١٥

از کتاب:
کارمامز
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 6 دقیقه  1141 مشاهده

ئەو ڕۆژە سۆران دوای خواردنی نانوچا لە ماڵە مەلا خالیدی وەدەر کەوت و دیسان لە نێو دێدا خەریکی فرۆشتنی وردەواڵە بۆوە. نیزیکەی سەعاتێک ڕابرد کە لە دوور چاوی بە مەلا خالید کەوت. مەلا خالید لە ماڵ هاتە دەر و لە سەر سوێی بەرماڵەکەیان مەندیلەکەی هەڵگرت و دەستێکی تێوەردا و لە سەری نایەوە. بەو جۆرە سۆران زانی کە «مامۆستا» حازرە و خەریکی ڕۆیشتنە. «سۆران» یش پێچەکەی هەر بەو چەشنە هەڵگرت و دایناوە. مەلا خالید ڕێگای داگرت و لە گوند وەدەر کەوت. سۆرانیش وردەوردە شمەکەکانی کۆ کردنەوە و بە لایەکی دیکەدا دێی بە جێ هێشت. لە بن دارگێوژێک مەلا خالید چاوەڕوانی بوو. پێکەوە لە ڕێگا لایاندا و لە نێو لێڕەواری چڕ و پڕ، لە پەنا و پەسیوێکی نەدیودا ڕۆنیشتن. ماوەیەکی دوورودریژ بە قسە ڕایانبوارد و چاوەڕێ بوون. لە پڕ مەلا خالید گوتی:

- ئەوا هات... بۆ خۆیەتی، «قۆیتاس» ە.

لە بەندەنی ئەو بەرەوە کابرایەکی کەواوپانتۆڵ قاوەیی بەرەو بەرزایی کێو، گەوەی دەبڕی. سۆران مجرییەکەی بە جێ هێشت و ماڵئاوایی لە مەلا خالید کرد و بە شوێن قوێتاسدا کەوتە ڕێ.

قۆیتاس یەکێک لەو شەش جاشانە بوو کە لە خراپەدا هۆی دابۆوە و لە لایەن ڕێکخراوەوە بڕیاری لەنێوبردنی درابوو.

قۆیتاس لە بەندەنی لای نیساری ئەو چیا بەرزەدا چاڵەبەفرێکی هەبوو کە هەموو ڕۆژێ ئێواران دەچوو بەفری دەهێنایەوە. ئەو ڕۆژەش تازە دەیەویست لە ڕێگا لابدا و بەرەو چاڵەبەفرەکەی بڕوا کە «سۆران» ی گەیشتێ. سۆران گوتی:

- کاکە ماندوو نەبی!

- خودات لێ ڕازی بێ. بۆخۆت بە خێر بێی.

- سپاس... ئەرێ ڕێگای «قەڵاکۆن» بە کوێدایە؟

- بەو یاڵەدا دادەگەڕێیە خوار دەگەیە دووڕێیانێک، بە ڕێی چەپدا تێهەڵدەبی... .

- قەڵاکۆن لێرەوە دوورە؟

- ڕێگای سەعاتێکە. ئێرە بڵیندە، هێندێک وەسەر کەوی لێت وەدەر دەکەوێ.

قۆیتاس بە شوێن ئەو قسەیەدا گوتی:

- لەگەڵم وەرە پێت نیشان بدەم.

- نا... زەحمەتت نادەم.

- زەحمەت نییە. ئەمنیش هەر وەسەر دەکەوم، دەچم بەفری دێنم.

بۆ سۆران تا ئێرە باش پێشهاتبوو. قۆیتاس وردەوردە بیری لێدەکردەوە ئەو پیاوە دەبێ کێ بێ؟ ئەوە لە «بەردەپان» ماڵی خەڕازی دەفرۆشت. ئەدی وردەواڵەکەی چی لێهاتووە...؟ ئەوە بوو کە پرسی:

- کاکە! شمەکەکانت چ لێکردن؟

- کێهە شمەک؟

- ئەمڕۆ وردەواڵەت نەدەفرۆشت؟

- با...، لە دێ بە جێم هێشت تا دەگەڕێمەوە.

- بۆ دەچییە قەڵاکۆن؟

- خزمێکم لەوێندەرێیە دەچم سەری لێدەدەم. ڕەنگە بیناسی «کوێخا خلە».

- باشی دەناسم. پێکەوە برادەرین. سڵاوی منیشی پێ بگەیەنە. بڵێ قۆیتاس لێی دەپرسی.

- بە چاوان.

بەو قسانە شکی قۆیتاس وەلاچوو. گەیشتنە لای چاڵەبەفرەکەی گوتی:

- ئەمە چاڵەبەفرەکەمە. وەرە «قەڵاکۆن» یشت پێشان بدەم.

- سپاست دەکەم.

قۆیتاس وەپێش کەوت و چوو سەر بەرزایییەکی. لە دوور گوندێک دیار بوو، گوتی:

- ئەوە «قەڵاکۆن» ە.

سۆران کە لەو گوتوبێژە مەبەستی ئەوە بوو کە قۆیتاس بەرەو دوندی چیا بەرێ، گوتی:

- باشە خۆ دەکرێ تاوێک دانیشین هێندێک قسان بکەین؟

قۆیتاس ئەو پرسیارەی پێ سەیر بوو. دیسان وەشک کەوت. دەبێ چ قسەیەکی پێ بێ؟ بەو هۆیەوە پرسی:

- قسان بکەین، قسەی چی؟

- لەبارەی کابرایەکی جاشەوە... .

