بەهاری کوردستان

از کتاب:
شاری وێران
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 12 دقیقه  2531 مشاهده

ئێمە فێرین کاتێک گەورەیەک، زانایەک یان هونەروەرێک کۆچی دوایی کرد، قەڵەم و کاغەز بە دەستەوە دەگرین و پێیدا هەڵدەڵێن و پێیدا هەڵدەڵێین و هەڵدەکێشین، کە چی تا ماوە کەمتر باسی ئاسەوار و شتە باشەکانی دەکەین، بەڵام من نامەوێ ئاوا بکەم. دەمەوێ لە بارەی هونەری شاعیرێکی گەورە و بەناوبانگی کورددا کە بەختەوەرانە زیندووە و لام وایە لە ڕیزی گەورەترین شاعیرانی دنیادایە بدوێم. ئەو بلیمەتە زانا و کەموێنەیە مامۆستا «هێمن»ە. دیارە ئەگەر بمەوێ لە بارەی ناوبراودا هەرچی دەزانم بنووسم، لانی کەم کتێبێکی ئەستوور دەبێ، جا بۆ ئەوەی کە لەگەڵ نێوەرۆکی ئەم کتێبەدا جۆر بێتەوە، تەنیا باسی پارچەهەڵبەستێکی ئەو دەکەم و لە چلونایەتی ژیانی، ڕابردوو و خەباتی، ئاڵوگۆڕێکی بە سەر شێعری کوردیدا هێناوە، کوردیزانین و کوردناسینی، چوارچێوە و قالبی شێعرەکانی، وردبینی و شتی تازە هێنانی و... و.... خۆ دەپارێزم.

«بەهاری کوردستان»ی هێمن تابڵۆیەکی بێوێنەیە لە ژیانی ساکاری کوردەواری. هێمن ئەو شێعرەی لە سەر کێشی بڕگەیی (هجایی) داناوە. کێشێکی هەڵبژاردووە کە زۆر بەیت و فۆلکلۆری کوردی چەشنی ئەمانەی خوارەوەی پێ گوتراوە:

چیرۆکی منداڵانە وەک «مام حەیدەرەی ڕەوەندی».

کایەی منداڵان لە گوێن: «حللوور بللوور تەکامە».

چیرۆکی فۆلکلۆریک وەکوو «ئاڵەکۆکەی کوڵکنە».

هەتەڵە و مەتەڵە چەشنی «هەیاران و مەیاران، هێلکەی دەکا لە داران، بو فەقیر و هەژاران».

گۆرانی وەک «ئای بە هەرمێ بە هەرمێ».

بەیت وێنەی بەیتی «ئیمامی عەلی» کە بەشێکی بەم چەشنەیە:

«بە تۆ دەڵێم زولفەقار،

بە سەری نەبی نازدار،

داینەهێنی وەک خەیار،

دەتکەم بە ناڵ و بزمار،

بو پێی دوڵدوڵی ساکار...»

بەڵام هێمن لە چوارچێوەی ئەو کێشە حەوت بڕگەیییەدا - کە کێشێکە تایبەتی شێعری کوردی - کارێکی وای کردووە کە تا ئێستا بە کەس نەکراوە. باشترە بڵێم کاری هێمن وەک ئەمەیە کە بێنی چەند کیلۆ دوڕ و یاقووت و زومروت و پیرۆزە و ئەڵماس و... لە دەفرێکی بچووک بکەی کە بە باشی جێگەی هەمووان ببێتەوە و هیچیان نەشکێن و نەژاکێن و نەڕووشێن.

لە لایەکی دی، بەهاری کوردستان بە شێوەی چوارپارەیییە کە هەر چوار نیوەشێعر قافییەیەکیان هەیە و ئەوە ئوستادی و لێزانیی هێمن دەگەیێنی کە بە دەستی خۆی کارەکەی لە خۆی سەخت کردووە کەچی ئەو سەختی و دژوارییە پێیەوە دیار نییە هیچ، بۆتە هۆی ڕازانەوە و جوانتر بوونی هەڵبەستەکەشی.

