بۆ پۆلدی

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  1174 مشاهده
تۆ بۆم بڵێ بە لەرەی لێو
لێوی ئاڵتر لە بەرگی سێو
لەسەر ((تانگۆ)) ی ئاوای دڵ
منیش و تۆش بێنێتەوە کوڵ...!
منی کوڕی گەلی ژێردەس
دەنگی کەمتر ئەگاتە کەس!
منی کوڕی نەتەوەی کورد
نیازیان وایە بە دەست و برد
بیکەن بە گۆشت بۆ (غووڵی) شەڕ
وڵات پاکژکەن بۆ لەوەڕ..!
منی کوڕی گەلێکی دوور
لە دنیای نوێی پڕ گوڵی سوور
نیازی وایە چاو سووری شەڕ
ئاشتی پیلان بخاتە گەڕ
هەڵچنێ ئێسک و لاشە
هەرزان بێ بۆ داڵ و واشە
من بۆم وتی بەستەی قژ کاڵ
بۆم باس کردی گوڵاڵەی ئاڵ
چۆن بە خوێناوی قوربانی
گەشەی کرد و شادمانی
ڕووی کردە وەنەوشەی ڕوو شەنگ
لە خۆیدا تارای ڕەنگاو ڕەنگ
تۆش بۆت وتم بە لەرەی لێو
لێوی ئاڵتر لە بەرگی سێو
وتت: ئێمەی شەڕی گڕدیو
بە کۆمەڵ لە خاکا ڕزیو
نابین بە پێشەنگی ئاگر
نابەینە سەر کەلی باگر
ئیتر... دەستی جوانی و هونەر
دەستی (مۆسیقا) و دۆستی فەڕ
ئەنێینە ناو دەستی گەلان
(ئاشتی) ئەڵێین لەگەڵ مەلان
منیش وەک بۆم وتی (نەورۆز)
گۆرانی کۆنی گەل و هۆز
وا دووبارە گۆرانی دڵ
ئەمخاتە سەر خرۆش و کوڵ
من بۆت ئەڵێم تۆ گوێت لێ بێ
سڵاو پاسەوانی ڕێ بی
با بە یەک دەنگ بە یەک ئاواز
دەشت و چیا بخەینە پەرواز
بڵێین: ئاشتی، ئاشتی بۆ گەل
دەنگ بداتەوە دەمی کەل...