستەمەنی بۆ قارەمانەکانی چیرۆکەکە دائەنرێت، ئەمیش شتێکەوا»، واتە ناوەکە ناوێکی خواستەمەنییە نەک قارەمانەکە. وابزانم پێویست نەکات لەوە زیاتر لەسەری بڕۆم، چونکە ڕوونکردنەوەکە زۆر ئاشکرا و ڕووناکە بە پێچەوانەوە تێ گەییشتووە. وەک ئەو وتارەی نووسەری لاو کاک «ژەمال محەمەد» لە «ڕۆژی کوردستان» دا دەربارەی «ڕازی تەنیایی» نووسیویەتی و ئەڵێت:

«ئەو وێنەیەی کە هەردی بۆی نەخشاندووین، وامان لێ ئەکات کە بڵێین هەردی دڵدارێکی گەورەی سەردەمەکەی خۆی بووە، کەچی هەردی خۆی ڕەفزی ئەم واقیعە ئەکات، بە تایبەتی لە شیعری «چەپکە گوڵێک بۆ ست فاتمە» دا ئەڵێت: «ئەمەوێ خوێندەوار ئەمە بزانێت کە ناوی فاتمە وەنەبێت ناوێکی ڕاستەقینە بێت...!»

لە پاشدا «کاک جەمال» بەوشەوە ڕاناوەستێت و ئەڵێت: کەواتە بەم پێوانەیە بێت مامۆستا هەردی نە دڵدار بووە و نە دڵداریشی کردووە. من لێرەدا مشت و مڕ لەسەر دڵداری ناکەم، بەڵام ئەو سەرەتایەی ئەو کردوویەتی بە پاڵشت بۆ قسەکانی، ئەو ئەنجامە ناگەیێنێ کە ئەو پێی گەیشتووە، جگە لەمانەش کاک جەمال گەلێک قسەی تریشی کردووە کە لێرەدا شوێنی وەڵامدانەوەی نییە.

 

٢- شیعری «ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت»، کە وا دەست پێ ئەکات:

بە دەستی خۆت کە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە...

ئەم شیعرە هەرچەند سێ بەیتە و ئەو هەموو قاو و قسە دواخستنە هەڵناگرێت کە هەندێک دوایان خستووە، بەڵام ئەو قسانە ناچارم ئەکەن کەمێک باسی بکەم، بۆ نموونە کاکەی فەلاح ئەم شیعرە ئەکات بە نموونەیەک بۆ «مرۆڤێکی تووڕە و ڕق خۆ هەڵساو» لە کتێبەکەیدا، بەڵام لەو شریتەدا کە لە کاتی وتارەکەیدا تۆمار کراوە، ئەڵێت:

«وەک مرۆڤێکی تووڕە و شاعیرێکی پەشیمان و ڕق لەخۆهەڵساو»؛ ئاشکرایە کە مەبەستی لە «شاعیرێکی پەشیمان» ئەوەیە کە گوایە من لە شتێک یان کارێک پەشیمان بوومەتەوە بۆیە ئەم شیعرە م وتووە. وەلەبەر ئەوەی هەندێ کەسی ساویلکەش وا تێ گەییشتوون، بە پێویستی ئەزانم ئەوەی هەندێک باسی هۆی دانانی بکەم. ئەم شیعرە سەرەتای چیرۆکێکە هەروەک «تەپڵی بەتاڵ» و ئەو سێ بەیتەی پێشەوەی، قسەی قارەمانی چیرۆکەکەیە، کە ئەیکات و لە پاش ئەوە خۆی ئەکوژێت و کە خەڵکی ئەچن بە دەنگیەوە ئەبینن لە کاغەزێکدا ئۆباڵی کوشتنی خۆی خستووەتە مل خۆی، بەڵام هۆی خۆکوشتنەکەی نەنووسیوە، لەدواییدا پاش چەند ساڵێک ئافرەتێک کە ژنی کابرا بووە یان هاوڕێیەکی نزیکی، لەسەرەمەرگدا ئەو بەسەرهاتە ئەگێڕێتەوە و هۆی کوشتنی مێردەکەی یان هاوڕێکەی دەرئەخات، کە پێویست ناکات لێرەدا باسی بکەم، بە کورتی ئەم شیعرە بریتییە لەوەی کە باسم کرد، کە لە پاش خۆکوشتنی «حەمەی کەریم»ی جوانەمەرگ بە بیرمدا هاتووە، هەرچەندە بەسەرهاتی قارەمانی ئەم شیعرە زۆر دوورە لە بەسەرهاتی «حەمە»ی جوانەمەرگەوە و زۆرتری لە خۆ کوشتنێکەوە نزیکە لە سەرەتای منداڵیما بیستبووم، لێرەدا بەوەندە ئەیبڕمەوە.

