گڕوو

پێشکێش بە هەوەڵین دۆستی ڕاستیم «ئەنوەرخان»
از کتاب:
گوناهـ
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 2 دقیقه  1385 مشاهده
گراویی من!
دوو چاوە دڵڕفێنەکەت دە چاوی من بڕە!
بڵا لە یەک بهاڵێ مۆنجی نادیاری دوو نیگا...
نیگام نە بۆنی سوێسن و هەڵاڵەیە،
کلیلی دەرکی گاڵەیە...
 
مەلی ئەوین!
دەزانی دووری چەندە سەخڵەتە؟
فریزووە کە هەر ڕەگەی خەمێکە بێئەمان،
بەبێ وچان،
دەکا ڕەگاژۆ بۆ لەشم...
کە ڕەمزی مردن و نەمانمە،
ەڵەی ڕواوی سەر ڕەگەی ژیانمە...
 
گرینگیی ژین!
کوانێ چۆمی ویشکەڕۆ دەگاتە ویشکەگۆلی دڵ؟
لە ویشکەساڵی یادەکەم...
کوا دڵۆپە ئاوێ بۆ گەرووی هەناسە لێبڕاوی نایەکەم؟
 
گوڵووکی من!
دەڵێن بەهاری ساڵی نوێ بەڕێوەیە و پەساپەسا دەگاتە مە...
گریم بەهار،
بە گرمەگرمی هەورەوە لەڕێوە هات...
کوا گوڵێ لە شۆرەکاتی قاقڕی ژیانی من،
بە دەم ڕەهێڵەوە بزەی دەبزوێ، هەڵدەدا؟
کە ژینی من هەمووی خەمە،
بەهاری من، بەهاری شین و ماتەمە...
 
کلیلی دڵ!
لە کوێ کەسێک هەیە لە من بگا؟
کوانێ ئاشنا بە دەردەکەم؟
وزەی قسەم لە هێڵی شادە کورتترە...
لە کوێ بە گوێی کەسێکی ڕادەگا:
وزەی هەناسە سەردەکەی خەزان؟
دڵم دڵی «کەرەفتوومکان» وە،
پڕە لە ڕاز و ڕەمزی «کەسنەزانمکان»
 
شنەی بەیان!
ئەمن کە ئاشقی شەماڵ و لێڕەوار و کانی و چیام
بڵێی بەڕۆچکە تین بدا بە خەڵفی هەستی نەسرەوم؟
بڵێی لە ڕژدی ئەستەمی زەمانە سەرکەوم؟
بڵێی زرینگەیەک لە جامی دڵ بگاتە ئاسمان؟
بڵێی نەڕووخێ پردی مان...؟