لە ئاسایشگای گێرتسن

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 8 دقیقه  805 مشاهده

جگە لە دوو دوکتوری پیاو، هەموو دوکتو و پەرستار و خزمەتکاری تر ژن بوون. دوکتورێکی ژن بە ناوی «نیکۆڵا یەڤنا» بەسەر چەند وەتاغێک ڕادەگەیشت کە من یەکێک لە نەخۆشەکانی بووم. سەعات شەش و سێ چارەگی بەیانی دەچووینە وەرزش، سەعات حەوت بەرچایی، سەعات دوازدە نیوەڕۆژ، سەعات شەش شێو، ئیتر تەنبەڵ و بەرەڵا... دەستم کرد بە ڕووسی خوێندن لە کتێبی منداڵان. ژنێک کە دوکتوری منداڵان بوو، بۆ ئیستراحەت هاتبووە ئاسایشگا؛ خۆی کردە مامۆستام و بە هەزار زەحمەت شتێکی تێدەگەیاندم. ڕۆژانە پتر لە دوو سەعات خۆی دەگەڵ ماندوو دەکردم. دەیگوت: «دوو کوڕم هەبوو؛ خوشکم کوڕی لە شەڕدا کوژرا و تەنیا مایەوە؛ کوڕێکی خۆم دا بەو. ئێستا کوڕێکم هەیە و مێرد».

تەلەفزیۆن و پیانۆ دەگەڵ عەکسێکی گەورەی باڵانومای «مارشاڵ کۆتوزۆف» لە ساڵۆن بوو. سینەماش هەبوو؛ حەوتەی چوار فیلمی نیشان دەدا. تا زستان بوو، وەرزشی زۆر خۆشیان سەمای سەر سەهۆڵ بوو. لە پاش بەرچایی تا شل دەبوون لەبەر دەنگی سەفحە مووزیکی خۆش سەرگەرمی ئەم بازیە بوون. بۆیە دەڵێم «بوون» و ناڵێم «بووین»، چونکە هەوەڵ جار کەوشی بن چەرخم ساز کرد و چوومە سەر مەیدانی سەهۆڵ، تەختی پشتم عەرزی ماچ کرد و درینگە لە سەرمەوە هات! ئیتر تازە هەر لە دوورەوە تماشام دەکردن. هەر ئەو ڕۆژە کە گەیمە گێرتسن، باڵتۆیەکی تایبەتی دووبەر، کەوشێکی ناو بە کوڵکەم پێ بوو کە لە بەغدا بۆ سەرمای سەختم کڕیبوون. گوتیان ئەوانە بەکار نایەن. پۆتینێکیان دامێ، لەکن خودا درۆ نەبێ لە چوار و پێنج کیلۆ قورستر، باڵتۆیەک ئێستر هەڵی نەدەگرت. کوڕێکی عەرەبی بەغدایشی لێ بوو بە ناوی «عەسکەر ئل عێبی»، ڕۆژێک پێکەوە لە سەیری سەمای سەر سەهۆڵ وێستابووین. هەوا بە ڕواڵەت زۆر خۆش بوو. دیتم هەر دوو گوێچکەی عەسکەر وەک بە گوێزان چورتمیشت کردبێ خوێنیان لێ هاتووە.

- عەسکەر گوێت بۆ بریندارە؟

دەستی لێ دا و ڕایکرد. دەیگوت هیچ نەدێشا. گوتیان: «هەهۆ! ئەوە سەرمای ڕووسیایە، پیاو لە دەرەوە دەبێ هەر دەست بە گوێ و لووتی دابێنێ؛ دەنا بێ ئەوە ئاگا بکا، خوێنیان وشک دەبێ و هەڵدەوەرن».

