I
خوناوی باران دوایی هات. شەماڵ هەورانی ڕاماڵی و ئاسمانی شین وەک دەریایەکی مەند و بەرین خۆی نواند. کۆلکەزێڕینە دەتگوت ئاوێنەی تەواونوێنی سروشتی کوردەوارییە؛ جوان، ڕەنگاوڕەنگ، دڵڕفێن. نیزیکەی دوو سەعات پێشتر مەهابادم بەرەو سەردەشت بە جێ هێشتبوو. دیمەنی بێوێنە و خەمڕەوێنی چیا و دۆڵی سەرنجڕاکێش نقومی زەریای خەیاڵیان کردبووم. لە سووچێکی ماشێنەکەم ڕاگرت و شریتی محەممەدی ماملێ، هونەروەری بەناوم، هاویشتە سەر. دەنگی ماملێ لە نێو دۆڵ و کێودا دەنگی دەدایەوە و تێکەڵی قاسپەی کەوی کوڕادەخواردوو دەبوو:
لە ماشێن دابەزیم و دەرکەییم هەر بە ئاوەڵەیی هێشتەوە، هەتا دەنگی ئاسمانیی ماملێ و دیمەنی مەستیهێنی کەلی زمزیران زیاتر سەرخۆشم کەن....
لە بەستینی چۆمی ناخی دۆڵدا چەند ڕەشماڵ هەڵیاندابوو. هۆزانی «بەهاری کوردستان»ی مامۆستا «هیمن» م هاتەوە بیر؛ لە لایەک مەشکەیان دەژاند؛ لە سووچێک لە سەر سێڵ نانیان دەکرد؛ لەو لا تر شوانە لە سەر تەرتێک بلوێری لێدەدا....
بۆن و بەرامی گیاوگۆڵی بەهاری، عەتری لە هەوادا بڵاو دەکردەوە... ڕەوەتەنی بووم و نەدەکرا زۆر ڕاوەستم. بەو هیوایەوە کە تا تاریک نەبووە بتوانم زیاتر لە سروشتی ڕەنگاوڕەنگ و دڵنشینی ئەو مەڵبەندە کەلک وەرگرم، وەڕێکەوتمەوە.
چەند پێچم بە جێ هێشتن، گەیشتمە پێچی «ئارام ڕووتکراو». مەلی بیرم بەرەو دواوە هەڵفڕی؛ بۆ چل ساڵ لەوەوبەر.
«ئارام» م دەناسی، پیاوێکی باشی سەروڕووخۆشی فەلە بوو. ئەودەم ڕێگای مەهاباد سەردەشت یەکجار زۆر سەخت و سەخڵەت بوو. تەنیا دوو سێ ماشێنی لۆری هاتوچۆیان دەکرد. ئەویش بە حەوتوویەک ڕێگای سەد و سی کیلۆمیتریان دەبڕی. یەکێک لە وان ماشێنی ئارام بوو. ئارام جارێک بەرەو سەردەشت دەڕوا و لەو شوێنەی کە ئێستا پێی دەڵێن پێچی ئارام ڕووتکراو، جەردە پێشی دەگرن و دایدەبەزینن و ڕووتی دەکەنەوە و ناپیاوەتی دەگەیێننە ڕادەیەک کە هێندێکیشی بیراز دەکەن، ئارام قەڵس دەبێ و دەڵێ:
- بۆ لێم دەدەن، درەنگ هاتووم، کەمم بۆ هێناون؟
لەودەمەوە «درەنگ هاتووم، کەمم هێناوە»، دەبێتە مەسەل و ئێستاش لە موکریاندا هەر باوە.
لە پێچی ئارام ڕووتکراو چاوم بە بەرقەدی شاخی کەوت. پڕ بوو لە گوڵاڵەسوورە. بە خۆم نەبوو دیسان ڕامگرت و دابەزیم و چەپکێکم چنی. گوڵاڵە هەمیشە ئیلهامدەری شاعیرانی کورد بووە و هەر کام لەو شاعیرانە بە چەشنێک باسیان کردووە. بە خۆم گوت:
- شاعیر دەبێ چ هەستێکی ناسکی بێ کە بە دیتنی گوڵاڵەیەک شێعرێک دانێ کە تا ئێستا نەگوترابێ؟ لەو بیرەدا بووم کە «باسکی بێریان» سەرنجی ڕاکێشام. لە دەستی چەبی ڕێگا، لە نێو دۆڵ و دەڕڕەیەکدا بانوویەکی سەرسەوزی لێیە کە پێی دەڵێن «باسکی بێریان». مێرگێکی شین و دڵڕفێنی بە سەردا کشاوە و زێدە خۆش و دڵگرە. لە ناکاو پۆلەکەوێک لە شەقەی باڵیان دا و لەو باسکەوە بەرەو کێوی «کورتەک»، کە کێوێکی زۆر بەرزە، هەڵفڕێن. کەویش ئیلهامبەخشی زۆربەی شاعیرانی کوردەوارییە. لە ژێر لێوەوە شێعری شاعیری پایەبەرز مامۆستا «ئاوات» م ورینگە کرد:
خاسەکەوێ لەو کەژە هەڵنیشتووە
خاڵی ڕەش و سووری بە جووت ڕشتووە
ڕاوەچی هەموو لەو کەوە دەرکەوتووە
بۆچی؟ دزە، جەردەیە، کێی کوشتووە؟
بۆچی کەویش بۆتە براکوردەکان
نابی بکێشێ نەفەسێکی ژیان
لێی گەڕێ دندووکی بە بەرد تیژ بکا
غوڕڕە بکا، بانگی کوڕ و کیژ بکا
بێن و بڵێن خاوەنی کێوان ئەمەین
سوورە دەنووکمان، بە دەنووک شەڕ دەکەین
هەر لە دەریای خەیاڵدا مەلەم دەکرد. پێم سەیر بوو کە کورد بەو وڵاتە جوانەی کە هەیەتی بۆ دەبێ هەمووی شاعیر نەبێ؟!
لە کەلی زمزیران وەسەر کەوتم. ئەو کەلە کەوشەنی نێوان مەهاباد و سەردەشتە، دیمەنی مەڵبەندی ئەو دیوەی کەلی زمزیران گەلێک جوانتر و هەستبزوێنترە. لە ترۆپکی کەلەکەوە هەزاربەهەزارێکی لێڕ بە سەردا کشاوە و دۆڵ و دەڕڕەیەکی خەمڕەوێنی بێوێنە خۆی دەنواند. هەوا شادیهێن و خەمتارێن بوو.
تا بەرەو پێشتر دەچووی لێڕەوارێکی چڕ و پڕتر هەزار هیندە ئەو مەڵبەندەی دەڕازاندەوە. سەراولێژی دەستی پێدەکرد. ڕێگا پڕ پێچ و پەنا بوو، لای ڕاستی جادە دۆڵ و دەڕڕە و لای چەپی، بەندەنی شین و جوانی «کورتەک» بوو. کەمێک ڕۆیشتم، گەیشتمە «چایخانەی گوێزان». لە دەشتی چەپی ڕێگا، لە ئامێزی کێوێکی پڕ دار و دەوەن، لە شیوێکی دڵڕفێن کە جۆگەلەئاوێکی ڕوونی سەرتەزێنی بە ناخیدا دەهاتە خوار، لە تەنیشت دارەگوێزێکی بەرز و پڕ لکوپۆدا چایخانەیەک ساز کرابوو. ئاوەکە لەبەر دەرکی چایخانەکەدا لە لووساوکێکەوە دەڕژایە نێو حەوزەکەوە. ئەو شوێنە تا خودا حەز دەکا جوان بوو. جریوەی مەلانی لێڕەوار، خۆشترین مۆسیقایان خوڵقاندبوو. لە بەرزایی و نزمایی شیوەکەدا چەند سەکۆ ساز کرابوون، بۆ دانیشتن بەڕڕەیان لە سەر ڕاخستبوون. لە دەورانبەری حەوزەکەشدا چەند کورسییان بۆ ڕۆنیشتن ڕۆنابوو. دە پازدە کەس لە سەر سەکۆ و کورسییەکان خەریکی چاخواردنەوە بوون. هەوا بۆنی بارانی لێدەهات. سوورەگوڵێکی چووک لە تەنیشت ڕێگا، لە داوێنی چیادا سەرنجی ڕاکێشام و بۆ لای چووم. شریتێک، دەنگی ناسک و برینداری هونەروەری کورد برایم قادری بڵاو دەکردەوە:
دەتگوت برایم قادری ئەمن دەدوێنێ! هەوای دوای باران بەهاری تەنانەت گیا و گوڵیشی سەرخۆش کردبوو.
باران بارانە، دەبارێ باران
لە چی دەگەڕێی؟ لە گوڵی بەهاران
لە سەر سەکۆیەکی نیزیک حەوزەکەوە، لە لای پیرەپیاوێک کە ڕواڵەتی دەروێشانەی هەبوو دانیشتم. پیرەپیاوەکە وڵامی سڵاوەکەی دامەوە و بە خێرهاتنی کردم. پیرێکی خوێنشیرن و ڕەزاسووک بوو. مووی ڕەشی لە سەر و ڕدێنیدا نەبوو. وردەوردە قسەمان دەست پێکرد:
- کاکی خۆم خەڵکی کوێی؟
- مەهاباد
- چ کارێکی دەکەی؟
- نووسەرم
- نووسەر...؟ چ دەنووسی؟
- چیڕۆک، سەرگوریشتە، بەسەرهات....
بزەیەکی هاتێ و قومێکی لە چایەکەی دا و پرسی:
- ئیستا بۆ نووسین چت بە دەستەوە؟
- جارێ هیچ. تازە کتێبێکم تەواو کردووە.
بە بێدەنگی چاوی تێبڕیم. بزەی لە سەر لێوان وەلا نەدەچوو. چاوی سەیر بوو، دەتگوت هێزی هیپنۆتیزمی تێدایە... دوای ئیستێک گوتی:
پێم وا نییە تا ئێستا کتێبێکت وەک کتیبی سەرگوریشتە و بەسەرهاتی من نووسیبێ... لێی خورد بوومەوە. بزەی ڕوانینی، گنجی تەوێڵی، ئاکاری مەند و پیاوانەی، گشتی نوێنەری بەسەرهاتێکی سەیر و سەمەرە بوون. لە خۆم پرسی:
- ئەمە کێیە...، چی لە باراندایە...، دەبێ چ سەرگوریشتەیەکی هەبێ...؟
بە تاسەوە لێم پرسی:
- ڕەنگە سەرگوریشتە و بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێشت بێ.
دوایین قومی لە چایەکەی دا و گوتی:
- بەڵێ... خۆی کتێبێکە...، بەڵام بەداخەوە ئەمن نووسەر نیم تا ئەوەی دیومە و بە سەرم هاتووە بیهێنمە سەر کاغەز. سەد مەخابن ئەتۆش ڕەوتنی.