هێمن ئەوەندەی پێویست بووە لە کێشە فۆلکلۆرییەکانی کەلک وەرگرتووە. لە نێو هەڵبەستەکانیدا لەو کێشانە زۆر دێتە بەر چاو. بێجگە لەوە هێمن کێشی وای ساز کردووە کە تا ئێستا کەس شێعری پێ نەگوتووە، وەک هەڵبەستی «شەنگەبێری» کە هەر نیوەشێعری شازدە بڕگەیە. دیارە بە شازدە بڕگەیی شاعیرانی دیکەش شێعریان داناوە، بەڵام هیچیان ئاهەنگ و هەوای شەنگەبێری نییە. تا ئێستا هەرچی شێعری شازدە بڕگەییم دیون لە سەر کێشی عەرووزی بوون، تەنیا کاک «ئەحمەد قازی» پارچەهەڵبەستیکی شازدە بڕگەیی هەیە کە لە سەر کێشی هیجایییە و بە نۆرەی خۆی سرنجڕاکێشەرە، بەڵام لە سەر هەوا و ڕیتمی شەنگەبێری نییە و ئاوا دەست پێدەکا:

یوسفی میسری منی هاودەمی ڕۆژان و شەوانی

ئارەقی بەزمی منی گەرچی لە من زیز و نەبانی

لەو هەڵبەستەدا «وەستان» لە سەر بڕگەی حەوتەمە، بەڵام لە شەنگەبێریدا «وەستان» لە دوای هەر چوار بڕگەدایە. هیوادارم مەیدانی ئەوەم بێ تا مەقالەیەک لە سەر شەنگەبێری بنووسم.

لە «بەهاری کوردستان» دا، شاعیر، خوێنەر یا بیسەر لەگەڵ خۆی دەبا بو نێو سووچێک لە ژیانی بێ خەوش و ساکار و دڵڕفێن و شاعیرانەی کوردەواری. تابڵۆیەک نیشان دەدا کە دەڵێی بە دەیان وێنەگەری کارمە کاریان لە سەر کردووە. تابڵۆیەک کە هیچ کەم و کووڕیی نییە. شاعیر بە سەبکی ڕئالیسم ئەوەی لە سووچێکی ژیانی کوردەواریدا ڕادەبرێ، وەک پەردەی سینەما دەخاتە بەر چاو. «بەهاری کوردستان»، پارچەهەڵبەستێکی درێژە، بەڵام خوێندنەوەی نەک مرۆڤ ماندوو ناکا، زیاتر تاسەباری دەکا کە چەند جاران بیخوێنێتەوە.

هێمن بە جادووی شێعر زستان لادەبا و بەهار دێنێ. دەڵێ مژ و سەرما و سۆڵی زستان، سیخوار و سەهۆڵ و وەیشوومە نەما و شەماڵ بە گاڵەگاڵ هات و هەوری سەرەبەهاری گەواڵ گەواڵ کرد. کەوییەک کە لە لای نیساری شاخان لە تیشکی هەتاو خۆی حەشار دابوو کەوتە ژێر تەوژمی لەنگێزە و باران و شنەبا و توایەوە. لێرەدا شاعیر ئەو مەسەلە وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێ: «بە با و بە بارانە لە عەمری بەفر کەم دەبێتەوە.»

لە تابڵۆی بەهاری کوردستاندا سروە و شنەبا لە لایەک کەوییان دەتوێننەوە و لە لایەکی دی لە نەرمان و ئەستەمان مەندۆک و گیاخاو و کەما و گیاوگۆڵی بەهاری دێننە سەما و کەروێشکەی وە گەنم و جۆ دەخەن، خوناوەی وردەباران گەڵای داران دەشواتەوە و ژینێکی نوێیان وەبەر دەنێ.

جەنگەی بانەمەڕێیە، خێڵات بەرەو کوێستان دەچن. ماڵات زیندوو بۆتەوە. تروپک و نشیو و یاڵ و خڕ و شیو لەگوێن بەهشت خەمڵیوە. دەشت و چیمەن ڕازاوەتەوە. کێو و بەندەن نەخشاوە. زۆنگ و چینگە ژیاوەتەوە. لە هەموو لایەک، لە گشت تەرت و ڕژد و شیو و دوڵێک، بەتایبەتی لە کوێستانەکانی هەوشین و گەدە و لەند و سامرەنددا گیاوگۆڵی جوان و بۆنخۆش وەک هەڵز و بیزا و گیانەند سەریان پێوە ناوە و هەڵچوون و تێک چڕژاون و بوونە زەمەند.

