سێ ڕۆژ لە لینینگراد

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 10 دقیقه  876 مشاهده

بڕیار درا بچمە لینینگراد. زۆر لە دۆست و برادەران هاتبوون بەڕێم کەن. قەتار سەعات دووی پاش نیوەشەو دەڕۆیشت. گوتیان بۆ سێ ڕۆژ ئەو چەمەدانە گرانەت بۆ چییە؟ یەکی چکۆڵەی سووکت پێ بێ بەسە.

- ئاخر نیمە.

«کۆڵۆزی شەرۆ» کە لە کوردەکانی گورجستانە و چاوەدێری پراڤدای بە زمانی گورجی دەکرد؛ گوتی من دەچم بۆت دێنم. ساکێکی گوڵ چندراوی بۆ هێنام. چووینە ئێزگە. ئاغای قیامی ناوێک، پیاوێکی حەفتا و پێنج ساڵەی کۆنە وەزیری ئێرانی و دۆستی نزیکی بارزانی لە مۆسکۆ، هاتبووە ئێزگە بۆ بەڕێ کردنم.

- ئاغای قیامی زۆر شەرمەزات کردم.

- نا تۆ دۆستی بارزانی، لازم بوو بێم...

دوکتور سوڵتان وەتەمیشی پتر لە دە جاران دە بن چنگی کوتام: «دیسان بچۆ تەشەککوری لێ بکە، بەو پیریە زەحمەتی کێشاوە». کچێک کە لە ئاسایشگا دەمناسی و ناوی «گالە» بوو، دەگەڵ خوشکی هاتبوون. گوتم: تکایە تۆ و خوشکت لە باتی من سوپاس لە قیامی بکەن. هەردووک چوون و قۆڵیان کردە قۆڵی. گوتیان: چونکە تۆ زەحمەتت کێشاوە، ئێمە دەگەڵت دێینەوە ماڵێ. قیامی گوتی: ئەگەر جەوان بام نەدەهاتن؛ مەمنوونم!

خاولی و ماولی و ئەسپابی ڕیش تاشینم لە ساک دایە، دەگەڵ «عەلییۆف» ناوێکی ئازەری کە دیلمانجم بوو لە واگۆنێک داین. تاوهەڵات گەیشتینە ئێزگەی لینیگراد. زۆر لە نووسەرانی ئەوێ هاتوونە پێشوازی شاعیری کورد! یەکێک هاتە دەرکی واگۆن:

- کوا چەمەدانت؟

ساکە ڕەشم دا دەستی. لە فڵقەی پێکەنینی دا و یەکی تر لێی وەرگرت. هەر فڵق و هۆڕ بوو!

- خەبەر چییە؟

عەلییۆف گوتی: تۆ ساکی خانمانت هێناوە!!

دوکتور کەریم ئەییووبی پەیدا بوو. گوتم: بگەیە، وەریگرە و بیبەوە بۆ خانمەکەت تا ئابڕوومان بە یەکجاری نەچووە!

سێ ڕۆژ لە لینینگراد بووم. پێش نیوەڕۆیەک لە مووزەی ئەرمیتاژم ڕابوادر، کە بەڕاستی مانگێکی دەوێ تا هەمووی بە باشی ببینی. بە سەدان تابلۆی وای تێدایە کە سەرت لە کاری خودا سوڕ دەمێنێ. لە ناو ئەوانەدا، تابلۆیەک یووسفی نەججاڕی زڕباوکی مەسیح دارتاشی دەکا، مەسیحی دە دوازدە ساڵە شەمێکی بۆ ڕاگرتووە. ئەو دڵپاکی و خۆشەویستییە کە لە ڕووی مەسیح نیشان دراوە، وەک بزمار دایکوتام. چەند جار بەجێم دەهێشت و دەگەڕامەوە و سەیرم دەکرد. گوتیان ئەم کۆشکە چوارسەد وەتاغی تێدایە. هەموو لێواری بانەکانی بە دەیان هەیکەلی لەسەر چەقابوون. بیرم دەکردەوە پادشایەک بە خۆی و ژنی و کوڕێکەوە، ئەو هەموو خانووبەرەی بۆ چی بووە؟!

