شاری خامۆشان

از کتاب:
گوناهـ
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 1 دقیقه  1700 مشاهده
شاری خامۆشان
با صدای: عەلی حەسەنیانی
شاری خامۆشان
با صدای: سەید خالد ئیمامی
تاقە کووچەی شاری خامۆشان،
خۆڵەپۆتینێکی نەرمە،
قرچەقرچی نیوەڕۆی هاوینە، گەرمە،
چۆل و بێ ئاوایییە،
زۆر لەمێژە هاتوچۆی تێدا نیە...
ئەمنی ڕێبوار،
ئارەقەم تک تک لە ڕوومەت دێتە خوار،
دەیکوتم ماندوو و شەکەت،
دەچمە پێشێ...
خۆرەتاو دنیا دەسووتێنێ، دەڵێی گیانم دەکێشێ...
جێگە پێیەک،
جێ دەمێنێت و دەبێتە نەخشی ڕێیەک،
ڕێیەکی سووتاو بە تیشکی داخ و گەرم،
خۆڵەپۆتینێکی نەرم...
ڕیزەماڵێک دێتە بەر چاو:
تۆز لە سەر نیشتوو،
لەدەسچوو...
دەرک و دیواری بە سەر یەکدا ڕمیو، مردوو...
ئاخرین ماڵ:
کاول و وێران و ڕووخاو،
چاوەیەکی نیوەسووتاو،
باخچەیەکی ئیشک، بێگیا، تێکدراو،
چۆل و بێدەنگ،
مات و بێڕەنگ،
دەرکی ژینی داخراو،
سەردەمێکی کۆشکی ئاواتی منی ئاوارە بوو...
 
تاقە کووچەی شاری خامۆشان،
خۆڵەپۆتینێکی نەرمە،
نیوەڕۆی هاوینە، گەرمە،
شوێنی پێیەک،
نەخشی ڕێیەک،
یادگاری ئاخرین میوانی شارە،
دوور... کوندێک خەم دەخوێنێ:
- ئاخۆ لەم ڕێگایە کێ ڕێبوارە ئەم جارە...؟