گوتم:
- ئەگەر پێویست بێ مانگیکیش لە لات دەمێنمەوە و گوێ بۆ چیرۆکی ژیانت شل دەکەم. بە ڕەزامەندییەوە پێکەنی و دەستێکی بە سمێڵی داهێنا و گوتی:
- مانگێک نا، یەک دوو ڕۆژ لێرە بمێنەوە بەسەرهاتی خۆمت بۆ دەگێڕمەوە.
ئێوارەی ڕۆژانی دوایی مانگی گوڵان بوو. تا درەنگانێک دەمانتوانی لە دەرێ هەڵکەین، بەڵام بۆ خەوتن چی؟ وا دیار بوو پیرەپیاو فکری منی خوێندبۆوە. گوتی:
- شەو لە نێو چایخانەدا دەنووین. نوێن و بانی خاوێنی هەیە.
- نیازم بە نوێن و بان نییە، پێخەفی خۆم پێیە.
- باشتر.
ئەوەی گوت و هەرای شاگردی چایخانەی کرد:
- هۆی ڕەشە! دوو چامان بۆ بێنە.
لە دوایەدا پیرەپیاو دەستی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی کرد:
- ناوم «وەفا» یە. پێم دەڵێن «دەروێش وەفا». خەڵکی مەڵبەندی «س» م. تاقانەی دایک و باوکم بووم. باوکم لەگەڵ مامم خاوەنی شەشدانگی گوندێک بە ناوی «بەرزۆک» بوون. پێڕەوەکە بووم کە دایکم بە سەردا مرد و دوای چەند مانگ باوکم لە ڕاو ئەنگێودرا و لەگەڵ ژیان ماڵئاوایی کرد. کاتێک فامم کردەوە گوێبیست بووم کە باوکم بە کەڵەکی مامم کوژراوە، بۆ ئەوەی مڵک و ماڵی داگیر بکا. ئامۆژنم ئەمنی بەخێو کرد. مامم دوو کوڕ و کچێکی بوو. کوڕەکانی ناویان «لاوە» و «کاوە» بوو، کچەکەشی ناوی «پەریزاد» بوو کە پێیان دەگوت «پەری». لاوە و کاوە کە بە تەمەن گەورەتر بوون ئەمنیان کردبووە ژێرچەپۆکەی خۆیان. بە ئاواتەوە بووم جارێک مامم یا ئامۆژنم لە سەرم بکەنەوە و هەر نەبێ لێیان تووڕە بن، بەڵام بەو ئاواتە نەگەیشتم. مامم لە دڵڕەقی و بێبەزەییدا تای نەبوو، پیاوی کوشتبا و ئاوی خواردباوە فەرقی بۆ نەدەکرد. ئامۆژنیشم هەر دەیزانی زارجوە بنێشتێکی لە دمی بنێ و لە سەر نۆکەر و قەرەواشان فەرمان بدا، بەڵام پەریزاد وەک ئەوان نەدەچوو، مەند و لەسەرەخۆ بوو. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئەمنی خۆش دەویست. کاتێک دەیانناردمە بەر گوێلکان تێشووی بۆ دێنام و ماوەیەک کایەی لەگەڵ دەکردم. بە قسەی دەکردم و دڵی نەدەشکاندم، ئەمنیش گوڵم بۆ دەچنی و پەپوولەم بۆ دەگرت. بە یەکەوە گەورە دەبووین. دوو ساڵ لە من چووکتر بوو. پەری بەڕاستی پەری بوو.
پێم لە چاردە ساڵەی نابوو کە مامم لە گوێلکەوانی گێڕامەوە و دەستووری پێدام کە لە دیوەخان چای دانێم. ئەودەم لاوە شازدە ساڵی بوو و کاوەش پێی لە پازدە ساڵەی نابوو. خەڵکی دێ لە چەنگیان وە ئامان هاتبوون. بەدفەڕ و شەڕانی بوون. چوار ساڵان لە دیوەخان چام دانا. لە بەرامبەر جنێو و زمان پیسیی ماممدا ددانم بە جەرگمدا دادەگرت و چم نەدەگوت.
دڵخۆشیی من لە ژیاندا دوو شت بوون؛ یەکیان ئەمە بوو کە کاتێک گەورەتر بووم مڵک و ماڵی بابم دەخەمە بەردەستی خۆم و خاوەنی دەکەم. دووەمیان «پەری» بوو کە ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتر هۆگری یەکتر دەبووین. جاران پەریم وەک خوشکی خۆم خۆش دەویست، بەڵام وردەوردە هەستم دەکرد خۆشەویستییەکەم شێوەیەکی دیکەی هەیە. پێم وا بوو پەری بەشێکە لە ژیانم. پەری هەتا دەهات جوانتر و دڵڕفێنتر دەبوو. کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردم خەمم دەڕەوییەوە و هیوام بە داهاتوو پتر دەبوو. ئەویش بە دڵ و گیان ئەمنی خۆش دەویست.
لە بیرمە ڕۆژێک لە کاتی چاداناندا هەڵەنگوتم و ئیستیکانێکم لە دەست شکا. مامم لە لای کوێخا «عەزیز»، کوێخای ئاوایی لێم تووڕە بوو و بە سەریدا گوڕاندم:
- پانێری تەوەزل! لە لای خۆی بوویە پیاو. لە زیانی خورۆیی زیاتر چت لێ ناوەشێتەوە، ئەمن بۆ تۆمە، لە داهاتوودا دەتەوێ چۆن بژی؟ خۆ نە مڵک و ماڵێکت هەیە، نە دەزمایە، ئەدی کەی دەبی بە ئینسان؟!
بە قسەی مامم دووکەڵم لە مێشکی هەڵستا. زانیم بە تەمایە بەشە مڵکی باوکم هەر وا داگیر بکا، سەرم هەڵێنا و گوتم؛
- ئەدی مڵک و ماڵی باوکم چی...؟
مامم قاقایەکی کێشا و گوتی:
- مڵک و ماڵی چی؟ باوکت بە زیندی سەری هەمووی پێ فرۆشتم، کاغەزیشم لێ وەرگرتووە. کوێخاش شاییدە....
ئەوەی گوت و ڕووی لە کوێخا کرد، کوێخاش کە دەرسی خۆی باش لە بەر بوو گوتی:
- بەڵێ ئەرێ وەڵڵا ئەمن شاییدم. بە ڕەحمەت بێ «کاکە سوار» هەرچی هەیبوو بە «میناغا»ی فرۆشت و دراوەکەشی وەرگرت. لە مزگەوت خودا لێ خۆش بوو مەلا کەریم کاغەزەکەی نووسی و سەد ڕەحمەت لە قەبری بێ حاجی حەمەدیش قامکی پێوەنا و ئەمنیش مۆرم کرد. هێزی ئەژنۆم شکا... دنیا لەبەر چاوم تاریک بوو... بۆ ماوەیەک نە چاوم دیتی و نە گوێم بیستی... هەستم کرد هەموو دەرکێکم لێ بەستراوە... لەو حاڵەدا پەریم وە بیر هاتەوە... لە دوو کڵی ژیانم، کڵێکی ڕووخابوو، بەڵام کڵەکەی دیکە هەر مابوو. نەمزانی چ ماوەیەک بێدەنگ ڕاوەستاوم...؟ ورد ببووم... هەر چۆنێک بوو وەخۆ هاتمەوە و چاوێکم لە مامی دوور لە مرۆڤایەتی و لە کوێخای نۆکەری گوێ لە مستی مامم کرد و سەرم بەردایەوە و وەدەرکەوتم.
وتەی مامی بێ بزەیی و زاڵمم لە گوێدا دەزرینگایەوە:
- مڵک و ماڵی چی...؟ باوکت با زیندی سەری هەمووی پێ فرۆشتم... کاغەزیشم لێ وەرگرتووە. مامم بۆ دەبێ ئەوەندە زاڵم بێ...، چی لێدەکا...، مڵک و ماڵی باوکم لە کوێ دڵ شکاندنێکی دینێ؟ هاتمە سەر ئەو بڕوایە کە ئیدی ئێرە بۆ مانەوە نابێ. ئەگەر قەرار بێ هەر نۆکەری بکەم دەچمە جێیەکی دی و بێ منەت نانی شان و باهۆی خۆم دەخۆم. زگم بە خۆم سووتا. فرمێسکم دە چاوان گەڕا. هەستم بە بێکەسی کرد... لە ناکاو هەراوهوریایەک هەودای خەیاڵمی پساند و سەرنجم بۆ دەرەوە ڕاکێشرا.
تەواوی خەڵکی دێ لەبەر دەرکەی دیوەخان کۆ ببونەوە. شین و ڕۆڕۆی ژنێکی لە نێوەوەچوو وە سەرەوەی هەموو دەنگێک کەوتبوو. ژنەکە ناوی «خوازێ» بوو. خوازێ تەرمی کوڕە شەش حەوت ساڵانەکەی لە پێش خۆی دانابوو و بە سەریدا دەگریا و لە خۆی دەدا و هەرای دەکرد:
- میناغا کوا ئەوە موسڵمانەتییە، بۆ وامان لێدەکەن؟ کوا خودا هەڵیدەگرێ؟ هەی داد... هەی هاوار... هەی ڕۆ... هەی قەت کەس نەماو خۆم... هەی ڕۆڵە ڕۆ... لەبەر چاوی خۆم خنکاندیانی... هەی «خولە» دایە ڕۆ، هەی خولەی بابە ڕۆ....
خۆم پێڕانەگیرا، چوومە نێو ئاپۆرەکە بزانم چ قەوماوە. مامم و کوێخا لە بەر پەنجەرەی دیوەخان چاویان لە خەڵک دەکرد. کوێخا هەرای کرد:
- ئەوە چیە؟ چ باسە؟ خوازێ ئەوە بوا دەکەی؟
خوازێی کوڕکوژراو کە نەیدەتوانی چ بە ئاغا بڵێ، داخی دڵی بە کوێخا ڕشت:
- بێدەنگ بە هەی ناپیاو... هەی خوێڕی... هەی چڵکاوخۆر... کوڕیان کوشتووم، کورپەیان لەبەر چاوی خۆم خنکاند، تینتینۆکەیان ڕێک کوشی تا پشووی لێ بڕا، هێشتا دەڵێی ئەوە بوا دەکەم؟ جا بە تۆ چی قوڕێ دەپێوم؟ بە تۆ چی ئاور لە خۆم بەردەدەم؟ هەی سەگە دەم پیس...! مامم کە تا ئەودەم بێدەنگ بوو و زانی کارەساتێک قەوماوە، گوتی:
- خوازێ! پێم بڵێ بزانم چ بووە؟
خوازێ کە دەگریا و سەروڕووی خۆی دەڕنییەوە، دەستی بۆ لای تەرمی کوڕەکەی ڕاداشت و بە خۆڕاژاندنەوە گوتی:
- جا چ نەبووە میناغا...؟ بەرانی سوڵتان مەحموودیت لە نێو خەڵکی بەرداوە، دەبڕن و دەکوژن و کەس ناوێرێ چییان پێ بڵێ... لە پێش چاوی خۆم کاک کاوە ئەوەندەی ئەوک کوشی هەتا خنکاندی. چۆن وا دەبێ، لە ڕیی خودایدا بۆ وامان لێدەکەن...؟ هەی ڕۆ، ڕۆڵە ڕۆ... هەی خولەی بێگوناهم ڕۆ....