گوڵانی بەهاریش هەر کامیان بە چەشنێک دنیایان خەمڵاندووە. وەنەوشەی جوانی خۆشبۆ لە لێواری جۆگەلەئاوان هاتۆتە دەر. سوێسن و بەیبوون و شلێر لە جێگای زەنوێر ڕواون. هەڵاڵەی بۆنخۆش لە نواڵان پیاو مەست دەکا. گوڵاڵەسوورە پیاو وەبیر شەهیدان دەخاتەوە کە لە خوێنا شەڵاڵ بوون. هەر چی تیرەگ و گەوە و لاپاڵە ئاڵای ئاڵیان پێدا دراوە.

سەرچاوەی ئاوی زوڵاڵ وەک زێوی قاڵ هەڵقوڵیوە. ئاوهەڵدێر قەڵبەزەی بەستووە. ئەستێر شەپۆلان دەدا. گوڵی گەش و ئاڵ پشکوتووە و لە سەر پەڵکی ئەو گوڵانە ئاونگی بەهاری زەنگوڵ زەنگوڵ وێستاوە. دار بووژاونەوە و چرۆیان دەرکردووە. هەموو وڵات بژوێنە، بە ڕاستی کێ مەڵبەندی وای دیوە؟

لە لایەک بولبول ناڵەناڵی دێ و لە سەر چڵی سوورەگوڵ بە کوڵ دەخوێنێ و لە لایەکی دی لە چیا و ڕازان، سیڕەی سەقر و بازان دێ کە لە زۆر ئاهەنگ و ئاواز و نەغمەی سازان خۆشترە. لە لای ڕەوەز و زەردان قاسپەقاسپی کەوی سەر بەردان خەم دەڕەوێنێ و لە نێو شیناوەردان ورتەورتی هەوێردان شادی دێنێ. مۆسیقایەکی دڵڕفێن خوڵقاوە. لە لایەک خرینگەی زەنگ و قۆڕ، لە لایەک لووشمەلووشم و هۆڕەهۆڕ و لە لایەکی دی هۆقەهۆق و بۆڕەبۆڕ تێکەڵاوی حیلەی جوانوو و ئەسپی تۆڕ بووە. کاڕوکووڕی بزن و مەڕ و لرفەلرفی لۆک و نەڕ و کوڕژنی ئەسپی بەدفەڕ تێکەڵ بووە و گوێچکەی مرۆڤ کەڕ دەکەن. لە موڵگە و دەراوان فیتەی شوان و ئۆحەی گاوان دێ. سەوەڕ و چەق و لووری گەماڵان لە دوور دەبیسترێ. لە بەر قەدی کێوێک لاوکی لاوان دێتە گوێ و لە لاپاڵی بەرامبەری، ئەوا بەڵەک چاوانن کە بە باللۆرە وڵامیان دەدەنەوە. لە سەر بەردەبێرێ، شوانە لە دنیای خەیاڵی خۆیدا لە بلوێری تووڕاندووە.

بە ڕاستی سەرسووڕهێنەرە، شاعیر ئەو وشە جوانانەی لە کۆی دۆزیوەتەوە، چۆن وا زانایانە، بە جێ خستوویەتە نێو قالبی هەڵبەستەوە؟ دیارە تەنیا «هێمن»ە کە کاری وای لە دەست دێ. هێمنێکی بۆخۆی لە بەهشتی لادێدا چاوی کردۆتەوە و لەوێدا گەورە بووە و بەرجەوەندی تەبیعەتی شاعیرانەی کوردستان و دیمەنی ژیانی کوردەواری ئیلهامبەخشی شێعرەکانی بووە. لە هێمنێک کە بە خەیاڵی شەوپەڕی، زۆر شەوان لەگەڵ شنەی شەوبا بو شەوگورد شەوگەڕی کردووە. لە هێمنێک کە سروەی کازیوە ئاونگی بەهاری لە سەر ڕوومەتی ئەستڕیوە و گزینگی خۆرەتاو هەستی بەرزی شاعیرانەی تا ئەوپەڕی بستووان بردووە. لە هێمنێک کە بۆ ڕاوی باڕەکەوان دەیان و سەدان ماهـ و زەرد و ئاسۆگە و زینوو و بانووی پێواوتووە و لە دوای کەودەری لە ڕنوو و باڕن نەترساوە و بۆ گرتنی هەوێردە و زڕەکەوان، شێوەرد و شیناوەرد و ڕەپستە و زەنوێر و مێرگ و بژوێن نەماوە کە نەیچێ. لە شاعیرێک کە ڕکێفی لە کەحلانی داوە و پرتاو بە شوێن قوڵەشیناندا چۆتە یاڵ و باسکە و لاپاڵ و ڕەوەز و تیرەگ و تەلانان، لە شاعیرێک کە بۆ ڕاوی ڕەشبەشە و دوڕنا و هەڵەتانج و سۆنە و بۆرە و دووکوڕانە و پێبەقوونە لە مولگە و دەراو و پاناوک و چۆم و گۆمان بنەی داناوە و چووە دە سیپەیەوە، ئەو چاوەنواڕییە دەکرێ کە شێعری وا جوان و بێوێنە بخوڵقێنێ.

