با تۆزێک بەرەو دوا بگەڕێمەوە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  695 مشاهده

لێرەدا ئەمەوێ تۆزێک بەرەو دوا بگەڕێمەوە:

چەند جار ناوی «عەبدوڵڵا کانیمارانی»م گوتووە. لەدوای هاتنەوەم لە سووریا کەس وا دۆستم نەبووە؛ وەک گوێی کەر، جووت بووین. بە منداڵی تا کلاسی چواری سەرەتایی خوێندبوو؛ چەند ساڵێک کاسبیی لادێ و ڕەژیفرۆشی کردبوو. لە کەرکووک ملی بە خوێندن نایەوە تا لە حقووق دەرچوو. لە دەورانی قاسمدا کاری حیزبی لە بەغدا دەکرد و هەمیشە پێکەوە بووین و تەنانەت پووڵی من لای ئەو بوو کە بۆم خەرج کا. زۆر جار دەیگوت: من دەچمە خاریج بۆ دوکتورا وەرگرتن، خەمم نییە چونکە تۆ برای بەڕاستمی و ئاگات لە منداڵی من دەبێ؛ هەر وەک منیش بۆ تۆ وام. بەڕاستی زۆرم دڵ پێ خۆش بوو.

ئەو ڕۆژانەی کە حیزب ناردبووی بچمە شۆڕش، هاتە ماڵ گوتی:

- برا تۆ کە لە بەغدا دەڕۆی نەچی بە تەمای من بی! بە خودا قەت ئەحواڵی منداڵەکانت ناپرسم!

وەک گۆزێک سەهۆڵاوم بە سەردا کەن تاسام؛ گوتم: کاکە من خودا بە هومێدی تۆی خەلق نەکردم؛ هەر وا دەزانم ئەو ڕۆژگارەیە کە تۆم نەدەناسی...

شەو لە کەرکووک بە ترس و لەرزەوە بەسەرمان برد. بەیانی بە تاکسییەک ڕۆیشتین و جادەی گشتیمان بەجێهێشت و لە ڕێگەی دبسەوە چووینە هەولێر، ماڵی خاڵی کاک یووسف (عەبدولقادر ئەفەندی)؛ کە لە «بیبیجەک» چەند ڕۆژێک پێکەوە بەنهێنی ژیابووین. بەیانی بە ڕانکوچۆغە و جلکی کوردییەوە چووینە کۆیە، بووینە میوانی بنکەی حیزب. سەعید مەسیفی ناوێکی پێ ڕادەگەیشت. باسی ئەوەی کرد کە چەند مێزەر سوورێک هاتوون، ڕاینەگرتوون. تێگەیشتم کە دەبێ نێوانی حیزب و بارزانی وا خۆش نەبێ وەک من بیرم لێ دەکردەوە.