میناغا کە زانی کاوە کەتنی کردووە، بە دەنگێکی هێدیتر پرسی:
- کاوە...، بۆ وای کرد، کەس نەبوو پێشی بگرێ؟
خوازێ کە هەر دەگریا و لە خۆی دەدا وەڵامی دایەوە:
- لە خۆی بپرسە بۆ وای کرد؛ کێ دەوێرێ پێشی بەرانی سوڵتان مەحموودی بگرێ؟ هەتا خۆم گەیاندێ پشووی لێ بڕیبوو. هەر گوتم بۆ وا دەکەی، وەبەر مست و پێلاقانی دام... هەی ڕۆ... هەی زگ سووتاو خۆم... هەی ڕۆلە ڕۆ، پەلەقاژەی دەکرد و کاک کاوە بەزەیی پێدا نەدەهات، ئەوەندە قوڕقوڕۆچکەی ڕێک کوشی تا لە جووڵەی خست؛ ئەی هاوار... ئەی خودا هەڵناگرێ... بە خودای کاکی بزانێ ئاور لە دنیا بەردەدا... هەی ڕۆ... وەی ڕۆڵە ڕۆ... وەی خولە ڕۆ....
لەو دەمیدا کویخا خۆی گەیاندە نێو خەڵکی و لە چەند کەسان خوڕی:
- ئەوە بۆ ڕاوەستاون؟ کارێکە پێش هاتووە. ویستی خودای بووە. وەرن ئەو تەرمەی بەرنە مزگەوت، یەکێکیش بچێ لە دوای مەلای.
ئەم جار ڕووی لە چەند ژنان کرد و گوتی:
- خوازێ بەرنەوە ماڵێ. ئاویش وەسەر نێن ئەم تەرمەی بشۆین. بە شەرع نابێ مەیت زۆر بمێنێتەوە.
ژنان خوازێیان بە ڕکێش ڕکێش بەرەو ماڵ بردەوە و پیاوەکانیش تەرمی خولەیان بردە مزگەوت.
ماوەیەک واقم وڕما. ئاورم بۆ خوازێ تێبەربوو. کاوە چ دڕەندەیەکە کە منداڵێکی بەستەزمانی لەبەر چاوی دایک خنکاندووە؟ بێچارە خوازێ تەنانەت نەیدەوێرا تووکی لێ بکا. وردەوردە ئەمنیش بەرەو مزگەوەت وەڕێ کەوتم. هێشتا مەیتەکەیان نەشۆردبوو کە «خدر»، کوڕە گەورەکەی خوازێ لە پێش مرادی باوکیدا خۆی گەیاندە سەر براکەی و خۆی بە سەر داکێشا و لە ئۆقەی گریانی دا. مرادیش گەیشتێ. مراد پیاوێکی مەند و هێدی بوو، لە تەنیشت تەرمی خولەی ڕۆنیشت و بە ترس و لەرزەوە دەستێکی پێدا هێنا و وەک شەمێکی جەرگ سووتاو بەبێ دەنگ فرمێسکی هەڵوەراند... خدر هەدای نەدەدا، بە دەم گریانەوە گوتی:
- کاک ناکاوە ئی من و تۆ بمێنێ. ئەگەر مووی پیاوانم لێ ڕوابێ وەک خولەی دەتخنکێنم....
خدرم باشم دەناسی، قسەیەکی کردبا دەیبردە سەر، زانیم کاری خۆی دەکا... هەر چۆنێک بوو خولەیان کفن و دەفن کرد و سێ ڕۆژان لە مزگەوت بۆی دانیشتن. مامم کە نەدەچووە سەرەخۆشی هیچ ڕەعیەتێک، هەر سێ ڕۆژ لە پرسەدا بەشداری کرد.
ڕۆژی چوارەم مامم مانگایەک و بیست تمەنی بە کوێخا و مەلای ئاوایی و چەند کەسی دیکە بۆ مرادی نارد و ویستی بەو جۆرە مەسڵەتی لەگەڵ بکا. ئەودەم بیست تمەن یەکجار زۆر بوو، مامم لە ئەوە دەترسا نەوەک خدر بەڵایەکی بە سەر کاوە بێنێ، دەنا زگی بە مراد و خێزانەکەی نەسووتابوو. مراد مانگا و دراوەکە وەرناگرێ و خدریش دەڵێ:
- ڕاستە ئیمە هەژارین، بەڵام خوێنی خولەی بە تەواوی دنیا نافرۆشین، تکایە بۆ ئاغای بەرنەوە.
نە شێر و ڕێوی هێناوەی کوێخا و نە پەندی مامۆستا و نە قسەی ئەوانی دی کاری نابن و ناچار دەگەڕێنەوە بەرەو ماڵی مامم.
مامم کە زانێ مراد و کوڕەکەی مەسڵەت ناکەن و خوێنبایییەکانی گل داوەتەوە، ترسی لێنیشت و شەو تا درەنگانێک لەگەڵ کوێخا دانیشتن و ڕاوتەگبیریان کرد. کاتێک ئەمن دەچوومە ژوور، قسەکەیان دەبڕییەوە. نەمزانی چ پیلانێکیان هەیە. نیوەشەو لای دابوو کە کوێخا هەڵستا ڕۆیشت و مامیشم بۆی خەوت.
بەیانی لە دێدا بوو بە قاو کە ماڵە کاک مرادی تێکیانەوە پێچاوە و ڕۆیون. کەس نەیدەزانی بۆ کوێ چوون، ئێستاش کەس نەیزانی. هێندێک کەس دەیانگوت چوونە لای گەرمێنێ. مامم بە ڕۆیشتنی ئەوان بە ڕواڵەت شاد بوو، بەڵام ترسی تۆڵە ئەستاندنی خدری هەر لە دڵدا بوو.
لەو ماوەیەدا ئەمن وەها گێژ و کاسی کارەساتی خنکاندنی خولەی بووم کە بەرنامەی ڕۆیینی خۆم لەبیر چووبۆوە. وردەوردە باسی خولە و کۆچی مراد لە کوڵوکۆ دەکەوت. ئەمن ساز بووم بڕۆم. بۆ کوێ؟ خۆشم نەمدەزانی. هەر دەمەویست لە مامم و بنەماڵەکەی دوور بکەومەوە. دەمەویست دوای ڕۆیشتن هەر چۆنێک بێ مڵک و ماڵی بابم بستێنمەوە. ڕۆژێک چوومە لای پەری و پرێسکەی دڵم بۆ کردەوە. پەری بێ ئەوەی بشەمزێ گوتی:
- بۆ هەر کوێ بچی ئەمنیش دێم. مان و نەمانم لەگەڵ تۆیە. ڕاستت دەوێ ئەمنیش لە ئاکاری باوک و براکانم وەتەنگ هاتووم. دەڕۆین. دەڕۆینە جێیەک کە خەمی لێ نەبێ. بۆخۆمان ماڵێکی پێکەوە دەنێین و پێکەوە دەژین.
بەڵێنیمان دا لە یەکەم دەرفەتدا سەرمان هەڵگرین و بڕۆین. لە پەری جیا بوومەوە و بەرەو دەرکی مزگەوت ڕێم داگرت. چەند کەس لە بن دیواری مزگەوت خۆیان لە بەر بەڕۆچکە هەڵخستبوو. مانگی گوڵان بوو و تاو و ساوێکی خۆش دنیای بووژاندبۆوە. چێشتانگایەکی گەرم و خۆش بوو. لە ناکاو دوو سێ منداڵی ئاوایی بە هەلینگدان هاتن و گوتیان:
- وەرن! کاک کاوەیان کوشتووە. لە داریان داوە. بە پەتک هەڵیانئاوەسیوە. پرسیمان:
- لە کوێ؟
- لە باغی ئاغای....
وێکرا بە ڕاکردن بەرەو باخی ئاغای وەڕێ کەوتین. کوێخا عەزیزیشمان لەگەڵ کەوت. منداڵەکان لە پێشەوە هەڵدەهاتن و ئێمەش بە شوێنیاندا. هەر چۆنێک بوو گەیشتینە باخی ئاغای. بە دارەگوێزێکی مەزنەوە تەرمی کاوەی جۆلانەی دەکرد. لێی چووینە پێش. دەستی لە پشتەوە بەسترابوو بە گوریسێکەوە لە قەنارە درابوو. هەر کە کوێخا چاوی پێکەوت گوتی:
- کاری خدرییە. ئەو گوریسەی دەناسمەوە. گوریسی ماڵە مرادییە.
تەرمەکەیان لە دارەگوێزەکەی کردەوە و کوێخا مێزەرەکەی خۆی بە سەردا کێشا. بە دیتنی تەرمی کاوە خەمێکی گەورە و گران دایگرتم. ئیمە بۆ دەبێ وا بین، بۆ لە جیاتی کاری باش دەبێ خراپەی بکەین، بۆ مامم پێشی ئاکارە ناپەسندەکانی کاوەی نەدەگرت تا ئەو کارەساتە پێش نەیە؟ لە کاتی هێنانەوی مەیتی کاوە و ناشتن و سەرەخۆشییەکەیدا خەڵکی ئاوایی نەتەنیا خەمین نەبوون، زۆریشیان پێ خۆش بوو، بەڵام ئاشکرایان نەدەکرد.
ئەو ڕۆژەی کاوەیان دەناشت، لە گۆڕستان بە هەلم زانی و چوومە سەر گڵکۆی دایک و باوکم و فاتیحایەکم بۆ خوێندن. گڵکۆیان لە تەنیشت یەک بوون. گڵکۆی دایکم کێل و بەردی بوو و دوو تاشەبەردیان لە سەر و خوارەکەی چەقاندبوو. مامم هەر دەیگوت کێل و بەردی بۆ ساز دەکەم، بەڵام هەر وەپشت گوێی دەخست. لە سەر گڵکۆی دایک و باوکم چوومە نێو دەریای فکرەوە. بیرم لە ژیانی خۆم دەکردەوە کە لە پڕ یەکێک گوتی:
- خودایان لێ خۆش بێ.