لەوانەیە بووترێت: ئەگەر وەکوو کاکەی فەلاح ئەڵێت نەگەیشتویتە ئەو پەڕی بێهیوایی و دەست لە خۆکوشتن، بۆ کابرایەک ئەکەیت بە قارەمان کە خۆی ئەکوژێت؟!

لە وەڵامی ئەمەدا ئەڵێم، شاعیری زۆر لە من گەورەتری وەک «گۆتە»ی ئەڵمانی لە «ئێش و ئازارەکانی ڤۆرتێر»دا قارەمانی چیرۆکەکەی خۆی ئەکوژێت و ئاشکرایە کە ئەو چیرۆکەش بەسەرهاتی یەکەم دڵداری خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا کەس ئەو گلەییەی لێ نەکردووە و ئەو ڕووداوی خۆکوشتنە هیچی لە پایەی ئەو کەم نەکردووەتەوە.

پاش ئەمانە، لام وابێ کاتی ئەوە هاتووە بپرسم: من بۆ چی وازم لە شیعر وتن هێناوە؟! پێش ئەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە وای بە چاک ئەزانم چاوێک بە شیعرەکانی لەمەوپێشی خۆما بگێڕم، تا لەبەر ڕووناکی ئەو پشکنینەدا شتێکم دەست بکەوێت و بیکەم بە جەمسەری باسەکە. بێگومان ئەگەر ڕۆشنبیرێک بۆ ڕاستی بگەڕێت لە شیعرەکانی ڕازی تەنیاییدا، دوو دیاردەی زەق بەدی ئەکات، یەکەمیان ئەوەیە کە ساڵی ١٩٣٩ بەدواوە تا ساڵی ١٩٤٤ یش «تانگۆی تاقانە خونچەکەی لێ دەرچێت»، من تاقە شیعرێکم نەوتووە کە ناوی شیعری لێ بنرێت! کە ئەمەش دیاردەیەکی سەرنج ڕاکێشە و ئەگەڕێتەوە بۆ جۆری موتاڵاکردنی ئەو سەردەمەم، کە بریتی بوو لە خوێندنەوەی کتێبی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەب و زمان و لەمانە گرنگتر ئەوەیە: لەو سەردەمەدا، بۆ یەکەمجار، ئاشنایەتیم لەگەڵ سەرەتایەکی «فەلسەفە» دا پەیدا کرد. دیاردەی دووەمیش ئەوەیە: لە ساڵی ١٩٤٤ بە دواوە یان ڕاستتر ئەوەیە بڵێم لە دانانی «شۆڕشی نائۆمێدی»یەوە، توانیومە خۆم لەو قۆناخە ڕزگار بکەم، بەڵام چۆن ڕزگار بوونێک؟ ئەگەرچاوێک بە ڕازی تەنیاییدا بگێڕی، ئەیبینی ساڵی وا هەیە تەنیا شیعرێک و ساڵی وا هەیە تاقە شیعرێکیشم دانەناوە، ئەوسا ئەتوانی بڵێیت هەندێک جار، لە دوو ساڵدا شیعرێکم پێ وتراوە! تەنانەت ئەگەر شیعرە سیاسییەکانیشی بخەیتە سەر، بڕوا ناکەم شتێکی ئەوتۆ لەم دیاردەیە بگۆڕێت! بێگومان ئەم دیاردەیە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیەکی ورد هەیە. هەرچەندە من نازانم ئەو ڕۆشنبیرەی سەرنج لەم دیاردەیە ئەدات، چۆنی لێک ئەداتەوە، بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم، بڕوام وایە: تۆوی ساردبوونەوەی لەوەدوام، هەر لە ساڵی ١٩٤٤ەوە خەریکی چەکەرە کردن بووە لە دەروونمدا، بۆیە ساڵی جارێک و دووجار نەبێت، شیعرم نەوتووە.