هەر کە زستان و بەفر نەما، دەشتی دەوروبەرمان کە هەمووشی جەنگەڵی چوغور بوو، بەهەشتێک بوو بە هەموو مانا. دار هەموو سەریان لە عاسمانێ، دەر و دەشت دارماڵ لە وەنەوشە و سوێسنی زەرد و سوور و گوڵی هەمە ڕەنگە. بەڵام پێم سەیر بوو: ئەو هەموو گوڵە جوانانە جگە لە یاسەمەنە و تەنیا گوڵێکی تۆپی سووری ئاگری ڕەنگ، کە ئەویش دەسچێن بوو، بۆنیان نەدەدا. ئیتر سەر لە بەیان و ئێواران و پاش شێو خواردن تا دەمی نوستنان، لە ناو جەنگەڵ و دەشت دەگەڕاین و خۆشمان ڕادەبوارد. زۆربەی ئەوانەی لە ئاسایشگا بوون - کە لام وایە نزیک بە سەد و پەنجا کەسێک کیژ و لاو، نێوان ساڵ و پیر بوون - هەموو زۆر تەیار و ساز و جلک جوان بوون. وا دەبوو بە ماشێنی خۆیانەوە دەهاتنە دوویان بیانبەنەوە سەردانی ماڵ. ڕۆژێک لە کوڕێک «شوڕا» ناوم پرسی: «ئێرە جێگەی بۆرژوازی مۆسکۆیانە؟»، پێکەنی، گوتی: «نا، بەڵام کەس و کاری موحتەرەمەکان لێرەن».

لە نزیکمانەوە کەمپێکی منداڵانی پێشەنگ هەبوو. نزیکەی دووسەد منداڵی لە نێوان هەشت ساڵە و دە ساڵەی تێدا بوو. چەند مامۆستایەکی ژنیان بەسەر ڕادەگەیشت؛ بەڵام هەموو کار دەبوایە بە دەستی منداڵان پێک بێت؛ ئەویش بە نۆرە. هەر دوو سەعاتی شەو یان ڕۆژ، دوو منداڵ لەبەر دەرکە پاسەوان، بۆ لە خەو هەستان و چوونە وەرزش و جەمە نان و خەوتن، مناڵی شەیپوور ژەن شەیپووری لێ دەدا. چەند منداڵێک وڵاتیان خاوێن دەکردەوە، کەوشی هەمووانیان واکس دەکرد، چێشتیان لێ دەنا. هەموو منداڵ فێری هەموو کارێک دەبوون. ژنەکان هەر ئامۆژگاری کردن و فێر کردنی کاریان لەسەر بوو. جمهوورییەتێکی چکۆڵە بە دەستی منداڵانی چکۆڵە بەڕێوە دەچوو. بە نۆرە لە مەجلیسی سەرۆکایەتیدا بەشدار دەبوون. ئەوپەڕی تەکووزی و نەزم و تەرتیبیان هەبوو. لە سەعات یازدەی ڕۆژەوە دەیانبردنە مەلە. جێگەی خۆیان لە چۆم دیاری بوو. ڕۆژێ دیم کچۆڵەیەک دەمەقاڵەی دەگەڵ کوریژگەیەکی هاوکەمپی بوو. دەیگوت:  «تۆپەکەم تۆ بە ئاوت دادا و چۆم بردی». ئەویش حاشای دەکرد. کە زۆری بۆ هات گوتی: «بە شەرەفی پێشەنگیم سوێند دەخۆم من خەتام نەبووە». کیژۆڵە گوتی: «بەسیە! باوەڕم کرد». دەستیان کردە ملی یەکەوە و ئاشت بوونەوە.

لە وچانی هاوینەدا مناڵانی پێشەنگ ئاوایان ڕادەبوارد و دەهاتنە کەمپی هاوینی لە دەشت. دوورترێک لە ئێمە چەندین قەسری هاوینە هەواری کرێکاران هەبوون؛ کە مانگی مەرەخەسی لە دەشتیان ڕادەبوارد. سێ یەکی مخارج لەسەر کرێکار و دوو بەش لە سێ بەشی، یەکیەتییەکەیان دەیدا.

شیر و گۆشت گا و ماسی زۆر بوو؛ کە دەیان داینێ. خواردن زۆر لە خواردنی باشی کوردستان دەچوو. بۆقیان پێ پیس بوو؛ بەڵام دەیانگوت زۆر لە گۆشت کیسەڵ حەز دەکەن. جگەرە و مەشرووب لە ناو ئاسایشگا مەمنووع، بەڵام لە دەری ئاسایشگا مەشرووب قەیدی نەبوو. ناو ناوە ئیجازە دەدرا شەو لە جەنگەڵ تا درەنگێ دەستە جەمعی بیگوزەرێنین. بیست یا سی کەس، هەر کەسە پارەیەکی دەدا، خواردن و خواردنەوەی پێ دەکڕدرا. لە جەنگەڵدا ئاوریان دەکردەوە و لە دەوری ڕایان دەبوارد. لە خوار ئاسایشگاوە چەمی مۆسکۆ بوو. کەڵخۆزێکی قەوغا، کە سەد ماڵێک دەبوو، لەوبەری چەم بوو. شەوی وا هەبوو کۆمەڵێک دەچووینە ئەوێ. لەبیرمە شەوێک دوو کیژ چوونە بەر دەرکی ماڵێک گوتیان یاسەمەنمان پێ بفرۆشە، پیرەمێردێکی ڕیش درێژ بە دارەوە ڕاوی نان کە نافرۆشم. بە منیان گوت تۆ بچۆ بۆمان بکڕە. بە ڕووسییە لەت و پەتەکەی خۆم داوای یاسەمەنم کرد. کابرا باوەشێکی بۆ هێنام. هەرچی کردم پووڵی نەویست.