ئاوڕم دایەوە «مەندە»ی کوڕی «مام وسوو» بوو. مام وسوو وەکوو خۆی دەیگێڕایەوە چاپەزی ماڵە باوکم بوو. مەندەش وەک باوکی کوڕێکی بە ئەمەگ و دڵسۆز بوو. گوتم:
- سپاس مەندە گیان. خودا لە کەسوکاری تۆش خۆش بێ. گوتی:
- کاک وەفا خودا تۆڵەئەستێنە و لە زاڵمان خۆش نابێ. دیارە کاوە باش نەبوو ئەو منداڵە بەستەزمانەی بە دەستی خۆی خنکاند، بەڵام ئەوە خۆدایە کە تۆڵەی لە میناغای دەکاتەوە. ئەوە ئاکامی زوڵم و زۆری مامتە. پەککوو چەندە زاڵمە... چ لەو ڕەعیەتانە دەکا! چی لە کاک سواری ڕەحمەتی کرد و چۆنی مڵک و ماڵەکەی داگیر کرد! جارێ لە کوێێەتی...؟
قسەکانی مەندەم پێخۆش بوو. قسەی دڵی من بوو. لەو دەمەیدا کوێخا عەزیز هاتە لامان گوتی:
- کاک وەفا بۆ دوور ڕاوەستاوی؟ با بچینە پێش دەنا میناغا تووڕە دەبێ....
چاوێکم لێکرد و هێندێک لە قسەکانی مەندەم دووپات کردنەوە:
- کوێخا! خودا تۆلەئەستێنە و لە زاڵمان خۆش نابێ....
کوێخا پێی سەیر بوو کە مەبەستم لەو قسانە چیە. واقی وڕما و دوای ئیستێک گوتی:
- بەڵی دیارە خودا گەورەیە.
- جا ئەگەر وایە قسەیەکت لێ دەپرسم و بە خودات سوێندت دەدەم ڕاستی بڵێ.
کوێخا کە زۆر زیرەک و وریا بوو و شکی بۆ چووبوو کە چی لێدەپرسم گوتی:
- با بمێنێ بۆ دوایە، جارێ درەنگە با بچین فاتیحایەکی بخوێنین.
- باشە دەچین، بەڵام تا وڵامی پرسیارەکەم نەدەیەوە نایەم.
کوێخا چارەی نەبوو گوتی:
- فەرموو چ دەپرسی؟
گوتم:
- تەڵاقت کەوێ باوکم مڵک و ماڵی خۆی بە مامم فرۆشت؟
کوێخا جگەرەیەکی کە لە پێشدا هەڵیبەستبوو بە دەمیەوە نا، بەردی چەخماخی با پووشوویەوە نا و بە ئەستێی خەریکی بوو و گوتی:
- خۆ ئەو ڕۆژە لە دیوەخان پێم گوتی. بەڵێ ئەرێ وەڵڵا پێی فرۆشت. پرسیم:
- بۆ باوکم نیازی بە دراو بوو؟
- جا بڵێم چی، خودا دەزانێ.
- بە چەندی پێ فرۆشت؟
- بە خودای لە سەر یاد نیم. نازانم.
- ئەدی چۆن کاغەزەکەت قامک پێوەنا؟
- خودا لێی خۆش بێ، مەلا کەریمی ڕەحمەتی نووسی و بە منی گوت ئەتۆش قامکی پێوەنێ، ئەمنیش قامکم پێوەنا.
- خۆ ئەتۆ ئەو ڕۆژە گوتت مۆرم کرد، ئێستا دەڵێی قامکم پێوەنا.
- خودات لێ ڕازی بێ هێندە لەمێژە، لەبیرم نەماوە مۆرم کردووە یا قامکم پێوەناوە.
- حازری سوێند بخۆی؟
- یانی ئەمن بە ڕدێنی سپییەوە درۆ دەکەم؟ ئەگەر بە شەرع سوێندم لە سەر بێ سوێندیشت بۆ دەخۆم.
مامم بەو پێشهاتە وەک ورچی ئەنگێوراو خەزری. لە خۆوە تووڕە دەبوو. تەنانەت جارێک پیاوێکی ڕدێن سپی وەبەر شەپان دا. ئەمن بەو ئاکارانەی مامم تێکدەچووم، دەسووتام و دەتوامەوە، بەڵام چم لە دەست نەدەهات. لەگەڵ خەڵک هاودەردیم دەکرد. هاوبەشی خەم و پەژارەیان بووم. ئەوانیش بە دڵ ئەمنیان دەویست.
لاوە لەگەڵ چەند نۆکەران بە سواری بە دێیاندا گەڕا و وە شوێن خدری کەوت، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک بێئاکام گەڕانەوە. مامم بەڵێنی دابوو کە هەر کەس خدری بە زیندوویی یا بە مردوویی پێشان بدا هێندە و هێندەی مزگێنی بداتێ، کەچی کەس بۆ وەرگرتنی مزگینی خۆی سەخڵەت نەکرد وە شوێن خدری نەکەوت.
خنکاندنی کاوە بوو بە هۆی وەدوا کەوتنی بەرنامەی من. مانگێک لە پرسەی تێپەڕی، بەڵام هەر لە دوور و نیزیکەوە خزم و ناسیاو دەهاتنە سەرەخۆشی. کاوە بارگینێکی حدوودی شێی هەبوو مامم بە منی ئەسپارد و گوتی:
- وەفا! ئاگات لە ئەم بارگینە بێ، مووی لار نەبێتەوە. باشی پێڕابگە.
ئەمنیش هەموو ڕۆژێ ئالیکم لەبەر دەکرد، ڕنەکم لێدەدا و دەمبرد ئاوم دەدا و دەمگێڕا. وردەوردە ماڵە مامم ژیانی ئاسایی خۆی دەست پێکردەوە. لە ماوەی ڕابردوودا ئەمن و پەری لێک خافڵ نەبووین. یەکترمان دەدی و پەیمانمان نوێ دەکردەوە.
ڕۆژانی دوایی مانگی جۆزەردان بوو، لەگەڵ پەری قەرارمان دانا سەرێکی ماڵە خاڵم بدەم و هێندێکی دراو لێ بستێنم و پەریش زێڕ و زێو و جلوبەرگی ساز بکا و بڕۆین. خاڵم خاوەنی گوندێک بوو کە لەگەڵ بەرزۆک نێوانێکی زۆری نەبوو. کاتێک بەرنامەی کاری خۆم بۆ خاڵم گێڕایەوە، ئەوەندەی نەغدینەی هەیبوو لە پێشی ڕۆنام. ئەمنیش بیست تمەنم هەڵگرت. سۆزی کاتێک بەرەو بەرزۆک گەڕامەوە، یەکەم کەسێک چاوم پێی کەوت مەندە بوو. دوای چاک و خۆشی گوتی:
- دەزانی چ قەوماوە؟ کاک لاوە کچی برایم ئاغای هەڵگرتووە.
- کچی برایم ئاغای! کامەیان؟
- کەژاڵ
- کەژاڵ؟! خۆ مارەکراوی ئامۆزای خۆیەتی.
- مارە کرابێ یا نەکرابێ بۆ کاک لاوەی فەرق ناکا، بەڵام لە جێیەکی خراپی داکوتاوە، برایم ئاغا خاکی ئێرە بە توورەکان دەبا. ئەمەش تۆڵەیەکی دیکەی خودایە لە برایم ئاغای....
خێرا هاتمەوە ماڵێ. ماڵ شێوابوو. دەتگوت خەمیان لە سەر دابێشتووە. مامم لەگەڵ کوێخا لە دیوەخان وتووێژیان دەکرد کە چ بکەن. مامم ترسی ڕێکەوتبوو. برایم ئاغا زۆردار بوو، زاڵم بوو، ڕق ئەستوور بوو، خاوەن تایفە و بە دەسەڵات بوو، بۆیە مامم لە ترسان ئۆقرەی لێ هەڵگیرابوو. هەر ئەو ڕۆژە پیاوی ناردە لای چەند ئاغای خزم و ناسیاو و داوای لێکردن بێن بچنە مەسڵەتێ. چونکە لەو ڕۆژەوە بەدبەختی و چارەڕەشی من بوو بە سەد هێندەی پێشوو. دەروێش وەفا بێدەنگ بوو....
سبەینێ دەستەیەکی حەوت کەسی بەرو ماڵە برایم ئاغا وەڕێ کەوتن و ئێوارێ گەڕانەوە. خۆزگە هەر نەگەڕاباناوە. تاوێک چاوی وێکنا و هەڵیهێنایەوە. چاوی لە دار و دەوەنی بەندەنی زمزیران بڕیبوو. ڕەشە ئیستیکانەکانی هەڵگرتنەوە و بە شەقەی ئیستیکانەکان دەروێش وەخۆ هاتەوە و چاوێکی لە ڕەشەی کرد و گوتی:
- بۆمان بێنەوە.
ئەمن جگەرەیەکم هەڵکرد و مژێکم لێدا. کاتی ڕۆژپەڕان بوو. دەروێس چووبووە نێو دەریای خەیاڵەوە. بێدەنگیی دەروێش بێدەنگیی دەریا بوو، دەریایەکی کە هەزاران شەپۆلی لە ناخیدا خەوتبوو... ئەمن چاوڕوانیم دەکرد شەپۆلەکان ڕابن، بخرۆشن... شەپۆلی تۆڵە، شەپۆلی قین، شەپۆلی ڕابوون، شەپۆلی تێهەڵچوون... هرووژم بەرن، خۆ بە بەستین دابدەن... لەگەڵ ئەو بەستێنەی کە گەمارۆیان داوە و دەست و پێیان بەستووە، بەربەرەکانی بکەن، نیڵەیان بێ، گرفەیان بێ، دڵی بەستێن وەلەرزین بخەن، سنووری بەستێن تێکبشکێنن و ببنە لافاو... لافاوێکی دنیاداگر... چاوەڕێ بووم گوێم لە پاشماوەی بەسەرهاتی بێ تا بزانم ئەو دەریایە چ دەکا و کاری ئەو شەپۆلانە بە کوێ دەگا.... ڕەشە دوو چای لە پێش داناین. دەروێش لەبەرەخۆیەوە گوتی:
- نەمری. دەنگت لە دڵ و گیانم کارییە....
پرسیم:
- بەڵێ؟ چت گوت؟
- لەگەڵ مامۆستا «عەلی مەردان» مە. دەنگیم زۆر پێخۆشە....
