٢

از کتاب:
کارمامز
اثر:
علی حسنیانی (1939-1992)
 5 دقیقه  1121 مشاهده

کوێخا ئەمەر پیاوێک بوو قوڵەبنە، ڕەشتاڵە، گڕوێ، خوێنتاڵ، ڕەزاگران، بەدفەڕ، شەڕانی، بەخیل و دووزمان، کاری چاکی لە دەست نەدەهات و کاری خراپیش دەستی ماچ دەکرد. دەیانگوت بە زەمانی لاوی لەگەڵ براکانی کاری چەتەیی و ڕێگری بووە. سێ برا بوون؛ «بلەتیسکن» و «خلەدێز»، لە خۆی گەورەتر بوون. هەرسێکیان لە خراپی و بەدفەڕی و بەدئاکاریدا بێ وێنە بوون.

جارێک کە سێ بە سێ دەچنە ڕێگری، لە ڕێگادا پێش بە کابرایەک، کە ناوی «مەندە» دەبێ، دەگرن و ئەویش نایکاتە نامەردی و دەست دەکاتەوە و لە ئاکامدا بلەتیسکن، برای نێونجیان دەکوژێ. سکاڵا دەبەنە لای ئاغا کە سەرۆک عەشیرە دەبێ. ئەمەر و خلەدێز بە دزی ئاغای دەبینن و ئەویش مەندەی مەحکووم دەکا کە بەرخوێنی بلەتیسکن بدا. هەرچەندە کە مەندە دەپاڕێتەوە و هاوار دەکا و دەڵێ: بێ تاوانم و ئەوان ڕێیان پێگرتووم و دیفاعم لە خۆم کردووە...، بە گوێی ئاغایدا ناچێ. مەندە کچێک و چل سەر مەڕ دەدا و مەسڵەت دەکرێ. ئەمەر کە سەڵت دەبێ کچە لە خۆی مارە دەکا. مەندە کە دارونەداری ئەو چل سەر مەڕە دەبێ، لە داخان نەخۆش دەکەوێ و پاش ماوەیەک دەمرێ و بە خاکی دەسپێرن. کچەکەی کە ناوی «نەشمیل» دەبێ و لە جوانی و کابانیدا ناوبانگی دەڕوا، ددان بە جەرگی خۆی دادەگرێ و لە لای ئەمەر دەسووچێ و دەساچێ و پاش نۆ مانگان لە سەر منداڵی دەچێ و بە دەریایەک خەم و خەفەتەوە دنیا بە جێ دەهێڵێ. بەرهەمی ئەو خزمایەتییە ناپیرۆزە کچێک نا، گوڵێک دەبێ کە ناوی دەنێن مامز.

مامز بە هۆی بێ دایکییەوە بە دایەن دەدرێ. تا تەمەنی شەش حەوت ساڵانە لە لای یای «گوڵ»ی دایەنی دەبێ. یای گوڵ کە تازە شووەکەی لەبەر بێ دوکتۆری و بێ دەرمانی لە دەست دابوو، تاقە کچێکی بوو بە ناوی «پەرەنگ». مامزی لەگەڵ کچەکەی خۆی فەرق دانەدەنا، مامزیش لە پێشدا هەر پێی وا بوو دایکی خۆیەتی و لە دوایەشدا کە زانیبووی دایکی خۆی نییە بۆنی دایکی بەوییەوە نابوو.

یای گوڵ هەموو شەوێ مامزی لە لایەکی خۆی دەخەواند و پەرەنگی لە لایەکەی دی. تاوەکوو لە خەوی دەکردن حەکایەتی بۆ دەگوتن. پێ بە پێی گەورە بوونی مامز و پەرەنگ، یای گوڵ شێوەی حەکایەتەکانی دەگۆڕین و تێدەکۆشا چیرۆکەکان لەگەڵ تەمەن و بیروڕای کیژۆڵەکان جۆر بێنەوە.

مامز وردە وردە لە خەڵکی دەبیست کە باوکی چ مڵۆزمێک و دێوەزمەیەکە، چۆن دایکی داگیر کردبوو و چۆن ببوو بە هۆی مەرگی. لەو ماوەیەشدا کە لە لای یای گوڵ بوو، باوکی کەمتر سەری لێدەدا و خۆی تێدەگەیاند. چەند جار ویستبووی بیباتەوە، مامزیش هێندە دەگریا کە دەروهاوسێ بەزەیییان پێدا دەهات و کوێخا ئەمەریان پەژیوان دەکردەوە.

