گۆرانیی نەسرین

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1343 مشاهده
نەسرین گوڵی نەسرینە
چووزەرەی یاسەمینە
خنجیلە و خوێنشیرینە
دەمی بە پێکەنینە
کەیفی لە هەڵپەڕینە
شنە شنی ببینە
***
نەسرین گوڵی بەهارە
لێو ئاڵ و چاو بەخومارە
لە ناو کچانا دیارە
خوازبێنیکەر هەزارە
لووتی لە هەموان خوارە
کەسی ناوێ لەم شارە
***
نەسرین گوڵی هاوینە
فریشتەی سەر زەمینە
پەریزادەی ماچینە
گوڵە ئەستێرە نوورینە
نەتەوەی خاتوو زینە
پاوانەی پێی زیوینە
***
نەسرین گوڵی پاییزە
بۆن خۆشە وەک گەزیزە
کچە کوردە ئازیزە
تورک و عەجەم بەڕیزە
لە بەردەستیا کەنیزە
بۆیە بە دەعیە و فیزە
***
نەسرین گوڵی زستانە
شەوچرای کوردستانە
چاوی پیاڵەی مەستانە
چلوورەی گوێ گوێسوانە
بەو چاوە بەستوویانە
نەسرین وادەی هەڵسانە
***
نەسرین ساڵمان تەواو کرد
سەیری دەشت و سەحرا و گرد
جلی سەوزیان لەبەر کرد
بە حیساب وا تۆش پێت گرت
شیعری خۆتت لەبەر کرد
بیخوێنەرەوە ورد ورد