شاعیرێک دەتوانێ شێعری وەک بەهاری کوردستان دانێ کە وەک هێمن بە بۆنی مەندۆک و کەما و هەڵز و بیزا و گیاخاو و گیابەند و مولەبەران و کەنێرە و شلێر و بەیبوون و سوێسن و هەڵاڵە و... سەرخۆش بووبێ. شاعیرێک دەتوانێ بەهاری کوردستان بڵێ کە بۆخۆی چووبێتە هەواران و لە تاوڵ و خێوەت و ڕەشماڵاندا پاڵی وە ئەستوندەکی دابێ و چاوی لە ڕەتاندنی زاوماک و مەشکەژاندن و نان کردنی سەر سێڵێ بووبێ.

کەسێک دەتوانێ هونەری وا بخوڵقێنێ کە بە نم نم و خوناوە و ڕێژنە و هەر وەها بە پرووشە و کەڕەسیسە و کڕێوە و بەفرخۆرکە هەستی ببزوێ و وەک ناشاعیرێک بێ تەفاوەت بە لایاندا تێنەپەڕێ.

هێمن لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری و سەرانسەر دەربەدەری خۆیدا لە زۆزان و کوێستانان، لە لێڕەوار و لە ڕازان، لە ژێر سێبەری کەپر و لە قەراخ کانیاوی کەللەتەزێندا، لە کاتی گێرە و کێشە و خرمان هەڵدانەوەدا، لە دەستەوا و هەرەوەز و بژار و دەسکەنە کردندا لەگەڵ خەڵک ژیاوە و دەزانێ ژیانی کوردەواری چۆنە. هەر بۆیە لە بەهاری کوردستاندا سووچێکی لەو ژیانە بە جوانی تێکەڵاوی مۆسیقایەکی گیانپەروەر دەکا و دار و جلیتی شۆڕەسوارانمان پێشان دەدا کە ویڕەی ئەو و هەوهەوی ئەم تێکەڵی خرمەی ناڵ و بزماران بووە. نیشان دەدا کە چۆن مەڕ بە لەوەڕ و بە هەوای کوێستان لە گۆشتا سوور بووە و شەک و کوور سەرمەست بوون و خۆ هەڵداوێن.

شاعیر بە جادووی شێعر هەموو سووچ و قوژبنی هەواران دەخاتە بەر چاو. منداڵان لە ڕژد و هەڵدێران جاڵە و تاوێر بەردەدەنەوە و کوڕ و کچ لە لای کارژیلە و بەرخەل و بزن و مەڕی شەل کە هەلیان بۆ هەڵکەوت خەریکی هەمزەل دەبن. شاعیر نیشان دەدا کە بەهاری کوردستان بەتایبەتی لە کوێستان و هەواران بەهارێکی بێ وێنەیە.

لە بەر دەرکی ڕەشماڵان دنیایەکی دیکەیە. چاوکەژاڵان دڵی کوڕ و کاڵان بە تاڵان دەبەن و کاسیان دەکەن. شاعیر دەڵێ ئەو گەورەکچانە، ئەو نوێ بووکانە لێوئاڵن، دەم بچووکن، خوێنشیرنن، ڕەزاسووکن، کوڵمەیان وەک گڵووکن، شل و ملن، لەبارن، چاو بەکلن، گوێ بە گوارن، دەسماڵ پووڵەکەدارن، شەدە و گیلگیلە لارن، ناسکن، نەرم و نۆڵن، خاوێنن، سپی و سۆڵن، توندوتۆڵن، ڕووهەڵماڵاون، بێباکن، دیارە خاوەنی ئەو شتانە بە مژۆڵک جەرگانیش دەکۆڵن.

