بۆ گیانی برایەکم

از کتاب:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
اثر:
محمدصالح دیلان (1927-1990)
 2 دقیقه  1461 مشاهده
ئەی ئاوارە لە دەس ماری بێگانە
تۆ پاکیت و نەبەزینت نیشانە
تۆ، کۆڵنەدانت و لانەدان لە ڕێگات
بوو بە دڕکی تێهەڵچەقیوی جێگات
تۆ، خۆبەختیت، بیرکردنەوەت لە سبەی
هاویشتیتیە باوەشی سزا و ناڵەی
***
ئەی بولبولی سەودای گوڵی ئازادی
تۆ بۆ ڕۆژی خۆشبەختی و شادی
خۆتت گێڕا لە دەوری ئامانجی گەش
لەگەڵ ئازار و ئێشا بوویتە هاوبەش
تۆ بە ڕووتی، دەردی سەری، نەخۆشی
بۆ هیوایە، ئاواتێ، تێئەکۆشی
تێکۆشانێ دەنگی زەنجیر بێ سازت
تێهەڵچوونێ مڕەی دوژمن بێ ڕازت
ئەی چریکەی بێ دەنگی نوکی خامە
دوژمن گێژە و خەیاڵ و هۆشی خامە
نە توانیویە و نە ئەتوانێ، تۆ و هاوڕێت
ئاشی ترسی ئەو بیرەتان بهاڕێت
نە توانیویە و نە ئەتوانێ، زەنجیری
داوی ڕەشی فاقە و کەوان و تیری
باڵی مەلی (ئاشتیخوێن) تان بشکێنێ
ملی بەرزی خەباتتان دانەوێنێ
***
ئەی ئاوارە، نەک ئاوارەی هەڵاتن
نەک ڕاکردوو لە چنگی تیژی دوژمن
نەء، وریا بی، بەرامبەر مۆڕی چاوی
یا دەرباز بوون لە ژێر قەپی خوێناوی
***
ئەی زمانی هەڵبەستی کوردی شیرین
پەلکی خاوی خەیاڵی وردی زێڕین
تۆ بە (مایە)، بە ناونیشان هەژاری
بەڵام بە خوو، بە کردەوە بەرداری
وەرە، شەرتی خێر پەیمانێ ببەستین
..................
هەتا لاکی ڕێگەی داگیرکەرمان نەنێژین
تامی ئۆقرە و حەسانەوە نەچێژین