چەند کەسێک و چەند قسەی خۆش لە دیوەخانی حەسەناغای حاجۆ

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 8 دقیقه  1108 مشاهده

حەسەناغای حاجۆ - کە مەزنی عاشیرەت بوو - بە جحێڵی تەنبوورژەنێکی زانا بووە. گوتم: بریا منیش بمزانیبا. تەنبوورێکیان هێنا؛ ئاغا حەولی دا فێرم کا، بەڵام هەرچی کردی و کڕاندی نەمتوانی قامکی هەردووک دەستم وێکڕا کار بکا! ناچار وازم لێ هێنا و زۆرم زگ بە نازیرەکیی خۆم سووتا.

زۆر لە قەدیمەوە یەکێ لەو ماڵە هەر ناوی «حاجۆ» بووە؛ حاجۆی نازانم چەند پشت پێشوو؛ عەبدی ڕەشی هەبووە و قاوەچی دیوانێ بووە. پشتاوپشت ئەو ڕەشانەش ببوونە کورد؛ هەر ڕەش بوون و هەر قاوەچی؛ بەڵام عەبد نەبوون.

تایەفەیەک لە ناو هەوێرکان هەن دەڵێن قەدیم لە هیندووستانەوە هاتووین. بەوانە دەڵێن موتریب یانی بەزمگێڕ. لەناو خۆیاندا زمانێکی تایبەتیان هەیە. هەموویان زوڕنا و دنبەکژەنن و ئەگەر دەنگخۆش بن، گۆرانیبێژیشن. یەک لەوانە ناوی «شێخۆ نادۆ» بوو؛ نەخوێندوار؛ قەت نەچووبووە شاران. جگە لە زوڕنا و دەهۆڵژەنی، قسەخۆشێک بوو ئەگەر لە وڵاتانی لاوەکی بوایە، ناوبانگی دنیای دادەگرت. لاسای هەموو جانەوەرێکی دەکردەوە و دەبوو بە هەو. چەند نوکتەیەکم لێ کردۆتە شیعر و لە دیوانەکەمدایە. شەوانە کە دەهاتە دیوەخان، مردووی دێنایە پێکەنین. کە من دەمدی: کەچەڵ، پیر، بۆر، دەموچاو درێژ، بە کۆخەکۆخ بوو. نومایشنامەی پێکەنینی وای دروست کردبوو کە لەبەر دەیگوتن؛ هەر دەبوو ئافەرینی لێ پکەی. شەوێک زۆر کۆخی، یەکێک گوتی: شێخۆ! مردنت هاتووە. گوتی: دەمت ببڕە! نیشانەی مردنی من زۆرن؛ هێشتا پەیدا نەبوون. کە مردنم نزیک بێتەوە، سەگ ناوەڕن، کەر نازەڕن، بزن ناتڕن، قەل ناقڕن، زۆر عەلاماتی دیش پەیدا دەبن کە پێت ناڵێم!

لاسای کەشەی کلدانییانی دەکردەوە، لە خۆوە شتێکی بە مینگەوە دەگوت. کلدانییەکان سوێندیان دەخوارد دەیانگوت تەواو کەشەیە؛ بەڵام لە قسەکانی تێناگەین!

- بۆ تێناگەن؟ دەڵێم: ئەی کلدانییە خۆشەویستەکان! ئەگەر پیرەمێردێکی لاوازی بێهێزی حەفتا ساڵە، لە ئاودا قوم بکەن و بە پێلاقە بچنە سەری، لەوانەیە نەفەسی تەنگ ببێ؛ ئامین!

- شێخۆ قەت ناچوویە هیچ شارێک؟

- بەڵێ، جارێک بردیانمە قامیشلی زوڕنا بۆ داوەت لێدەم. کاری ئاوم هەبوو. بردیانمە ژوورێک گوتیان ئاودەستە. میزێکم کرد، لە قاپێکدا سوڕی خوارد و چنگێک بۆگەنی کۆ کرد و بە لووتمدا دا! لە تاوان گووم لە بیر چۆوە! هاتمەوە داوەت؛ تەنگەتاو بووم. کوڕینە! من هەر لە دەشت ڕیاوم؛ بە خێری خۆتان بمگەیەننە چۆڵێک! لاوێک پێشم کەوت. دەستم لەسەر شانی بوو کە ون نەبم. لە بازاڕاەوە تێپەڕین، لەوبەر دەیانرسی: ئەرێ ئەوە شێخۆ نییە؟ بە دەست ئیشارەم دەکرد نا!

- جا بۆ بە قسە نەتدەگوت نا؟

- دەترسام هەر لە بزن بگەڕێ لە خوارەوە هەڵڕژێ!

دەیگوت شەوێکی مانگەشەو، لە سەر گردێک چووبوومە سەر پێشاوێ. خەیاڵات بردبوومیەوە.