- تۆ غەریبی، میوانی، من یاسەمەن نافرۆشم؛ پێم جوانە. بەڵام بۆ تۆ دەیبەخشم.

پیاو هەق بڵێ ئەوەندەی من ڕووسم دیتن، هیچ وەک خەڵکی ئورووپا و بەتایبەتی ئەڵمانی و فەرانسی ناچن، کە لە ڕاست غەریبان زۆر بە دەعیە و لووت بەرزن. لادێی ڕووس وەک لادێی کوردستان میوان ڕادەگرن؛ با نەشیناسن. ئەخلاقیانم زۆر کەیف گرتبووی. زۆر دڵڕەحم و بە ڕوحم بوون. ڕۆژێک هەشت ژن و کیژ لە دەوری دارێک هاڵابوون. دەیان ڕوانییە هێلانەیەک.

- خەبەر چییە؟

- ئەو جووچکە لە هێلانەوە کەوتووە. دار زۆر بەرزە، چۆنی بەرینەوە لای دایکی؟

-جووچکی قەلە سابوونەی بەدفەڕی سابوون دز! فڕێی دەن!

تێکڕا بە تووڕەیی گلەیان کرد:

- تۆ ئینسانی، دەشڵێن شاعیری، چۆن دەتوانی هێندە زاڵم بی؟

گوتم: بچن تەلەفۆنچی بانگ کەن، بۆتان سەردەخاتەوە.

- ئافەریم! فکری چاکە، تۆڵەی قسە ناخۆشەکەت کردەوە!

لە ناو لێرەواردا زۆر لۆدە گیای زۆر زلم دەدیت. پرسیم: «بۆ نایان کێشنەوە ماڵ؟»، گوتیان: «خەڵک بە زیادە دەیدروون و جێی دێڵن تا زستانان ئاسک و مانگای جەنگەڵ لێی بلەوەڕێن و لە سەرمان نەمرن».

ڕۆژێک لە زستاندا، هەموو خەڵکی کەڵخۆزەکە، پیر و لاویان، هەر یەکە هێلانەیەکی لە تەختە درووس کراویان دێنا، لە سەرووی دارانیان دادەکوتا؛ تا ئەگەر باڵدار لە گەرمێن هاتنەوە هێلانەیان ساز بێ. ئەوە زۆر فەرقی دەگەڵ خەڵکی لادێی لوبنان هەبوو کە لەو هەموو باغ و دارستانەدا قەت دەنگی تەیرێک نەدەهات؛ هەموویان دەکوشتن. تەنانەت جارێک یادداشتی لوبنانییەکی باغەوانم لە ڕوژنامەدا دەخوێندەوە کە چووبوو لە سوارتوکەی عێراق بە باغی پادشا ڕابگا؛ نووسیبووی: «ئەو عێراقیانە ئەوەندە ئەحمەقن، لەگە لەگ لە سەربانی ماڵان هێلانەی کردووە، نایخۆن!!».

من میوانێک بووم، لە خارجی مۆسکۆ، تەنیا کەڵخۆزێکم دەدی کە پاژێکی زۆر بچووک لە گەلێکی دووسەد و پەنجا ملێۆنی بوو. دەشزانین کە پێش ئینقیلاب، ڕووسیا لە حاند دەوڵەتانی ئورووپا و ئەمریکاوە زۆر لە پاش بوو. تازەش بە برینداری لە شەڕی هیتلەر ڕزگاری ببوو؛ خەریکی ساز کردنەوەی وێرانی و مەڵحەم دانان لەسەر بینەکانی بوو. ئەو کەڵخۆزەش، ئەڵمان جگە لە جێ ناقووسی کلیساکەی خاپووریان کردبوو؛ سەر لە نوێ درووس کرابۆوە. سەنگەری ئەڵمانانی هەر لێ مابوو.