سەیر بوو ئەمنیک کە ئەوەندە دەنگی مامۆستا عەلی مەردانم پێخۆش بوو وا چووبوومە نێو دنیای فکر و خەیاڵەوە کە هەر گوێم لە شریتی دەنگی ئەو هونەروەرە مەزنە کە لە نێو شاخ و دۆڵدا دەنگی دەدایەوە، نەبوو. مامۆستا مەقامی ئەڵڵاوەیسی دەگوت:
قوربان! قوربانەن، جەژنەن، شادییەن
دەس نە گەردەن، ڕۆی ئازادییەن
قوربان! مەشێو جە عەیب بەری بۆ
فیدای خاک ڕای کۆی دڵبەری بۆ
دەروێش گوتی:
- ئەوینی ڕاستی، دنیایەکی خۆشە. ئەویندار چگە لە دڵداری چ نابینێ و بیر لە هیچ ناکاتەوە. ئەوینداری ڕاستەقینە لە عەیب بەرییە. بۆ گەیشتن بە کۆی دڵدار خۆ فیدا دەکا، لە هیچ تەنگ و چەڵەمەیەک ناپرینگێتەوە و هیچ بەرهەڵستێک پێشی ناگرێ... چایەکەمان خواردەوە و دەروێش درێژەی بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی دا:
- بەڵێ کۆڕی ڕدێن سپییان لە ماڵە برایم ئاغای گەڕانەوە. نازانم بۆ بە دیتنی ئەوان دڵم داخورپا! بەرەو ماڵە مامم وە شوێنیان کەوتم. لە خۆوە نیگەران بووم، بە خۆم گوت:
- برایم ئاغا دەبێ چی داوا کردبێ، بەرخوێن...؟ بڵێی پەری نەویستبێ...؟ نا... ئیشاڵڵا وا نییە... ئەگەر وا بوو هەر ئەمشۆ هەڵیدەگرم و دەڕۆین... دەیبەمە شوێنێک خودا نەبێ کەس نەزانێ... باشی بۆ چووبووم. لە ماڵە مامم هەمزاغا کە لە گشت ڕدێن سپییەکان مەزنتر بوو گوتی:
- برایم ئاغا زۆر تووڕەیە. لە پێشدا حازر نەدەبوو مەسڵەت بکا، دەیگوت:
- میناغا ئەتکی پێکردووم، چۆن کچی منیان هەڵگرتووە؟ ئەگەر خزمایەتی منی پێخۆش بوو دەنگی کردبا کچی دیکەم دەدایە، بۆ کەژاڵیان هەڵگرت کە مارەکراوی مەنافی برازامە؟ سەرت نایەشێنم زۆری قسەی دیکە کردن، ئاخری پێم گوت:
- برایم ئاغا دیارە ئەتۆ گەورەی هەموو لایەکی، ئەگەر کارێکیش بقەومێ، هەر دەبێ خۆت دروستی بکەی. ئێستاش پێم وا نییە قسەی ئێمە لە ئەرزی بدەی و خاتری ڕدێن سپیمان نەگری. جا ئەوە خۆمان لە ماڵت هاویشتووە چ دەفەرمووی سەرمان لە ڕێدایە... برایم ئاغا سەری بەردایەوە و گوتی:
- ئێوە ڕێزتان لە لای من هەیە. ئێستا کە هاتوونە ئێرە هەر چوار کوڕم سەر ببڕن پیاو نیم نێوچاوانم گرژ بکەم، بەڵام بەخۆم نییە ئەو سووکایەتییەی میناغا بە منی کردووە ناتوانم لە بیر کەم. ئەمنیش گوتم؟
- کاریکە هاتۆتە پێش. بەداخەوە ئەوە دابێکی زۆر خراپی کوردەوارییە. هیوادارم ڕۆژێکی ئەو ڕوسمانە خاشەبڕ بن. ئەوێستەش چ دەفەرمووی وا بکەین؟
- ئەمن ئەگەر مەسڵەتیش بکەم سەبارەت بە ئێوەی دەکەم، دەنا بە سەری مام بایزم دەمکردە گەپچاری زەمانەی. خاکم بە توورکان دەبرد. ئێستاش دەبێ میناغا کچەکەی بە بەرخوێن بدا بە مەنافی برازام و سێدانگی بەرزۆکیش بە سەرخوێن بدا بە من.
دەروێش وەفا چایەکەی خواردەوە و هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:
- ئیدی هێزی ئەژنۆم شکا... دەمزانی برایم ئاغا قسەی یەکە و نابێ بە دوو. پەری و سێ دانگی ئاوایی دەوێ و هیچیشی لەگەڵ ناکرێ... هاتمە دەر. ماوەیەک وەک شێتان خولامەوە. ئاخری بەرەو ماڵ بوومەوە و پەری بە چاوی پڕ لە فرمێسک بەرەو پیرم هات و گوتی:
- دەزانی چ قەوماوە؟ برایم ئاغا....
قسەکەی تەواو نەکرد و لە هۆقەی گریانی دا. وا دیار بوو ئەویش زانیبووی. گوتم:
- مەگری. جێی گریان نییە. هەر ئەمشۆ دەڕۆین.
بە قسەی من پەری ئارام بووە و گوتی:
- زۆر باشە. چۆن بڕۆین؟
- ئەشمەکەکانت ساز کە نیوەشەو ئەسپەکانی لاوە و کاوەی هەڵدەگرین و بۆی دەرباز دەبین.
دەروێش وەفا بێدەنگ بوو. بێدەنگییەکی گیان و لەشتاوێن. بەسەرهاتی هەتا دەهات سەرنجڕاکێشتر دەبوو. دەستێکی بە سمێڵی داهێنا و هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:
- لەم دنیایە کە ئێمە تییدا دەژین، ڕۆژێ هەزاران جەنایەت دەکرێ و دوای ماوەیەک لەبیر دەچنەوە. وەتی مرۆف هاتۆتە دی هەر زۆردار زوڵمی لە بێدەسەڵاتان کردووە، بەڵام ئەمەش بزانە دەستی خودای لە سەرەوەی هەموو دەستانە. خودا «هەقی ماری بە سەر مێروویەوە ناهێڵێ» خودا تۆڵەئەستێنە.
مامم وا لە گیر کەوتبوو کە چارەی نەبوو دەبوایە دەست لە کچەکەی و سێ دانگی بەرزۆک بشوا. تا ئەودەم من بە هیوا بووم دەرفەتێکم بۆ هەڵکەوێ سێ دانگ مڵکی باوکم بستێنمەوە. ئەوینی پەری و هیوا بە تۆڵەئەستاندنەوە منی بۆ ژیان، بۆ داهاتوو هان دەدا. لەبیرمە شەوی هەینی، وەکوو قەرارمان دانابوو سەعاتێک لە نیوەشەو لایدابوو کە پەری بەرەو دەرەوەی ئاوایی وەڕێ کەوت و ئەمنیش خۆم گەیاندە تەویلەی و ئەسپەکانم زین کردن و وەدەرم خستن و بەرەو دەرەوەی گوند ڕێم داگرت. کەس بە دەرەوە نەبوو. گەیشتمە سەر کانیی تەنیشت ئاوایی. پەری بە خۆی و بە پرێسکەیەکەوە چاوەڕێم بوو. خێرا سوار بووین و ڕکێفمان لێدا و تەقڵەکوت بۆی دەرباز بووین. ماوەیەکی بە پڕتاو ڕۆیشتین تا دوور کەوتینەوە، ئەمجا بە نەرمەغار تا مەلابانگدانان ڕێمان بڕی.
تازە مەلا بانگی دابوو کە گەیشتینە گوندی «مێرگەشین»، ڕوومان لە ماڵێکی کرد و لێیان میوان بووین. لەبەر ماندوویی ڕێگا خرپ خەومان لێکەوت. درەنگ لە خەو هەڵستاین. دەستوچاومان شورد و نانوچامان خوارد و وەڕێ کەوتینەوە. لە نزیک یەکەم ئاوایی دەستم لە باخەڵم نا، کیفە دراوەکەم پێ نەبوو، تەواوی دارایییەکەم سێ تمەن بوو. بیست تمەنم لە خاڵم وەرگرتبوو، دە تمەنیش دراوی خۆم بوو لە نێو کیفێکم نابوو، وەبیرم هاتەوە کە لە مێرگەشین لەو ماڵەی لیی دابەزیبووین لە بن دەستەنوێنانم نابوو و کاتێک وەڕێ کەوتین لەبیرم چووبوو هەڵیگرمەوە. گوتم پەری لە ماڵێکت دادەنێم و خۆم دەگەڕێمەوە و کیفەکەم دێنمەوە. هەر واشم کرد. لە یەکەم ئاوایی کە ناوی «بەردەقیت» بوو لە ماڵێکی دابەزین و پەریم پێ ئەسپاردن و ئەسپەکەم لە تەویلەی بەستەوە و خۆم بەرەو مێرگەشین گەڕامەوە. لە نێوەی ڕیگادا لە سەر سوێیەک تەپوتۆزێک سەرنجی ڕاکێشام. چوار سوار بە تەرەختان دەهاتن. ترسم ڕێنیشت. نەکا بە شوێن ئێمەدا هاتبن؟ لوور بوومە نێو شیوێک و خۆم هەشار دا. بە دزەدزە چاوم لە سوارەکان دەکرد، کە نزیک بوونەوە ناسیمنەوە. لاوە و سێ کەسی دیکە بوون کە بە چەکەوە بەرەو گوندی بەردەقیت دەڕۆیشتن. لێم سوور بوو بە شوێن ئێمەدا هاتوون. دنیام لە سەر سەریدا سووڕا. چیم پێدەکرا؟ وەچەنگیان کەوتبام لەتی گەورەم گوێم دەبوو. ئەدی پەری...؟ دەمزانی پەری ناکوژن. ئەگەر کوشتبایان جوابی برایم ئاغایان چ دەدایەوە؟ لە جێی خۆمدا ئەسپەکەم بە دەوەنێکەوە بەستەوە وا چاوەڕێ مامەوە. نیو سەعاتێک پێچوو سوارەکان گەڕانەوە. ئەسپی پەری لە پێش لاوەی ڕیی دەبڕی. هاتم وەشوێنیان کەوم، ویستم هاوار بکەم:
- بۆ ئەوەندە زاڵمن، بۆ ناهێڵن دوو دڵ بە یەک بگەن، بۆ پەری بە زۆری و بە نابەدڵی بە بەرخوێن دەدەن، بۆ ڕێتان بە مرۆقایەتیدا نەبردووە؟ بۆ...؟ بۆ...؟ بەڵام دەمزانی سوودێکی نییە. دەمزانی وەک دەڕەندان دەکەونە سەرم و ئەنجن ئەنجنم دەکەن. گوتم وا باشترە جارێ ددان بە جەرگی خۆم داگرم و بۆ ڕزگاریی پەری نەخشەیەکی بکێشم. دەروێش وەفا ئیستێک بێدەنگ بوو. چاوی لە دووری بڕیبوو. دوای ماوەیەکی کورت بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی:
- هەر خودا دەزانێ چ حاڵێکم بوو... تەنیای تەنیا مابوومەوە... پێم وا بوو تەواوی خوم و جەخاری دنیا بۆ من هاتوونە خوار... پەریم لە دەست دابوو. من مابوومەوە و تەنیایی و دنیایەک خەم و پەژارە... بە شوێن خۆشەویستەکەمدا چاوم لە ڕێگا بڕی. تۆزی سواران لە هەوادا بڵاو ببوو، دوای ماوەیەک کەم و کەمتر بۆوە. ئەمن هەر وا کاس بووم. هەر چونێک بوو وەڕێ کەوتمەوە. نقومی دەریای خەم و خەیاڵ بووم... چ بکەم...؟ چم لە دەست دێ...؟ تان و پۆی فکرم وا لێک ترازابوو کە نەمدەتوانی لە سەر بڕیاڕێک ساخ بمەوە. گەیشتمە مێرگەشین. لەو ماڵەی شەوم ڕابواردبوو کیفە دراوەکەم هەر لە ژێر دەستەنوێنان بوو. پێیان گوتم:
- چوار سوار بە شوێن ئێوەدا هاتنە ئێرە، پێمان گوتن شەو لێرە بوون و بەیانیش وەڕێ کەوتن؛ نازانین بۆ کوێ چوون.