لەپڕ دیتم ژووژکێک لە پێشمەوە دەڕوا، کەوتمە سەری: بۆ کوێ دەچێ؟ ئەز باڤێ (لە تۆ) مە؛ هەر دبێ بتگرم! هەر پەلم بۆ دەبرد و دەستم نەدەهات و سەربەرەژێر پەل ببوو. لە خوار گردی پڕم پێدا کرد. بەداخەوە سلەگووی نانی هەرزنی خۆم بوو!

چیرۆکی شێخۆ نابڕێنەوە، یەکجار زۆرن. زۆربەی خەڵکی جزیر لە بەریانن و بۆ یەکتری دەگێڕنەوە و دڵخۆشکەرەی شەونشینن.

شەوێک شێخێکی هەموو گیان کەسکی مل بە متوموروی ڕیش سپی و عاسا بە دەست، بە چوار مریدەوە دابەزین؛ کە نەناس بوون. شێخ لەتەنیشت حەسەناغا لە لای سەروو دانیشتبوو. هەر یەک دوو دەقیقە شووشەیەکی تەنکەڵەی لە باخەڵی سەڵتە دەردێنا، قومێکی لێ دەخواردەوە. بۆنی عارەقی زەحلاوی دیوەخانی دەداگرت. شێخ دەمیشی لە دوعا خوێندن نەدەوەستا!

- قوربان ئەوە چییە دەیخۆیەوە؟

- وەڵڵا من نەخۆشیی دڵمە؛ دەرمان دەخۆم. ئێوە نامناسن، من شێخی شەبەکانم؛ دایکم خزمی هەوێرکان بوو؛ هاتووم سەری خزمان بدەم.

کوڕ و کاڵی ماڵە حاجۆ - جگە لە پیاوە پیرەکان - هەموو شەو ئارەقیان دەخواردەوە؛ بەڵام لە شوێنێکی نەدیاری دیوەخان. بۆ شێو گوتیان: یا شێخ فەرموو! هێنایانە ژوورێک، پتر لە بیست بوتریی عارەق لەسەر مێز ڕیز کرابوو.

- فەرموو یا شێخ! ئێمەش هەموو نەخۆشیی دڵمانە!

شێخ کە زانیبووی ئارەق دەناسن و فرێویان نەخوارد، هەر نیوەشەو ڕۆیشتبوو.

شێخ برایم حەققی شێخی هەرەگەورەی جزیرێ بوو؛ هاتبووە دیدەنی حەسەناغا؛ لە لای سەرووی مەجلیس دانیشتبوو. گوتی: بەداخەوە خەسەناغا پیر بووی!

- بەڵێ یا شێخ! تۆش پیر بووی؛ زەمانەیە.

- ئەرێ برا! پیری لە کەنگێوە دەست پێدەکا؟

- لە پەنجا! لە شێست، لە حەفتا... هەر یەکە قسەیەکیان دەکرد. گوتم: ئیجازە هەیە من کێشە ببڕمەوە؟ شێخ نەیدەناسیم. حەسەناغا گوتی: بڵێ!

- پیاو هەر وەخت کە لە خەو هەستا و ئەسپابەکەی پێش خۆی هەڵنەستابوو، ئەوە پیری گەیوەتێ! ئیتر نە بە عومرە، نە بە موو سپی بوونە!

شێخ خۆی بە ویقار کرد و تۆزێک نێو چاوانی تێک نا. لەپڕ لە پڕمەی پێکەنینی دا و گوتی: خەبەری ویە؛ ئەو چ کەسە؟! ئەو جار ببووە مێژوو دیتنەوە: «تۆ لە کام ساڵەوە ملت لە پیری ناوە؟!».

کابرایەک بوو: «عەبدکێ»، کەردار و نەخوێندەوار؛ بەڵام لە دم بە دەمدا زۆر زیرەک. شەوێک لە دیوەخان، مەلا عەبباس - کە بە قەولی خۆی هەم سەیید، هەم خەلیفە، هەم هەشت جار چۆتە حەج، مەلایشە - گوتی: عەبدکێ تۆ نوێژ ناکەی، کافری!

- مامۆستا ئەگەر شادەوئیمان بێنم موسوڵمانم؟

- بەڵێ.

- لە بەهشت، حەفتا حۆریی جوانم دەدەنێ؟

- بەڵێ، ئەگەر نوێژ بکەی.

- خزمینە لە سەر دەستی ئێوە، جگە لە شادەوئیمان هێنان وا دەکەم یەک نوێژم نەچێ. با مامۆستا سەودایەکم دەگەڵ بکا؛ ژنێکی هەیە لە تەپاڵە پیستر، حەفتا خۆریی خۆمی نەزر دەکەم، ئەو ژنەیم بداتێ! مەلا بە گۆچانەوە بۆی چوو. عەبدکێ لە پەنجەرەوە دەرچوو! دەیگوت: ئەویش باوەڕ ناکا حۆری هەیە؛ دەنا کام بێسەلیقە سەودای وا بە قازانج ناکا؟!

