سەفەرێک بەرەو «زینوێ»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  762 مشاهده

ئەمجار چوومە «دیلمان» و بە مەلا مستەفام گوت وەکیلی تۆ لە وەڵزێ ڕێگەی داوە زوڵم لەو فەقیرانە بکەن. ناردی نەعمانیان گرت کە وەکیلەکە بوو. لە تەویلەیان کرد تا بە تکای من پاش چوار ڕۆژ بەریان دا. سووختی ئەو زستانەمان لەو دارە تاڵانییانە پێک هات.

دەگەڵ مەجید و مەلا سەیید ڕەحمان سەفەرێکمان بەرەو «زینوێ» کرد. شەو لە «ناوبەرگە» میوانی مەلا محەممەد ناوێک بووین. بەیانی هەر لە ماڵان ئاوا بووین، دوو تەیارەی هوکرهەنتەریان هاتنە سەر. گوتم خۆ بشارنەوە! جێگەکەم ڕووتەن و خیزەشینە بوو؛ لە ڕاست خۆم دانیشتم، قوتووی سیغارەکەم دەرێنا، سیغارێکم پێچاوە و دامگیرساند. گوتم با ئاخر سیغار لە ژیانمدا بکێشم. تەیارە لێیان قرماندم، چەند مەڕێکیان لە کەرکە مەڕێکی دەوری من کوشت؛ من وەبەر نەهاتم. تەیارە چوون و من بانگم کرد: وەرن بڕۆین! مەجید هات. مەلا ڕەحمان نەبوو. هەرامان کرد، ناڵەیەکی هات. لەم سەرە چووبووە ناو دڕوە شیلانێکەوە، لەو سەر دەرنەدەهاتەوە. بە لاق کێشان دەرمان کێشا. هەموو دەست و سەر و چاوی بە دڕوە شیلان دە خوێن هاتبوو.