مێرگەشینم بە جێ هێشت و هەزاران بیری بیر لێ نەکراوەوە، ڕێگەم داگرت. هەوساری ئەسپەکەم شل کردبوو، ئەویش ڕووەو بەرزۆک ڕێگای دەبڕێ. سەعاتە ڕێیەکم بە گێژ و وڕی پێوا. لە دوو ڕێیانێک مەلایەکی ڕدێن سپی تاکی تەنیا لە سەر بەردێک دانیشتبوو. سڵاوم کرد. ماندوو نەبوونی لێکردم و پرسی:
- کاکە بەخێر بۆ کوێ دەچی؟
- نازانم... خۆشم نازانم....
ماوەیەک هەر دووکمان بێدەنگ بووین. وا دیار بوو مەلاکە لێم تێگەیشتبوو کە کەوتوومەتە نێو داوی خەمێکی گەورە و گران، بۆیە گوتی:
- وا دیارە خەمباری. خودا خاوەن ڕەحمە. زەمانە بە خۆشی و ناخۆشییەوە ڕادەبرێ. دنیا لە سەر حاڵێک نامێنێتەوە. ئەتۆش جوانکیلەی، بۆ دەبێ خەم داتگرێ...؟ دۆستێکی هاودڵ و هاوزمان بۆخۆت بدۆزەوە و پرێسکەی دڵتی بۆ بکەوە بارت سووک دەبێ و خەمت کەم دەبێتەوە. ئەوەی بزانم دنیا هەر خەم و خەفەت نییە، شادی و پێکەنینیشی تیدایە... قسەکانی مەلام لە دڵ نیشت. وا دیار بوو مرۆقێکی ژیر و تێگەیشتووە. هەر چەند بە تەمەن نێوانمان زۆر بوو، بەڵام وتەکانی ئارامیدەری دڵ و دەروونم بوون. خودا بۆ منی بێکەس و سەرگەردان، منی بێ جێگە و ڕێگە دۆستێکی هاودڵ و هاوزمانی گەیاندبوو. پێم گوت:
- مامۆستا گیان! زۆرت سپاس دەکەم. ئەدی ئەتۆ بۆ کوێ دەچی؟
- دەچمە گوندی «بەهارە»، بە سواری سەعات و نیوێک دەبێ. بەم ڕێگەیەدا دەچێ.
مامۆستا ڕیگای دەستی چەپی نیشان دام. دەتگوت دەنگیکی غەیبی پێم دەڵێ:
- سواری کە و بڕۆ بۆ بەهارە... بڕۆ و لە بەرزۆک دوور کەوە...
گوتم:
- مامۆستا فەرموو سوار بە بتگەیەنمەوە.
مامۆستام لە پشت تەرکی خۆم سوار کرد و بەرەو بەهارە وەڕێ کەوتین. مامۆستا قسەخۆش بوو، بە قسەکانی سێبووریم دەهاتێ. خەمم دەڕەوییەوە. گێڕایەوە کە لە بەهارە پێنج فەقێی هەیە و دەرسیان پێدەڵێ. کاتێک سەرگوریشتەی خۆم بۆ گێڕایەوە، دڵخۆشی دامەوە و هانی دام کە لە بەهارە بمێنمەوە و فێری خوێندن و نووسین بم. ئەمیش ڕازی بووم. لە بەهارە مامۆستا کە ناوی مەلا عەلی بوو زۆرم لەگەڵ باش بوو. دەستم بە دەرس خوێندن کرد، بەڵام بیر و هۆشم هەر لە لای پەری بوو. ئۆقرەم لێ هەلگیرابوو. خەو و خواردنم نەبوو. بە بیانووی ماڵە خاڵم دوو ڕۆژم ئیجازە لە مامۆستای وەرگرت. مامۆستا کە هەموو شتێکی دەزانی گوتی:
- کوڕم خودات لەگەڵ بێ، بەڵام قەولم پێ بدە تخوون گوندی بەرزۆک نەکەوی.
بەڵێنیم پێدا و وەڕێ کەوتم. بە تەما بووم بچمە مووچە و مەزاری مام وسوو و مەندەی ببینمەوە و هێندێکی هەواڵ لێ وەرگرم. لە ڕێگادا دیسان فکر و خەیاڵ وازیان لێ نەهینام. مامم، لاوە، پەری، برایم ئاغا، مەناف، کوێخا عەزیز و... و... بە بەر چاومدا دەهاتن و دەچوون. بیری جۆراوجۆر مێشکیان دەسمیم. قسەی فەقێ ئەحمەد یەکێک لە فێیەکانی بەهارەم وەبیر هاتەوە کە دەیگوت:
- دنیا بە خەمان پێک نایە. ئەگەر خەم هێرشی بۆ هێنای لەبەری مەبەزە. بە چەکی هیوا تێکی بشکێنە. خودا گەورەیە. ئەگەر باوەڕیت بە خودای هەبێ بە سەر هەموو تەنگ و چەڵەمەیەکدا زاڵ دەبی.
بزەیەکم هاتێ و ڕکێفێکم لێدا و تۆزم لە دوای خۆم بە جێ هێشت. بانگی ئێوارێ گەیشتمە مووچەی مام وسووی. مەندە خەریکی ڕۆیشتنەوە بوو. بە دیتنی یەکتر خوشحاڵ بووین. دوای چاکوخۆشی پرسیم:
- مەندە گیان! چ باسە؟
- جارێ هیچ. پەرییان سەنگەوبەرد ناوە و ناهێڵن لە ژوورێ بێتە دەر. قەرارە سێ ڕۆژی دی واتا ڕۆژی هەینی سێ دانگی بەرزۆک بە ناوی برایم ئاغا بکرێ و پەری لە مەناف ئاغای مارە کەن و دوای خەرمان هەڵگرتن بیگوێزنەوە. لە تۆش دەگەڕین بتبیننەوە. زێڕنی دەسگیرانم پەری دیبوو گوتبووی: «ئەگەر بمێنم ئی وەفام ئەگەر مردیشم ئی گڵێم.» گوتم:
- مەندە گیان! ئەمن چ بکەم؟
- جارێ هیچ مەکە. بەم هەلومەرجەی کە پێش هاتووە ناتوانی دیسان هەڵیگریەوە. ئێستا لە کوێی؟
- لە بەهارە، لە حوجرەی فەقێیانم، دەرس دەخوێنم.
- زۆر باشە. بە من دەکەی جارێ ددان بە جەرگی خوت داگرە با بزانین چۆن دەبێ. ئەمنیش دە پازدە ڕۆژی دی دێم سەرێکت لێدەدەم.
- دەڵێی چی تایە و خەرمانی ماڵە مامم ئاور دەم؟
- کاری وا مەکە. سوودێکی نییە. سەگی خەوتووش لە خۆت وەخەبەر مەهێنە. جارێ خۆت ڕاگرە خودا گەورەیە.
کاتیک مەندەم بە جێ هێشت دەتگوت بە زۆری لە بەرزۆک وە دوورم دەخەن. لغاوی ئەسپەکەم بۆ لای ڕاست کێشا و بەرەو تەپکی «کەما» کە جێ لەوەڕی مالە مامم بوو ڕۆیشتم. ئەودەم کە منداڵ بووم و دەچوومە بەر گوێلکان و پەری تێشووی بۆ دەهێنام، ئەمن پەپوولەم بۆ دەگرت. پەری دەستە بچووکەکانی بۆ دەکرد ڕکە و دەیگوت:
- پەپوولە زێڕم دەیە، بەرت دەدەم.
لە دوایە دەستەکانی دەکردنەوە، تۆزێکی نەرمی زێڕین لە باڵەکانی پەپولەکە جێ دەما و پەریش پەپوولەکەی ئازاد دەکرد هەڵفڕێ. جاری واش بوو خاڵخاڵۆکەم بۆ دەگرت. خاڵخاڵۆکەکەی لە سەر دەستی دادەنا و دەیگوت:
- خاڵخاڵۆکە! ماڵە خاڵم لە کوێیە؟
خاڵخاڵۆکەکە بەرەو هەر لایەک هەڵفڕیبا بە پێکەنینەوە دەیگوت:
- وەفا! ماڵە خاڵم لەو بەرەیە.
پەری لە دنیای بێخەوش و خاڵی منداڵیدا دەژیا. ئەگەر گوێی لە دەنگی پەپووسیمانە دەبوو دەیگوت:
یا ئەگەر لەگلەگێکی دەدی کە چیلکەی بە دەمەوە هەرای دەکرد:
- حاجی لەگلەگ پووشکەی دزی، وەڵڵا بە مامەی دەڵێم. حاجی لەگلەگی گەل گەلی پووشکەی دزی بەشقی عەلی.
بیرەوەریی زەمانی منداڵی سەیرە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. تاوێک لە تەپکی کەما مامەوە و ڕابردووم هێنا بەرچاو. ئاخری وەڕێ کەوتمەوە. دەروێش وەفا دیسان چووە نێو دنیای خەیاڵەوە. کاتی شێو کردن بوو. ڕەشە هێلکە و تەماتەی لە پێش ڕۆناین و ئاوخۆرییەکی دۆ لە تەنیشت دانا. گۆرانی لە دوای گۆرانی بڵاو دەبۆوە. حەسەن زیرەک، ڕەسووڵ نادری، تاهیر خەلیلی و... خوداخودام بوو زوو نان خواردنەکەمان دوایی بێ و گوێ بدەمە پاشماوەی بەسەرهاتی سەیر و سەمەرە و سەرنجڕاکێشی دەروێش وەفا. خەریکی چا خواردنەوەی بووین کە ماشێنێک لەبەر دەرکەی چایخانەکە ڕایگرت. دوو کەس لێی دابەزین. کە چاوم پێیان کەوت گەشامەوە، کاک عەزیز شاڕۆخ و کاک حوسێن ڕەهبەر دوو هونەروەری گەورە و بەناوبانگی شارەکەمان بەرەو مەهاباد دەڕۆیشتن و بۆ وچاندان لایاندابووە چایخانەی گوێزان.