هەرچەندە ئەمەی وتم هێشتا گریمانە (فەرزییەیەکە) بەڵام ئەوەندە زەمینەکەی پتەوە، کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و شی کردنەوەیەکی تایبەتی هەیە، هەرچۆنێک بێت، ئەوەی لەمەوبەر باسم کرد، دەری ئەخات کە من هەرگیز شیعرم نەکردووە بە پێشەیەکی هەمیشەیی، بەڵکوو ساڵێ جارێک یان دوو جار، لەبارودۆخێکی تایبەتیدا شیعرم داناوە یان با بڵێین: ڕازی دڵی خۆمم تێدا دەربڕیوە.

شایانی باسە ئەگەر ئێستا سەیری کتێبخانەکەم بکەیت زۆربەی ئەو کتێبە فەلسەفیانەی تێدا ئەبینی کە لە سەرەتای هەرزەکاریمدا خەریکی خوێندنەوەیان بووم و کە دوو جار و سێ جار لێم ون بوون و کڕیومنەوە، لە کاتێکدا ئەگەر بگەڕێیت بۆ یەکێک لە دیوانی ئەو شاعیرانەی لەسەرەتای لاویمدا شیعرەکانیان ویردی سەرزمانم بوون و زۆربەیانم کڕیبوو، ئێستا لە کتێبخانەکەمدا نایانبینی، چونکە هەرجارێک لەناو چووبن، جارێکیتر هەوڵم نەداوە بیانکڕمەوە! مەبەستم لەم قسانە ئەوە نییە خۆم هەڵکێشم یان وای پیشان بدەم کە گوایە من هەر خەریکی خوێندنەوەی فەلسەفەم یان لەوانەم کە خوانەخواستە، لە دەریای فەلسەفەدا مەلە ئەکەن! بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە خوێندنەوەی وتارێکم پێ خۆشترە لە خوێندنەوەی گەلێک دیوان، بە مەرجێک وتارەکە شی کردنەوەیەکی فەلسەفی یان ئەدەبی یان ڕامیاری یان دەروونی تەنانەت یاسایی وای تێدا بێت کە سووچێکی نادیارم، بە شێوەیەکی زانستیانە پیشان بدات. دیارە شیعری ئەو شاعیرانەی لێ دەرچێت کە لە ئەدەبی جیهانی دا لوتکەیان گرتووە، چونکە شیعری ئەو جۆرە شاعیرانەی لەم یاسایە بەدەرن و لەگەڵ شی کردنەوەیەکی سەرکەوتوانەدا لەتای تەرازویەکدا بەلای منەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە تەنانەت خوێندنەوەی شیعری ئەو جۆرە شاعیرانەش، لە لای من کات و ساتی تایبەتی خۆی هەیە، لە کاتێکدا خوێندنەوەی شی کردنەوەی ئەدەبی یان فەلسەفی، لە هەموو کات ە ساتێکدا بۆ لای خۆی ڕاپێچم ئەکات!

بە هەر حاڵ، پایەی شیعر لە لای من بە سێ قۆناخدا تێپەڕیوە: لە سەرەتای هەرزەکاری و سەردەمێکی لاویشمدا، پایەی هەر شیعرێک لەلای من لە هەموو شتێک بەرزتر بووە و ئەگەر بڵێم دڵی من ئەوسا هەر جێی شیعری تێدا ئەبووە وە لە ڕاسیم لا نەداوە، کە ئەمە قۆناخی یەکەمە. بەڵام بەهۆی خوێندنەوەی ئەو جۆرە کتێبانەوە تامی شی کردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستییانەم چەشت، وردە- وردە ئەم یارەی دوایی جێی خۆی کردەوە لە دڵ و دەرووندا، تا وای لێ هاتبوو بە هاوشانی شیعر، هەر وەک چۆن ڕۆمانسێتی و ڕیالیزمی سەردەمێک هاوشانی یەک بوون لە سەردەمێکی ژیانی مندا، کە ئەمەش قۆناخی دووەمە.

لە پاشتردا و لە مۆتاڵاکردنی ئەو جۆرە کتێبانەدا، کاتێکم زانی شیعرم فەرامۆش کردووە بێ ئەوەی بزانم کە ئەمەش قۆناخی سێیەمە و تا ئیمڕۆ درێژەی کێشاوە.

لەم قۆناخەدا وەکوو باسم کرد شیعری لووتکەکان و چەند کاتێکی تایبەتی لێ دەرچێ، شی کردنەوەیەکی سەرکەوتووانە یان لێکۆڵینەوەیەکی باش بەلای منەوە هەزار شیعر ئەهێنێ.