کوێخا ئەمەر لە دوای لەدەستچوونی خێزانی زۆری هەوڵ دا ژنێک بێنێ، بەڵام لەبەر ناوبانگی خراپە و زمانپیسی کەس خزمایەتی لەگەڵ نەدەکرد. ڕۆژێک کە پێی وا بوو مامز ژیکەڵە بووە و دەتوانێ کاری ماڵێ بکا، چووە ماڵە یای گوڵ بیهێنێتەوە. مامز دیسان دەستی کرد بە گریان، کویخا ئەمەر لە پێشدا زۆری هەوڵ دا بە زمانی خۆش هەڵیفریوێنێ، بەڵام نەیتوانی. ئەمجا هەڵستا مامزی بەستەزمانی وەبەر مست و پێلاقان دا. مامز وەک پەیکەرەیەکی بلوورین لە ژێر دەستی باوکی دڵڕەقیدا تێکشکا و ورد بوو، لەگوێن سوورەگوڵێکی تازە خەمڵیو، ژاکا و پەڕپەڕ بوو، هەر چۆنێک بوو یای گوڵ لە بن دەستی دەرهێنا و گوتی:

- مامزێ! ڕۆڵە! باوکی خۆتە قەیدێناکا لەگەڵی بچۆوە ئەمنیش هەموو ڕۆژێ دێم سەرت لێدەدەم.

لە دوایە بۆ ئەوەی مامز چاوی بە دوو تنۆک فرمێسکی نەکەوێ ڕووی وەرگێڕا و خۆی بە شمەکی سەر پێڕگەوە خافڵاند.

مامز گشت ڕێگایەکی لێ بەسترابوو. چارەی نەبوو دەبوایە لەگەڵ باوکی - ئەو دێوەزمەیەی کە ناوی نرابوو باوک - بچێتەوە. بە هەناسەساردی و هەنیسکدانەوە پرێسکەی شمەکەکانی و بووکێکی کە یای گوڵ بە پەڕۆوپاڵ بۆی ساز کردبوو دەستی دایە و چاوێکی پڕ لە تاسە و لێوان لە ئەسرینی لە ژوورە قورماوییەکەی، کە کانگای بیرەوەری منداڵانەی بوو، کرد و هەناسەیەکی هەڵکێشا و وەپێش باوکی کەوت. دەتگوت بەرخە و لەگەڵ قەسابەکەی دەچێتە کوشتارگا. لە ماڵێ کوڵی گریانی هەڵستا، دەستی کرد بە فرمێسک هەڵوەراندن. کوێخا ئەمەر بۆ ئەوەی ئارام بگرێ وەدەر کەوت و بە تەنیایی بە جێی هێشت.

هەر کە کوێخا ئەمەر وەدەرکەوت، مامزیش بووکەکەی هەڵگرت و چووە دەرێ. دوای یەک دوو سەعات کە کوێخا ئەمەر گەڕایەوە، هێشتا مامز نەهاتبۆوە. کوێخا ئەمەر هەموو لایەکی لێکرد. لە پێشدا چوو بۆ ماڵە یای گوڵ. یای گوڵ و پەرەنگ لە کوێخا ئەمەر نیگەرانتر دەستیان کرد بە سووڕانەوەی نێو کۆڵانی ئاوایی. زۆری لێگەڕان نەیاندیتەوە. وردەوردە هەموو خەڵکی کانیپەری نیگەران دەبوون. ئاخۆ چی بەسەر هاتبێ؟ خەڵکی، کوێخا ئەمەریان سەرکۆنە دەکرد کە بۆ بۆتە هۆی ونبوونی مامز؟ کوێخا ئەمەریش وەک سەگ بە گژیاندا دەهات. خەڵکی ئاوایی لە مەیدانی بەر مزگەوت کۆ ببوونەوە و لە دیتنەوەی مامز کەمکەم ناهومێد دەبوون کە لە پڕڕا پەرەنگ گوتی:

- پێم وایە دیتمەوە.. دەزانم لە کوێیە... .

ئەوەی گوت و بەرەو گۆڕستانی گوند لینگی دا. خەڵکیش بە ورد و درشتەوە وەدوای کەوتن. گۆڕستان لە سەر تەپکێک لە لای ڕۆژئاوای کانیپەری بوو. پەرەنگ چاکی بۆ چووبوو. مامز لە سەر گڵکۆی دایکی، دایکێکی کە هەرگیز نەیدیبوو خەوی لێکەوتبوو، بووکەکەشی لە ئامێز گرتبوو. کاتێ کە خەڵکی ئاوایی لێی نیزیک بوونەوە، مامزی بێچارەی بەستەزمان هەر هەنیسکی دەدا... .