کاک عەزیز شاڕۆخ دەنگی زۆر خۆش و ناسک و هەستبزوێنە. کاتێک دەیڵێ پیاو دەباتە نێو دنیای خەیاڵەوە. کاک حوسێن ڕەهبەر مامۆستای مۆسیقایە و چەند سازان بە کارامەیییەوە لێدەدا، بەڵام «بزۆک»ەکەی دەنگی داوەتەوە. یەکڕاست بەرەو ئێمە هاتن. دانیشتین و شەوێکی خۆشمان ڕابوارد. دەرفەتێک هەڵکەوتبوو تا لە هونەری ئەو هونەروەرانە کەلک وەرگرین. تکام لێکردن و دڵیان نەشکاندم. کاک عەزیز دەستی پێکرد:
- تۆ دەریامی!
بە ڕوانینی دوو چاوی شینی بێبنت...
تۆ دەریامی...
بە شەپۆلی لەنجە و لارت،
بە تووڕەیی جار بە جارت...
بە شەنگە ژینیت، بە سامیت...
شێعری خودا لێ خۆش بوو کاک سوارە بوو. کاک عەزیز چاکی گوت. دەنگی دڵنشین و ئاسمانیی کاک عەزیز دڵی پڕ کوڵوکۆیی بیسەرانی ئاوپڕژێن دەکرد. دەنگی مەلێکی نازدار بوو کە هەڵدەفڕێ، سووڕی دەدا و هاوڕێ لەگەڵ شیبای دڵڕفێن لە نێو دار و دەوەنی لێڕەواردا مەلانی دارستانی دەلاواندەوە. کاک حوسێن ڕەهبەر گیانی وەبەر بزۆکەکەی نابوو. لە نێو دەنگی لە دڵان ئاشنای بزۆکەکەیدا توابۆوە و بەرەو کۆڕی پەرییان باڵی گرتبوو. ئەو دوو هونەروەرە، دەریایەکی پان و بەرینیان دەهێنا بەر چاو. دەریایەکی پڕ شەپۆل... دەریایەکی شین و بێبن، بێ ئەوپەڕ، دەریایەک کە خۆ بۆ بەستێن دەکوتێ، ناسرەوێ، ناحەجمێ، ئارام ناگرێ، ناوەستێ، دەگاتە بەستێن و دەگەڕێتەوە... بەستێن بێ دەنگ و مەند، لە جێی خۆی ڕاوەستاوە و چاوی لە دڵڕفێنەکەی بڕیوە... دڵەکوتەیەتی، بەڵام خۆڕاگرە، سەبری زۆرە، بە هیوایە ڕۆژیک دڵدارەکەی ڕام بێ و خۆی لە ئامێزی باوێ... هەرچی دڵی هەیە، دەریایەکیشی هەیە. ئەویندار دەبێ دڵی بە قەرا دەریا بێ تا بتوانێ بژی و باژوێ....
- تۆ دەریامی....
بە ئارامی سەرم هەڵێنا و چاوم لە دەروێش وەفا کرد. بە کڵۆڵیم هاتە بەرچاو. شەمێک بوو کە بەبێ هاوار کردن دەسووتا و دەتوایەوە... گیانی ببوو بە ئەسرین و لە دەریای قووڵ و بێبنی چاوە شینەکانییەوە تک تک بە دەم برژانگەوە دەڕژانە خوار... فرمێسکەکان هەڵدەوەرین و نەدەمان، ون دەبوون... گیانی دەروێش وەفا ئەوینداری ڕاستەقینە، دەبوو بە فرمێسک و پێشکێشی خۆدای ئەوین دەکرا. زگم پێی سووتا. ئاورم بۆی تێبەر بوو. دەمویست هاوار بکەم:
- بەسیە دەروێش! بەڵێنیت پێدەدەم بەسەرهاتت بنووسمەوە. بیکەمە کتێب، بڵاوی بکەمەوە با تەواو خەڵک بزانن کە چت دیوە و چت بەسەر هاتووە... توخودا دەروێش! بەسیەتی مەتاوێوە... نیوەگیان بووی. با ئەم نیوەیەش بمێنێ تا بەسەرهاتی خۆتم بە تەواوی بۆ دەگێڕیەوە. با قەولی خۆم بتوانم بەرمە سەر....
ویستم هاوار بکەم:
- کاک عەزیز! بەزەییتان بە دەروێشدا بێ. گڕتان تێبەر دا... ئاورتان دا... ئێوە لە کوێ دەزانن لە پشت ئەم ڕواڵەتە مەند و هێدییە چ دەریایەکی پڕشەپۆل هەیە. نازانن کە لە دڵی ئەم پیرەپیاوە، ئەم کۆنەکتێبەدا ئاگرپژێنێکی پڕخرۆش گرفەی دێ وەها کا ئاگر کفارە بکا و من و ئێوە و تەواوی لێڕ و دۆڵ و چیا بسووتێنێ و بکا بە خەڵۆز...، بەڵام زمانم بەسترابوو و نەدەگەڕا... دوو هونەروەر هۆیان دابۆوە... بە جادووی هونەر ئەمنیشیان وەک دەروێش تەلیسم کردبوو... هەر چۆنێک بوو گۆرانێیەکە دوایی هات. دەروێش بە بێدەنگییەوە چاوی لە شوێنێکی نادیار بڕیبوو. دیار بوو وەک پەلەپووشێک لە سەر دەریای بێ سنووری خەیاڵدا چەواشە بووە. خۆزگە بمتوانیبا بچمە نێو مێشکییەوە بزانم چی تێدا ڕادەبرێ؟
کاک عەزیز شاڕۆخ کە حاڵەتی دەروێش سەرنجی ڕاکێشابوو، ڕووی تێکرد و گوتی:
- مام دەروێش وا دیارە تۆش دڵ ئاشنای. دەکرێ ئەتۆش بە شێعرێک، گۆرانییەک میوانمان بکەی؟
دەروێش بە ئارامی سەری وەرگێڕا و چاوی لێکرد و گوتی:
- پێشینیان گوتوویانە «شێعر، سێحری حەڵاڵە». شێعری جوان گیانی مرۆف ئاوپڕژێن دەکا. شاعیر بە جادووی شێعر کار لە مێشک و بیری بیسەر دەکا. دیارە هەر کەس چەشنە شێعرێکی پێخۆشە ئەگەر پێتان خۆش بێ شێعرێکی عارفانەتان بۆ دەخوێنمەوە.
وێکڕا گوتمان:
- زۆرمان پێخۆشە....
دەروێش بە چەشنێکی دڵگر ئەم هۆزانەی خوێندەوە:
ئەی ئەتۆی دەریای پڕشەپۆل و بێ سنوور
بۆ شەو و شەوگاری من کانگای نوور!
چۆڕەئاوم، دیلی چوارچێوەی ڕکەم
تۆ زرێی بێ ئەو پەڕی، ئەمنیش تکەم
عیشقی تۆیە هۆی ژیان و مانی من
یادی تۆیە ئاگری سووتانی من
تۆ منی، من تۆ، ئەدی بۆ دووری لێم؟
چۆلبڕی ڕێتم کەچی بەسراوە ڕێم
ئەم دڵەم تاوێ بەبێ تۆ ناسرەوێ
دێم بەرەو تۆ، بەرهەڵستم دێتە ڕێ
بەرهەڵستی پێگەیینی من، «من»ە
خۆم دەبینم، خاوەنی خۆم لێ ونە
«من» منی خستووە بە دەم بەستێنەوە
تۆ منی، تۆ من لە «من» بستێنەوە
خۆم نیشان دە ئەی سەلیبی تۆم لە مل
با وەکوو سینا بسووتێم، ببمە کل
لەش کە سووتا سەردەمی هەرمانمە
لەش ڕکەی تاریک و تەنگی گیانمە
دەستی من بگرە کە بۆ دین بوومە دین
با چرۆ دەرکا نەمامی پێگەیین
کاتێک دەروێش شێعری دەخوێندەوە زانیم کە لە عیرفاندا زۆر لێزانە. کاتی شێعر خوێندنەوە لە دنیایەکی دیکە دابوو، دەروێشێکی لە ئەویندا سووتابوو، عارفێکی خۆدایی بوو کاتێکیش بەسەرهاتی خۆی دەگێڕایەوە ئەویندارێکی تاسەباری بێقەرار بوو کە لە دڵدارەکەی بەو لاوە هیچی نەدەدی. پێم سەیر بوو دەبێ کەسێک گیرۆدەی دوو ئەوین بێ؟ یا ئەوینی دنیایی بە سووڕی زەمان جێی خۆی دابوو بە ئەوینی خودایی؟ شێعرەکەی تەواو بوو. سپاسمان کرد. ڕووم لە کاک عەزیزی شاڕۆخ کرد و گوتم:
- کاک عەزیز ئەمشۆ بە ئاسانی لە یەخەت نابینەوە. نۆرەت هاتووە. کاک عەزیز بە ڕووخۆشییەوە گوتی:
- بە چاوان، شێعری خەمبارتان بۆ دەڵێم.
کاتێک کاک عەزیز گۆرانی خەمباری دەست پێکرد و دەنگی سازی کاک حوسێن بەرز بۆوە، دیسان گۆلە شینەکانی دوو چاوی دەروێش بەبێ دەنگی خرۆشان، تۆفانیان لێ هەڵستا و فرمێسک ڕژانە خوار....
دڵم دیلی خەیاڵی خاوە ئەمشۆ
هەموو دنیا لە من گۆڕاوە ئەمشۆ
لە دوندی ئەستەمی بوون و نەبوونا
پەشۆکارم، سەرم سووڕ ماوە ئەمشۆ
ئەجەل بۆ گرتنی کۆتری ژیانم
خەریکی دان و تەپکە و داوە ئەمشۆ
لەبەر چاوم وەنەوشەی سیسی هیوا
ملی کەچ کردووە و ژاکاوە ئەمشۆ
......................
......................
کاتێک کاک عەزیز گەیشتە ئەم شێعرە:
کزم، سۆرانی شینم، مل بە کوێنم
پەری بەختم لە من تۆراوە ئەمشۆ
دەروێش ڕوومەتی لە نێو لەپی دوو دەستیدا شاردەوە و سەری بەردایەوە و لە جووڵە و هەڵبەز و دابەزی شان و پیلی زانیم بە کوڵ دەگری. زانیم وشەی پەری گڕی لە کۆی بزووتی گیانی بەرداوە. پەری بەختم لە من تۆراوە ئەمشو... وەبیرم دێ کاتیک منداڵ بووم و دەگریام پێیان دەگوتم:
- ئەتۆ پیاوی، پیاو ناگری....
