چەند قسەی خۆشی مام نوور

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  821 مشاهده

پیرەمێردێکی دیکەی برای کاک بە ناوی «مام نوور» هەبوو، دەموچاو چرچی لووت ئاوڵاوی شل و شەوێق، ئەوەندە قسەخۆش بوو نەبێتەوە. پیاو مردووی لە گۆڕێ با، مام نووری دیبا، دەهاتە پێکەنین. زۆرم قسەی خۆش لێ بیست؛ زۆریشیان بۆ دەگێڕامەوە کە بەداخەوە لە بیرم چوونەوە. دوو سێ شتم لە بیر ماون:

* مام نوور لەناو ئاغاوەتی دەزەیی لە دەشتی هەولێر میوانە. پیاوێکی هیرانی دێ، لێی دەپرسێ:

- توو نەگەیوە؟

- بەڵێ قوربان «سەخۆرە» بووە (تازە دەگا).

مام نووری دەڵێ: هەتیو وس بە! ئێستا ئاغایانی دزەیی هەموو هجووم دەبەنە سەر تووی هیران!

* لە خانەقای سەیید ئەحمەد لە کەرکووک، مام نووری دەچێتە ئاودەست. دیواری ئاودەستەکان نەوییە و بە حاڵ تا نیوەی لەشی پیاو دەداپۆشن. ئاغایەکی بۆشناغیش دەچێتە ئاودەستی تەنیشتی. مام نووری دەڵێ: بەخێراتی بابە! خەڵکی کوێی؟

جغارەیەکی پێشکەش دەکا و لە سەر دیوارەوە بۆی دادەگیرسێنێ و مل لە چاک و خۆشی و باسی کاسبی و کار دەکەن! بە سەیید ئەحمەد دەڵێن دوو شێت لە ئاودەست چەقە و هەرایانە. دەزانێ فیکی مام نوورە.

- مام نوور ئەوە چت کردووە؟

- قوربان بە خودا پیاو شەرم لە میوانی خۆی دەکا نەیدوێنێ و جغارەی نەداتێ!

سەیید دەڵێ هەر ئەمڕۆ دیوارەکان بڵندتر کەن!

* کۆمەڵێک ئاغای دزەیی دەگەڵ مام نوور دەچنە مەلە لە جۆگەی گەورەدا. لیباسی مام نوور دەفڕێنن. تا دەیەوێ دەرکەوێ خۆڵی پێدا دەکەن. مام نوور ماندوو بووە، زمانی کێشاوە و قاقاش پێدەکەنێ.

- بە چی پێدەکەنێ؟

- خۆم هەر وەک بەرازێک دێتە بەر چاو پەنجا سەگ دەوریان دابێ و دە قوڕ و لیتەی وەردەن!

***