ئەو جوان و نشمیلانە باسکی قەڵەو و ناسکیان هەڵماڵیوە و تاسکەتاسکیانە و لە ئاسک ڕەوکترن. ئەو پەریانە، ئەو چاوکەژاڵانە کیژی مەرزینگانن، کچۆڵەی سەکرانن، بڵباسن، کاتێک بە لەنجەولار ڕادەبرن و ناز دەکەن و جارجارە چاوێک دادەگرن، کام کوڕە کە خۆیان فیدا نەکا؟ ئەو کچە لەبار و ڕەوەندانە بەلەک و زەندیان هەڵکردوون و کەزیەیان وەک بەند هوندۆنەوە تا کوڕان بە کەمەند بگرن.

کیژۆڵەی شۆخ و جوان چاک، شۆڕەژنی داوێنپاک، کابانی قۆڵ بە بازن، شەنگەبێری کێل گەردن کاتێک لە نێو مەڕ هاتوچۆیانە و زاوماک دەرەتێننەوە، دەڵێی پۆلی پۆڕانن.

شاعیر بە دینێکی زۆر ورد کاروباری ئەو نازدارانە دەخاتە بەر چاو و دەڵێ هەر کام خەریکی کارێکن:

زێڕن و کابان و مێرێ لە بەر بێرێ دانیشتوون و ئەستی هاوێرێ دەکا و گوڵێ بەرخان دەژمێرێ و خونچە و گوڵووک و گەوەر و شەم و کەژاڵ و دلبەر و زین و مرۆت و ئەسمەر بە شوێن کاردا لە تاوڵێ هاتوونە دەر. مامز شیری داگرتووە و ناسک پەنیرێ دەکوشێ و ناز هەویرێ دەشێلێ و کاڵێ نان تیری دەکا. ئامان چۆتە کولێنی، پەری مەشکەی دەژێنێ، بەسێ خەریکی لۆرک کوڵاندنە و خەیاڵ ئاوردوو دێنێ.

هێنانی ئەو هەموو ناوە کوردییە بەڵگەیەکی دیکەیە بۆ لێزانی و چازانیی هێمن. شاعیر لە عالەمی خەیاڵدا کە ئەو هەموو کچ و کیژوڵە و نوێ بووک و شۆڕەژن و شەنگەبێریەی خوڵقاندووە، خۆی پەند دادەدا کە نەکەی سەر لە هۆبە بنەی. بێ و کاری وا بکەی خۆت پێڕاناگیرێ و تۆبەی دەشکێنی و وەک سۆبە گڕت تێبەر دەبێ. دیارە ئەو پەند دادانەش هونەرێکی شاعیرانەیە دەنا هێمن لە مێژە بڵێسەی ئاگر ژیانی داگرتووە، بەڵام نەک ئاگری عیشقی ئەو کچانەی کە لە عالەمی خەیاڵدا خوڵقاندوویەتی، بەڵکوو گڕی ئاگری ئەوینی گەل و وڵاتەکەی، ئەگەر ئەو گڕە گیان و لەش و ژیانی دانەگرتبایە لە کوێ دەیتوانی ئاسەوارێکی وا گەورە و بەرز و بەنرخ و بێوێنە بخوڵقێنێ؟ ئاسەوارێکی کە پڕە لە وشەی ڕەسەن و پەتیی کوردی، لێوانە لە ناوی جێگا و مەڵبەندان، ناو و دەنگی باڵندە و مەڕ و ماڵات، ناوی گوڵ و گیای بۆنخۆش و جوان و جوانتر لەوان ناوی کچان هێندەی دی ئەو شێعرەی ڕازاندۆتەوە. ئەگەر هێمن سووتاوی ئەوینی کورد و کوردستان نەبوایە «هێمن» نەبوو.

وشەی جوان، سرنجی شاعیرانە، وردبینی، هەست بە جوانی و بۆن و بەرام و دەنگی خۆش کردن بە ڕاستی لە شاعیرێکی گەورەی وەک هێمن دەوەشێتەوە. بەختەوەرانە شێعری هێمن هەمووی لە ئەوپەڕی جوانی و بێوێنەیی دان. هیوادارم ئەو مامۆستایە مەزنە ساڵانی ساڵ بۆ خزمەت بە ئەدەبی کوردی بژی و پایەدار بێ.