چوومە مزگەوتی لینینگراد. مزگەوتێکی زۆر جوان و خۆش و فرەوانە. پڕە لە مافوورەی جوان. مەلایەکی ملەستوور ( دەتگوت تەگەی دابەستەیە ) بە پیرەمەوە هات و لەبەر خۆیەوە بە عارەبی مەلایەانە دەیگوت: «شوکور بۆ خوا نوێژ کردن ئازادە!». بە عەلییۆفی تەرجمانم گوت: «وا دیارە نوێژ کردن لێرە ئازاد نییە؛ چونکە مەلای ئێمە ئەم قسە نازانن. فێر کراوە بۆ میوانانی لاوەکی ئەمە بڵێ». عەلییۆف گوتی: «لام وایە ڕاستی بۆ چووی!».

قورعانێکی یەک پەڕیم دیت. مەلاکە ناوی عەبدولباری بوو، گوتی: «ئەوە دیاری جەمیل ڕۆژبەیانییە؛ سەلامی لێ بکە. تۆش کە چوویتەوە بەغدا ناوم لە مەجەللەی ئادابی ئیسلامیدا بنووسە!». ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، لە دەرکی ئاودەستەکان بە تورکی و بە خەتی عەرەبی نووسرابوو: «ژنانە _ پیاوانە». نەمزانی بۆ ناکرێ ئاودەست بە ڕووسی بنووسرێ کام زیانی هەیە؟!

لە پاش گەڕانەوەم بۆ بەغدا، لە ماڵی مەلا مستەفا، مامۆستا مەلا جەمیل ڕۆژبەیانیم دیت. گوتی: «چوویە مزگەوتی لینینگراد؟ مەلا عەبدولباریت دیت؟ چۆنە؟». گوتم: «مامۆستا باسی ئەو بێنامووسە مەکە! دەیگوت مامۆ مەلا جەمیلم گاوە!!». گوتی: «هەتیو تۆ بۆ لێرە قسەی وا دەکەی؟ مەگەر من ئەوم گابێ!». بارزانی زۆر پێکەنی.

چوومە دیدەنی کلیسای (یاکوبسکی گورود) کە گۆیەکی تێدا دێ و دەچێ، حەرەکەتی زەمینت نیشان دەدا. چوومە دیدەنی خانووی پووشکین؛ ئەڵمانی ناشیرینیان کردبوو. زۆر جێگەی جوانی ترم دیتن کە ئەڵمانان خراپیان کردبوون. ئەڵمانم وەک عەرەبان هاتە بەرچاو کە دژی و جوانی و هونەرن...

چوومە ئۆپێرای حەوت پەیکەری شاعیر «نیزامی» کە مۆسیقاری گەورەی ئازەری «قەرە قەرەیۆف» کردوویە ئۆپێرا. ڕووس بۆ گوێ گرتن لە مووزیکی بەنرخ وەک سۆفیلکەی ئێمە بۆ قورعان بیستن وان. بە سرتە ویستم شتێک لە عەلییۆف پرسم، لە دە جێوە پتر «وشت، وشت»یان کرد؛ یانی با گوێمان لێ بێ، قسە مەکە.

چوومە بنکەی ڕۆژهەڵات ناسی، بەشی کوردی لە لینینگراد. «ئوربێلی» ئەو پیاوە گەورە و بەڕێزەی ئەرمەنی کە بە فەرمانی ئەو، خرۆشۆف ئیجازەی کردنەوەی ئەو ئامۆژگایەی دابوو؛ دەرسی کوردی لێ دەخوێندرا و کتێبی کوردی چاپ دەکرد؛ بە زیارەتی سەرفراز بووم. خۆ نەخوازا کە بیستی من مەم و زینم وەرگێڕاوەتە سەر سۆرانی، هەر تەواو کەیفی هات.

ئۆربێلی لە زانا هەرە بەناوبانگەکانی ڕۆژهەڵاتناسی شۆرەوی بوو؛ بە دڵ و گیان عاشقی ئەحمەدی خانی و نیزامی گەنجەوی بوو. دەیانگوت لە ڕۆژێکدا ئۆربێلی ویستوویە دەربارەی نیزامی قسە بکا، کە بۆمبارانی شار کراوە بۆمبای ئەڵمانی وە ساڵۆنەکە کەوتووە و بانەکە لایەکی ڕووخاوە. دانیشتوان ویستوویانە هەڵێن، گوتوویە: «باسی نیزامیتان بۆ دەکەم؛ پیاو دەبێ شەرم لە نیزامی بکا. ئێوە چۆنی بەجێ دێڵن؟!». هەموو گەڕانەوە جێی خۆیان.