لەگەڵ ئەوەشدا جار و بار، لە هەندێ بارودۆخی تایبەتیدا پرشنگی شیعر منی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و لەمەدواش ڕەنگە هەر ڕام بکێشێت کە ئەمە هیچ لەو یاسایەی پێشوو ناگۆڕێت. ئەمەی کە باسم کرد ئەوە ئەسەلمێنێ کە گەلێ جار وا ڕێک ئەکەوێ چیرۆک نووسێک یان شاعیرێک لە سەرەتای ژیانیدا شیعر بڵێت و پاشتر ڕوو بکاتە بابەتێکیتر، یان چیرۆکنووس بێت و جار و باریش شیعر بڵێت. ئەگەر سەیری ژیانی شاعیر و نووسەرانی جیهان بکەین، ئەم دیاردەیە زۆر بە زەقی ئەبینین لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، کە پێویستی بە درێژکردنەوە نییە، تەنانەت ئەم بابەت گۆڕینە ئەوەندە شتێکی ئاسایی یە هی وایە دوو سێ دێڕێک لێی ئەدوێت بێ ئەوەی هیچ کەسێک سەرزەنشتی بکات کە نزیکترینیان وەڵامی میخائیل نوعەیمەیە کە لە چاو پێکەوتنێکدا لێیان پرسیبوو: بۆ چی لەسەر شیعر وتن نەڕۆیشتی؟ لە وەڵامدا وتبووی: چونکە خۆ بەستنەوە لە شیعردا، ماندووم ئەکات بەتایبەتی خۆبەستنەوە بە کێش و قافیەوە، دوای ئەوەش کە دیم شیعرجێگەی بیر و ڕاکانی منی تێدا نابێتەوە، بە تایبەتی بیرە فەلسەفیەکانم وازم لێهێنا و ڕووم کردە پەخشان.

جا منیش ئەگەر بمەوێ وەک میخائیل نوعەیمە بە دوو سێ دێڕ وەڵام بدەمەوە، ئەتوانم لەسەر شێوەی ئەو بڵێم: کە وازم لە شیعر هێناوە، نەک هەر تەنیا لەبەر ئەوەیە کە نەتەوەی کورد پێویستی بە شی کردنەوە و لێکۆڵینەوەی زانستانە زیاترە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی خۆشم شی کردنەوەیەکی لەو بابەتەم لە هەموو شتێکی دنیا پێ خۆشترە و یان لە لای من هەمان تامی شیعری جاران ئەدات و لەگەڵ شیعرە نەمرەکانی دنیادا هاوتایە.

بەڵام داخەکەم، ئەم ڕاستیەی من وا بە سادەیی دەرم بڕی، کاکەی فەلاح تێ نەگەیشتووە، یان ڕاستتر ئەوەیە نەیویستووە تێ بگات! بەڵکوو هەوڵی داوە بە بیردۆزەیەکی داتاشراوی ناڕوا لێکی بداتەوە. هەروا بەسەر پێوە پەنجە بۆ هەردوو لایەنەکەی ڕائەکێشم کە لەمەو پپێوە پەنجە بۆ هەردوو لایەنەکەی ڕائەکێشم کە لەمەو پێش وێنەی هەردووکیانمان پیشان دا. لایەنی یەکەمیان ئەو بەشەیەتی کە بێدەنگی لەمەوپێشی منی پێ لێک ئەداتەوە و لایەنی دووەمیش ئەوەیە کە لەبەر ئەو ڕووناکیەدا بێدەنگی لەمەوداشم بە شتێکی مسۆگەر لە قەڵەم ئەدات! لە بەشی یەکەمدا کاکەی فەلاح بێ باوەڕی و پشت کردنە میللەت و قێزهاتنەوە لە جوانی و دڵداری و گەلێ شت لەم بابەتانە پێویستی بە شی کردنەوەیەکی تایبەتی هەیە کە هەڵی ئەگرم بۆ نامیلکەیەکی تایبەتی، بۆ «بێدەنگی لەمەوداشم».

کاکەی فەلاح – وەک وتم- زۆر بە دڵنیاییەوە دەری ئەخات کە جارێکی تر من ناتوانم شیعرێکی هاومۆز و هاوبیر و بەهرەداری وەک ئەوانەی پێشووم بڵێم! ڕەنگە ئەو دڵنیاییەی لەوە هاتبێ کە خەڵکی لەو ساڵەدا١٩٧٧ منیان بە مردوو لە قەڵەم دابوو!