بە ڕواڵەت سەییدێکی ڕدێن زەرد لە تورکیەوە هاتبووە جزیرە. دەیانبردە سەر قەبران، بزانێ مردووەکەیان چۆنە! تاوێک چاوی لێک دەنا و لەپڕ یاهووی دەکێشا: مردووت حاڵی خۆشە؛ مزگێنیم دەیە! مردووت لە عەزابدایە؛ خێری بۆ بکە! بە هەردووک باراندا هەر قازانجی خۆی بوو. ڕۆژێک عەبدکێ بە سێ بارەوە لە ڕێگەی قامیشلی تووشی سەییدی مردووناس دێ؛ داوێن و دەستی ماچ دەکا.

- قوربان فەرموو سوار بە!

- نە! حەرامە، کەرت بەبارە.

- قوربان تۆ بەرەکەتی؛ کەرەکەم بەهێزتر دەبێ!

شێخ لە سەر بارەوە سوارە، عەبدکێ کەری بۆ لێ دەخوڕێ.

- قوربان با گرێوێک بکەین.

- گرێو؟ حەرامە!

نا نا، حەرام نییە. پرسیارێکت لێ دەکەم، ئەگەر زانیت کەڵەشێرێکم هەیە بۆت سەردەبڕم.

- باشە.

- ئەو بارەی سواری بووی چی تێدایە؟

- دەستی لێدەم؟

- بەڵێ.

- پاش هەڵگڵۆفینی جەواڵ، دەڵێ:

- گەنمەشامی.

- نەخێر، نەتزانی! ئەوجاریش خاترت.

- ها، زانیم جۆیە.

- ئەو جاریش قانت بێ.

- ها تێگەیشتم. هەرزنە

عەبدکێ بەو کوتەکەی بۆ کەر لێخوڕینی پێیە، یەکێ بە ناوشانی گۆڕناسدا دەکێشێ. سەیید بەردەبێتەوە؛ بوکتە کوێندەرێت دێشێ!

خەبەر هات سەیید بێهۆش لە قەراغ ڕێ دەناو گیادا دیتراوەتەوە؛ پووڵەکەشیان نەبردووە. جەمیل حاجۆ گوتی: عەبدکێ کارتە! ئەگەر جگە لە تۆ با، پووڵەکەیان دەبرد. دەیگوت: گوتم حیزباب! تۆ لەبن دوو میتر گڵەوە دەزانی مردوو حاڵی چییە؛ لەو دیو جەواڵێکەوە نازانی بە غەڵەتیش بڵێی گەنمە! ئاخر لە جزیرەی دێم، هەرزن و جۆ و گەنمەشامی چ دەکا؟!».

کۆمۆنیستی «خالید بەکداش» گاڵەی دەکرد. بە هەزاران لە کوردی جزیرە ببوونە شیووعی و هەر بە قەد زەمانی منداڵیی من و نەمازییەکەی لە تەورێز لێی حاڵی ببوون. دەبوایە لە سەر خەرمان چوار تەلیس گەنم ئابوونەی ڕۆژنامەی «نوور»ی عەرەبی بدەن و بۆیان دەهات؛ بەبێ ئەوە کەسیان عەرەبی بزانێ! هەر خۆپێشاندانێ لە شام بکرایە، کوردەکانیان بە گۆپاڵ دەبرد؛ لە بەگژداچوونی پۆلیس و سەرشکاندا هەر ئەوان بن.

وەکیلیان لە تربەسپی، «ئەحمەد عەنتەڕ» ناوێک بوو. لە قاوەخانە کۆی دەکردنەوە و ڕۆژنامەی نووری بۆ دەخوێندنەوە. لە سەری ڕووپەڕ بەری لێ دەگرت، ستوون متوونی نەدەزانی؛

ڕاست هەتا ئەو سەر دەچوو؛ گاڵتەجاڕێکی وا بوو، پیاو لە پێکەنینان دەمرد! جارێک گوتم وا نابێ، نیشانم دا کە هەر ستوونە سەربەخۆیە: بڕوانە لە هێندێکیان نووسراوە: پاشماوەی لە فڵان ڕووپەڕ... گوتی: هەهۆ، تۆ منت گێژ کرد! من هەر وەک خۆمی دەخوێنمەوە، کێیە پێم بڵێ خەڵەتە؟!

لە مۆسکۆ ئەم قسەم بۆ پیاوێکی زۆر زل بە ناوی «ولۆشین» کە ئەندامی سێکا بوو، گێڕاوە، زۆر پێکەنی؛ بەڵام گوتی: تۆ لە نوکتە دروست کردندا وەستای!

ڕۆژێک پێنج کەس گوندی و مەلایەک بە ناوی مەلا سولەیمان لە گوندێکی ترەوە هاتبوونە لام:

- سەیدای هەژار کێشەمانە، ستالین نوێژی بە جەماعەت دەکرد یان نا؟!

- کاکە ئەوە دەبێ هەواڵ خالید بەکداش بیزانێ!