قەناتی کوردیۆف یەکێک لە مامۆستایانی ئامۆژگاکە بوو کە زۆر شاگردی کوردیخوێن و کوردنەژادی پێگەیاندوون. خانم سێدا ڕۆدینکۆ کە مەم و زین و بەیتی شێخی سەنعان و چەند کتێبی تری بە شەرحی ڕووسییەوە لە چاپ داوە لەوێ بوو؛ دەگەڵیا بوومە ئاشنا. ئەو خانمە لە دایکێکی ئەرمەنی و باوکێکی گورجی بوو، کرمانجی وەک خەڵکی بۆتان و فارسی زۆر باش دەزانی. خوایشتی کرد چەند ڕۆژێک بمێنم، دیوانی شێخ سەنعانییەکەی دەگەڵ وەخوێنم کە خەتە مەلایانە زۆر ناخۆشەکەی بۆ ساغ نەدەبۆوە. نەمدەتوانی بمێنم. قەرارمان دا لە مۆسکۆڕا دەعوەتی لێ بکەم کە ئیجازە وەرگرێ و لە مۆسکۆ دەگەڵی بخوێنمەوە. دوکتور کەریم ئەییووبیش هەر لەو ئامۆژگاییە زمانشناسی خوێندووە. ژنەکەشی «ئیرا» فارسی دەزانی. چوومەوە مۆسکۆ. ڕۆژێک ڤۆلۆشین - کە باسم کرد - هاتە لام کە پرسیارم لێ بکا؛ سەڵماسی تەرجمانمان بوو.

پرسی: «ڕادیۆ یەریوان بە کوردی لە کوردستان نرخی چۆنە؟».

گوتم: ڕاستت دەوێ تەنیا کەسێک هەیە لە هەموو کوردستان کە تێی بگا، ئەویش ئێستا لەوێ نەماوە. ئەو کەسەش منم!».

پرسیاری کرد: ئایا لە خاوەن زاراوەکانی کوردستان کامیان بەشی زۆرن؟

گوتم: کرمانج، پاشان سۆران.

گوتی: نا، یەکی تر لە هەمووان پترە!

- جەناب من باشتری دەزانم.

- نەخێر نایزانی!

هەر دەستی بە ناوچاوانییەوە دەگرت و لەپڕ لە ڕانی خۆی دەدا و فیتەیەکی دەکێشا:

- ئەی! بۆ وە بیرم نایەتەوە؟!

گوتم: دەزانم تۆ مەنزوورت زازایە.

- ئەرێ دیتتەوە، ڕاست دەکەی!

- کاکی خۆم! بەداخەوە بە هەڵەیان بردووی. زازا کۆمەڵێکی کەمن. عێراقی بە هەرچی سۆران نەبێ دەڵێن بادینی، یان زازۆکی، یان زازا.

من پرسیارم لەو کرد:

- ڕۆژنامەی حیزبی شیووعی عێراق چاپخانەی ئێوەیە، پووڵی دەدەنێ. ڕۆژنامەی «خەبات» (رۆژنامەی پارتی) هەر بەخۆڕایی هەموو ڕۆژ دوو ئەوەندەی شیووعییەکان لەسەر ئێوە و لەسەر چینی کۆمۆنیست دەنووسێ و پێتان هەڵدەڵێ؛ هەموو ڕادیۆ مۆسکۆ لە (اتحاد الشعب) نەقڵ دەکا، بۆچی قەت باسی خەبات ناکەن؟

بە مۆنێکەوە لێی ڕوانیم:

- خەبات؟ ئیراخیم ئەخمێت؟! نووری ئەخمیت تەخا؟!

پشتەدەستی ڕادەوەشاند؛ یانی هەر باسی مەکە!