بە هەر حاڵ، من «کاکەی فەلاح» دڵنیا ئەکەم ئێستاش بووکی شیعر جاروبار نەمجووڵێنێ و بە تاقی کردنەوەی تایبەتی خۆم بۆم دەرکەوتووە هەرجارێک ئارەزوویەکی دەروونی یان هێزێکی هاندەر، پاڵی پێوە نابم، توانیومە شیعری وا بڵێم کە جێی پەسەند کردنی خاوەن دڵان بێ و ئەگەر کاکەی فەلاح وابزانێت بێدەنگی من ئەگەرێتەوە بۆ بێ دەسەڵاتیم لە شیعر وتندا، زۆر بە هەڵەدا چووە و تەواو کردنی ئەو سێ شیعرەی سەردەمی لاویم لەم چاپە تازەیەدا و پاش ٣٣ تا ٣٧ ساڵ بەڵگەیەکی بچووکە بۆ سەلماندنی قسەی من و پووچ بوونەوەی پێش بینییەکەی کاکەی فەلاح.

پێش ئەوەی دوایی بەم پێشەکیە بهێنم، پێویستە سێ خاڵی گرنگم لە بیر نەچێت، یەکەمیان ئەوەیە: لە چاپی یەکەمدا شیعرەکان بە پێی کاتی دانانیان نەنووسراون، کە ئەمەش ماوەی بە هەندێ کەس داوە بە ئارەزووی خۆیان ساڵ و کات بۆ شیعرەکان دابنێن، یان هیچ نەبێ هەڵەی تێدا بکەن، لەبەر ئەوە بڕیارم دا لەم چاپەدا بە پێی کۆنی تازەییان، بیان نووسمەوە، تاکوو بەو جۆرەش لە چاپ بدرێن و بۆ ئەم مەبەستە ڕەنجێکی زۆرم داوە سۆراخێکی زۆرم کردووە تاکوو ساڵی دانانیان ساغ بکەمەوە و لەم ڕووەوە گەلێ برادەر یارمەتیان داوم، کە هەر ئەوەندە م لە دەست دێت کە پڕ بە دڵ سوپاسیان بکەم.

خاڵی دووەمیش ئەوەیە ئەو چوارینانەی بە تایبەتی بۆ سەر کێلی چەند جوانەمەرگێک نووسراون، هەڵبژاردەیەکم لەم چاپەدا جیا کردووەتەوە و خستوومنەتە دوای هەموو شیعرەکانی ترەوە.

ئەمێنێتە سەر خاڵی سێیەم: لە چاپی یەکەمدا، نە ستوونی ڕاست کردنەوەی وشەی چەوت هەیە و نە پێرست بۆ شیعرەکان دانراوە، جگە لەوەی کە چەند جارێک نیوە بەیتێک لە کاتی چاپ کردندا لە بیر چووە. با ئەوەش بڵێم کە خۆشم لە کاتی نووسینەوەی شیعرەکاندا، دەستکاری هەندێ وشە یان ڕستەم کردووە، کە لە پەنجەی دەست تێپەڕ نابن، لەبەر ئەوە ناچارم لەم چاپەدا دەستکارییەکیان بکەم، هەروەها ئەو دێڕانە بنووسمەوە کە چاپی یەکەم نەیگرتوون، بەڵام دڵنیا بن لەوەی هەرگیز مافی ئەوە بە خۆم نادەم دەستکاریی گەوهەر و ناوەڕۆکی شیعرەکان بکەم، ئەگەرچی ئێستا هەندێکیشیانم بە دڵ نییە! بەم بۆنەیەوە ئەبێ بڵێم کە نەمتوانی پێشەکیی چاپی یەکەم لێرەدا دووبارە بکەمەوە کە لە کاتی خۆیدا هاوڕێی بەڕێز د. مارف خەزنەدار نووسیبووی، چونکە وەڵام دانەوە و ڕاست کردنەوەی هەندێک بیروڕای چەوت لەم پێشەکیەدا شوینی بۆ دووبارە کردنەوەی پێشەکیەکەی د. مارف نەهێشتەوە، بۆیە داوای لێ بوردن ئەکەم.

 

لە کۆتاییدا چاپی دووەمی «ڕازی تەنیایی» پێشکەش خوێندەوارانی خۆشەویست ئەکەم، هیوام وایە ئەمیشیان وەک چاپی یەکەم بەدڵ بێت.