قۆیتاس دڵی داخورپا. هەستی کرد لاقی وە لەرزین کەوتووە، بەڵام وەڕووی خۆی نەهێنا و گوتی:

- جاش...! کامە جاش...؟

- جاشێک بە ناوی قۆیتاس کە ئەوێستێ لە بەرامبەرمدا ڕاوەستاوە. قۆیتاس زانی کە پیس پێوەبووە، بەڵام خۆی ڕاگرت و بە تووڕەییەوە گوتی:

- بزانە دەڵێی چی، کەس نازانێ چ کارەی. با لەم کێوە هەڵتنەدێرم... .

- دەزانم دەڵێم چی. پێشت دەڵێم چ کارەم. ئەمن پێشمەرگەم. بۆ پێتوایە ئەمن زووتر ئەتۆ هەڵنادێرم...؟

ئەوەی گوت و بەر لەوە کە قۆیتاس شاڵاوی بۆ بەرێ خێرا لە باخەڵی دەمانچەیەکی دەرهێنا و چەخماخی ڕاکێشا و بەرەو قۆیتاس ڕایگرت. قۆیتاس ڕەنگی بزرکا. لێوی خوارەوەی بە ئاشکرا وە لەرزین کەوت. چ ڕێگای بۆ نەمابۆوە. دانیشت و دەستی کرد بە پاڕانەوە و لاڵانەوە:

- چت لە من دەوێ؟

- قسەی ڕاست.

- قسەی چی؟

- لە پێوەکردنی «ڕزگار» و هاواڵەکانیدا چ دەورێکت بووە؟

قۆیتاس هێزی ئەژنۆی شکا. هەبەسا. هەر چۆنێک بوو بە دەنگێکی لەرزۆکەوە گوتی:

- ناڵێم «ڕزگار» م نەدەناسی، بەڵام ئەمن پێوەم نەکردووە. حازرم سوێند بخۆم.

- سوێند...؟ هەڵبەت سوێندیش دەخۆی کە خزمەتیشت کردووە!

- خودا دەزانێ... .

- ئێمەش دەزانین. جا دەڵێی بۆت بگێڕمەوە؟

- فەرموو.

- کاتێک ڕزگار و هاواڵەکانی بۆ کۆبوونەوە دەچنە دۆڵی «گوڵان» ئەتۆ لەگەڵ کوێخا ئەمەری دۆست و هاوکارت نامەیەک بۆ «یانەی جاسووسی» دەنووسن و ڕاپۆرتیان لێدەدەن. نامەکەی کە نووسراوەی تۆ دەبێ، دەدەی بە کوێخا ئەمەر کە بۆیان بەرێ. کوێخا ئەمەریش لە ڕێگادا نامەکەی تۆی لێدەکەوێ کە تا ئێستاش پێی نەگوتووی، بەڵام دەچێ هەر بە زمان ڕاپۆرتەکەی دەدا.

- بە خودای ئەمن ئاگام لێ نییە.

- ئەدی ئەمە چییە، حاشای لێدەکەی؟

سۆران ئەمەی گوت و نامەیەکی هاویشتە بەر دەمی قۆیتاس. قۆیتاس چاوی لە نامەکەی کرد و ناسییەوە. نووسراوەی خۆی بوو. قسەی پێ نەمابوو. دەمی ئیشک ببوو. «نە ئاسمان هەڵیدەکێشا، نە ئەرد قووتی دەدا». جێگەی حاشا نەبوو. بێدەنگ بوو و مرتەقی لێبڕا. بێدەنگییەکی کە گیانی دەتواندەوە. سۆران بە سەریدا گوڕاندی:

- بۆ لاڵ بووی...؟

قۆیتاس بە زەحمەت سەری هەڵێنا و پرسی:

- دەتەوێ چم لێبکەی؟

- جارێکی دی بە جوانی بیخوێنەوە.

قۆیتاس سەری بەسەر کاغەزەکە داگرتەوە. سۆران زۆر بە تەڕدەستی و زیرەکییەوە تا هێزی تێدابوو بە دەمانچەکەی لە پشت ئەستۆی ڕاکێشا. قۆیتاس ناڵەیەکی کرد و بێهۆش بە لادا کەوت. سۆران دەستی کرد بە گەڕانی گیرفانەکانی. لە نێو دراو و شمەکەکانیدا کارتێکی وێنەداری تێدابوو، کارتی مووچەخۆریی یانەی جاسووسی و هاوکاری لەگەڵ دوژمنانی گەل. سۆران شمەکەکانی لە گیرفانی قۆیتاس ناوە و کارتەکە و نامەکەی هەڵگرت و ڕاکێشڕاکێش جەستەی قۆیتاسی بەرەو هەڵدێرگەی ئەو بەری چیا برد. جێگایەکی ئەستەم بوو. دۆڵێکی قووڵی لەبەر دابوو. بردییە سەر هەڵدێر و بەرەو ناخی دۆڵەکە هەڵیداشت.

کاتێ سۆران بەرەو دۆڵەشین دەگەڕایەوە، مەلا خالیدیش ڕێگەی بەردەپانی لە پێش گرتبوو و لەو فیکرەیدا بوو کە چۆن بە گوندەکانی دەوروبەردا بگەڕێ و هاواڵەکانی بدۆزێتەوە و لە کاتی دیاریکراودا بچنە دۆڵەشین، چونکە پرسەی «قۆیتاس» یشی لە پێش بوو... .