ئەمنیش گریانەکەم قووت دەداوە و وام دەنواند کە نەگریاوم. بە بیری منداڵی خۆمەوە پێم وا بوو گریان بۆ پیاوان شوورەیییە، بەڵام کە گەورە و گەورەتر بووم زانیم وا نییە، پیاویش دەگری. کەس ناتوانێ لە بەرامبەر نهێمی کوڵوکۆی دەروونیدا خۆ ڕاگرێ. کاتێک خەم و جەخار بە لووزەو هێرشیان هینا، بتەوێ و نەتەوێ ئەسرین هەڵدەوەرێ. هەڵوەرینی ئەسرین پێویستە. بە گریان کوڵوکۆی دەروون دادەمرکێ. پۆلووی خەم و پەژارە دەبێتە ژیلەمۆ. پیاو ئارام دەگرێ و هێدی دەبێتەوە. هەرچەند دەمزانی ئەو گریانە دەروێش ئارام دەکاتەوە و ئەگەر فرمێسک بە هانایەوە نەهاتبا تێکدەشکا، ورد دەبوو، دەهاڕدرا، لەگەڵ ئەوەش بەزەییم پێیدا دەهات.
میوانەکان، ئەو دوو هونەروەرانەی کە سەروکاریان لەگەڵ هەستی دەروونە و لە هەوراز و نشێوی بیری بیسەر دەگەن و بە یەکەم سەرنج دەزانن کێ ئەهلی دڵە و هەستی هەیە، کە چاویان بە دەروێش کەوت فرمێسکیان دە چاوان گەڕا. هەستم کرد کە هەموو هێز و توانای خۆیان وەکار خست و ویستیان گۆرانییەکە تەواو بکەن، بەڵام چ تەواو کردنێک؟ ویستیان ئەو هەستەی کە وردەوردە دەریاندەبڕی کۆی کەنەوە و یەکجێ وەدەری خەن... ئاگریان لە دار و بەرد بەردابوو... دەروێش دەسووتاو، بێ دووکەڵ دەتوایەوە. کاک حوسێن تەواوی هێزی خۆی دابوو بە سازەکەی. ناڵەناڵی سازەکەی گەیشتبووە ئاسمان. کاک عەزیز لە گیانی خۆی مایەی دانابوو. گۆرانییەکەی هەڵپاچی و بە تەواوی هێزەوە دوایین شێعری خوێندەوە:
شنە دیلی شەوی شەوگارە هاوار
نە ئەستێرە، نە شەوبا ماوە ئەمشۆ
گۆرانی دوایی هات، یەکێک گوتی:
- تەک نەمرن، یاخودا هەر ڕاوەستاو بن....
چاوم گێڕا، چایچییەکە و ڕەشە و چوار پێنج مشتەری چایخانە کە گشتیان لە دەورانبەری ئێمەدا ڕاوستابوون و وەک ئێمە ئەفسوونی هونەر ببوون، کاک حوسێن داوای لە من کرد شێعرێکی بخوێنمەوە. ئەمنیش ئەم شێعرەی مامۆستا هیمنم دەست پێکرد:
ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشۆ سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژمێکی تر
کاتێک گەیشتمە ئەم دێڕە:
نەما خانی هەتا چیرۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین زین و مەمێکی تر
دەروێش لەبەرە خۆیەوە ورتەی لێهات:
- هەر مەم دەژی. گیانی زین لەمێژە لە ئاسمانان دەگەڕێ.
پێم وایە هەر ئەمن گوێم لە دەنگی دەروێش بوو. بەو قسەیە خەم دایگرتم. دەروێش ئاکامی بەسەرهاتی پەری درکاند. پەری نەماوە، بەڵام چۆن؟ مرد، کوژرا، خۆی کوشت؟
بەزمی شێعر و گۆرانی دوایی هات. چایەکی دیکەمان خواردەوە و کاک حوسێن ڕووی لە دەروێش کرد و پرسی:
- مام دەروێس خەڵکی کوێی؟
- خەڵک تەواوی ئەردی خودام.
- وا دیارە زۆرت سارد و گەرمی دنیا چێشتووە، دەکرێ بیرەوەرییەکی خۆتمان بۆ بگێڕییەوە؟
دەروێش وەفا هەناسەیەکی هەڵکێشا و گوتی:
- ژیانی من هەمووی بیرەوەرییە. ئەم برایە بەڵێنی داوە بەسەرهاتی من بکاتە کتێب. ئەگەر خودا یار بێ دەیخوێنییەوە.
کاک عەزیز گوتی:
- لەگەڵ ئەوەش پێمان خۆشە گوێمان لە بەسەرهاتیکت بێ، وا دیارە زۆرت دنیا دیوە....
دەروێش دەستێکی بە سمێڵیدا هێنا و گوتی:
- ساڵێک چوومە هەورامان. هەورامانم نەدیبوو. مەبەستم زیاڕەتی حەزرەتی وەیسی ماهیدەشتێ بوو. ئەو ساڵ لە تەواوی کوردستاندا ویشکەساڵی بوو. لە گوندەکانی هەورامان «بووکەبارانە» یان ساز کردبوو. پێیان دەگوت «وێوەباڵێ»، منداڵان دەیانگێڕا و دەیانگوت:
وێوەباڵێ! سەروو پیران
واران بوارۆ پەی فەقیران
وێوە واتە بووک لە مەڵبەندی سنەش پێی دەڵێن «وەوی» «باڵێ» بە مەنای باڵە. لە سەریەک واتە «بووکی باڵدار». وێوەباڵێ یا بووکەبارانەیان سوێند دەدا بە سەری پیران، پیاوچاکان کە باران ببارێ بۆ فەقیران. کە چاوم بە وێوەباڵێ کەوت، بووکەبارانەی مەڵبەندی خۆمانم وەبیر هاتەوە کە منداڵان بە کووچە و کۆڵاناندا دەیگێڕن و دەڵێن:
بووکەبارانە ئاوی دەوێ ئاوی نێو دەخڵانی دەوێ
هێلکەی باڕۆکانی دەوێ هەرزانی ساڵانی دەوێ
گەیشتمە گوندێک بە ناوی «نێجار» لە نیزیک «پاوە». ئەودەم ئەو گوندە پەنجا ماڵ دەبوو. ڕووم لە تەکیەیەک کرد بە ناوی تەکیەی «شێخ حەمەعەزیز»، شێخێکی لێبوو بە ناوی شێخ «قادر». پیاوێکی خودایی بوو. بە ڕووخۆشییەوە بە خێرهاتنی کردم و ڕێزی لێنام. شەوی سێشەمۆ بوو. دوای شێو کردن بەزمێکی دەروێشانەیان ساز کرد. نەزمی وام نەدیبوو، دەنگی دەفە و هووهووی دەروێشان تا دوور دەڕۆیی. دەروێشان زەرگیان لە خۆیان دەدا. ئاوریان دەخوارد. شووشە و بزمار وەبەر نەدەکەوت. بەزمی دەروێشانم زۆر دیبوو، بەڵام هیچ کامیان بە قەد ئەو شەوە کاری لێنەکردبووم. هەستم کرد تا ئەو دەم پووشێک بووم بە دەم باوە. با لە هەر لایەکەوە هاتبا ئەمنی لەگەڵ خۆی دەبرد، بەڵام ئەو شەو بە دڵمدا هات کە ئەگەر جێگەیەک هەبێ دەستی پێوە بگرم لە سەرگەردانی ڕزگار دەبم. حاڵەتێکی سەیرم بە سەردا هات. کاتێک زکر تەواو بوو ئەرزی شێخ قادریان کرد:
- قوربان! خەڵک زۆر نیگەرانن. ویشکەساڵییەکی کەموێنەیە. چۆن دەبێ؟
شێخ قادر فەرمووی:
- خودا ڕەحیمە. دووسبەی ئیشاڵڵا باران دەبارێ.
نەمزانی بۆ گوتی دووسبەی؟ پێم وا بوو لەبەر دڵخۆشیی خەڵک وای گوت، بەڵام وەک بۆتان دەگێڕمەوە وا بوو.
شێخ قادر بە زاراوەی هەورامی دەدوا. هەر چەند ئەودەم بە باشی تێی نەدەگەیشتم، لەگەڵ ئەوەشدا قسەکانیم پێ خۆش بوو. پێم خۆش بوو هەر بمدوێنێ. بەیانی ماڵئاواییم کرد و بەرەو پاوە ڕێم داگرت. پاوە شارۆچکەیەکی دڵگر بوو، خەڵکێکی میواندۆستی بوو. لامدایە چایخانەیەک. هەر مەستی قسەکانی شێخ قادر بووم. بۆ گوتی: دووسبەی باران دەبارێ...؟ لەو فکرانەدا بووم کە قسەی دوو کەس سەرنجی ڕاکێشام. بە زاراوەی هەورامی قسەیان دەکرد، بەڵام هێندێکی تێگەیشتم. باسی ویشکەساڵییان دەکرد. یەکیان گوتی:
- قەرارە سبەی «شێخە بارانە» بچێتە زیاڕەتی حەزرەتی وەیس. دڵنیام ناگاتە ئەوێ باران دەبارێ. بیرم لێکردەوە دەبێ شێخە بارانە کێ بێ؟ سبەینێ چۆنە باران دەبارێ؟ شێخ قادریش هەر بەڵێنی دابوو کە شەوی هەینی باران دەبارێ! چ پێوەندییەک لە نێوان قسەکانی شێخ قادر و سەفەری شێخە بارانەدا هەیە؟ خۆم پێڕانەگیرا، ڕووم لە دوو کەسەکەی کرد و گوتم:
- براینە! ئەو شێخە بارانە کێیە؟
یەکیان گوتی:
- وا دیارە غەریبی و خەڵکی ئێرە نی، دەنا شێخە بارانەت دەناسی. شێخ «نەسرەددین» پیاوخاسێکە لێرە تەکییەی هەیە. کاتێک ویشکەساڵی دێ، بەرەو حەزرەتی وەیس دەچێ و لە ڕێگا نوێژەبارانە دەکەن و هێشتا نوێژەکەیان تەواو نابێ کە دەست بە بارین دەکا. هەر بۆیە پێی دەڵێن «شێخەبارانە». ناونیشانی تەکییەکەم وەرگرت و وەدەر کەوتم. شێخ نەسرەددین پیاوێکی نوورانی و خودایی بوو. ئەویش بە سەروڕوویەکی خۆش زۆری بە خێرهاتن کردم. شەو لە خزمەتیدا بووم و سبەینێ بەرەو ماهیدەشت وەڕێ کەوتین. پەنجا کەس دەبووین. لە ڕێگادا نوێژەبارانەیان کرد. هێشتا نوێژەکە تەواو نەببوو کە دەستی بە باراندن کرد، ئەویش چ ڕێژنەبارانەیەک. دەروێش وەفا ئیستێک بێدەنگ بوو و گوتی:
- لەگەڵ ڕەحمەتی خودا شاد بێ، ئێستا نە شێخ قادر ماوە و نە شێخ نەسرەددین.