دانیشتم عەریزەیەکی زۆر بە ئاب و تابم بۆ لێژنەی مەرکەزی لە کرملین نووسی، بە هەزار و یەک دەلیل ئیسباتم کردبوو کە ئەگەر ڕادیۆ مۆسکۆ بەرنامەی کوردی هەبێ چەند باشە و چەند بە قازانجی شۆرەوی تەواو دەبێ. ئەمجار هەر کوردێکی دەرەوە هاتبا مۆسکۆ، دەگەیمە سەری و داوانامەیەکم پێ دەنووسی و بە تەرجەمەکراوی دەمنارد، بەڵکوو بەخت کوێت بیگرێ و مۆسکۆ بە کوردی بەرنامەی هەبێ؛ بەڵام کەس گووی بە کڵاومان نەپێوا...

دوو کەس هاتنە لام گوتیان: «لە ئەنساکلۆپیدیای شۆرەویدا ناوی هەژار وەک شاعیری کورد و ناوی جگەرخوێن چاپ کراوە؛ لە گۆرانیشمان پرسیوە کە جگە لە خۆی کێ هەیە لە چاپی تازەدا - کە هەر بە دە ساڵ جارێک چاپی تازە دەکرێتەوە - بنووسرێ؟ گوتوویە: هەر من هەم!!

گوتم: «ڕەنگە تێتان نەگەیشتبێ؛ دەنا ئەو دەزانێ زۆر کەسی وامان هەیە، نەخوازە نەماوەکان وەک خانی و جزیری و نالی و مەولەوی و زۆری تریش کە دەبوایە ڕووپەڕی ئەنساکلۆپێدیان داگیر کردبا. من بۆتان دەنووسم. گوتیان زۆرمان پێ خۆشە. وادەمان دانا. وێکەوتم ناوی حەفتا و یەک شاعیر و نووسەری کوردم ڕیز کرد و دامنێ. دوای چەند ڕۆژ هاتنەوە لام. گوتیان «دوکتور کەریم ئەییووبی دەڵێ ئەوانە مەعلووم نییە ڕاست بن، دەلیلی دەوێ!!».

- بەڵێ ڕاست دەکا! لە مۆسکۆ دەلیلی چی بێنمەوە؟! «دار هۆڕەی لە خۆی نەبێ، ناقەڵەشێ»! ئەویش چوو...

کەریم ئەییووبی تێزی دوکتورای لەسەر (شاعیر هەژار) وەرگرت. دیار بوو دەبوایە لە شیعرەکانم شایەت وەرگرێ. ڕۆژێک لە ئاسایشگا نامەیەکم بۆ هات، دەڵێ: «برا «پەڕووعە» بە چی دەڵێن؟ ئەوە کوردی کوێیە؟». نووسیم: «نازانم. تۆ شیعرێکم بۆ بنووسە کە ئەمەی تێدایە». بەیتەکە ئەمە بوو: «تووتن و پەڕ و عەتر و بۆن». نووسیم: «برا! تۆ مانای تڕ و بۆن لێدەوە، ئەودەم پەڕووعە ڕوون دەبێتەوە!!».

کەریم ئەیووبی بردمییە ئامۆژگای عەرەبی لە مۆسکۆ، گوتی: «دەبێ لەوێ بە عارەبی قسە بکەی، من وام گوتووە، خەجاڵەتم مەکە!». مامۆستای هەرە گەورەی دەرسی عەرەبی «سوڵتانۆف» ناوێک بوو. دەستی ناوە دەستمەوە و (ئەخلەن وە سەخلەن) بەخێری هێنام. بۆ خاتری کەریم بە عەرەبی فەسیحی قورعانی نوتقێکی دوور و درێژم کرد. هەموو مامۆستا و شاگردەکان سەر دەجووڵێنن. پاش ماندوو بوون بەسم کرد. تێریان لە چەپلە دا. ئەوجار بە کەریمیان گوت: «تکایە بۆمان بە ڕووسی تەرجەمە کە، چونکە هیچی تێنەگەیشتین!!». کەریم دەڵێ: «جا منیش لە عەرەبی نەگەیشتووم!». ناچار لەسەرڕا من بە کوردی و ئەو بە ڕووسی ملمان لە چەقەچەق نایەوە!

چوومە مووزەی پیتری گەورە. کۆتەڵی پیتری گەورەم لە جوانترین شوێن، لەسەر لێواری چەمی (نیوا) دیت. لە چەند جێ کۆتەڵی مەلەکە کاترینم دی کە زۆر بە حورمەت بە یادگار ماون. شیووعی خۆمانم دەهاتنە بەرچاو کە کێلی قەبری پیاوە گەروەکانی کوردیان دەشکاند...