با شیعرم دیارییەک بێ بۆ گەلی کورد

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1605 مشاهده

هەرگیز بە شیعر سواڵم نەدەکرد؛ بەڵام ئەگەر داوای یارمەتی و قەرزم لە هەر ناسیاوێک بکردایە، زۆر بە ڕووی خۆشەوە دەیکرد.

زۆر کەس هەبوو لە باری سیاسی ناخۆشیان ویستووم، جوێنیان پێ داوم. بەڵام لە ڕوویان نەهاتووە بڵێن شاعیرێکی سواڵکەرە و مل لە بەر پیاوی خوێڕی نەوی دەکا. توانیومە زۆر بە سەربەرزی بژیم. زۆر جار ئەگەر دیتوومە کەسێک دڵی لێم ڕەنجاوە، گوتوومە چی داومێ با لێم وەستێنێ!

دیاریشە لە پاش ئەوە توانیومە بە یارمەتی بارزانی کتێبی شیعری خۆم چاپ کەم، پووڵی کتێبانم زۆر دەس کەوتووە کە مەمنوونی هیچ کڕیارێک نەبووم. من بارزانیم بە گەورەی خۆم قبووڵ کردبوو؛ شانازیم بەوە دەکرد کە نۆکەری ئەو بم. پێشم شەرم نەبوو ئەو یاریدەم بدا؛ چونکە لام وا بوو مەرد و ڕەندێکە نموونەی کەم لە دنیادا هاتوون. جارێک «حافز مستەفا قازی» -کە لە بەردەستی «ڕەشید عارف سەقا»ی کوردی ملیۆنێردا کاری دەکرد- گوتی: کاک ڕەشید خەییامەکەی تۆی بە خەت دیوە. دەڵێ من لە سەر حیسابی خۆم بۆی چاپ دەکەم. فرسەتە با پێی چاپ بکەین. گوتم: حازر نیم ناوی ڕەشید عارف لە سەر کتێبی من بێ و بڵێ یاریدەی هەژارم داوە و ئەو فەخرەی بدەمێ!

لە کاسبی کردن و فەقیریشدا زۆرم کەساسی و هەناسەساردی دیتووە و زۆر جاریش سەر کەوتوومەوە. چەند جار نانی شەوم شک نەبردووە؛ بەڵام ناهومێد نەبووم؛ لە کار ماندوو نەبووم. توانیومە جێگەی خۆم بکەمەوە. زۆر جاریش بوومە خاوەن پارە و دیسان هاتوومەوە سەر سیفر و دیسان تێ هەڵچوومەوە.

ئەوی دەیزانم و بە ئەدیب و خوێندەوارم دەزانن، لە سایەی ماندووبوون و شەوبێداری خۆمەوە دەستم کەوتووە. سەر لە هەوەڵەوە زوو لە خوێندنەوە ماندوو دەبووم؛ بەڵام پیاو کە لە سەر شتێک سوور بێ و دەست هەڵنەگرێ، خووی پێ دەگرێ و لێی دەبێتە سەیران و سەیاحەت. وەک چۆن نازانی لە منداڵییەوە چۆن گەورە دەبی، لە خوێندنەوەش زۆر ئاگا ناکەی؛ کەچی دەبینی زۆرت مەعلوومات وە سەر یەک ناوە و تۆ بە خۆت نەزانیوە. زۆر جار کتێبم خوێندۆتەوە و تەواو لە بیرم چۆتەوە. تیا بووە تەنانەت ناوی دانەرەکەیشم لە بیر نەماوە؛ کەچی هەر وەخت قسە لە شتێک کراوە، من باسی ئەو شوێنەم وەبیر هاتۆتەوە. وا دیارە مێشک عەنبارێکی زۆر بەرفرەوان و ئەمینە؛ لە وەختی پێویستدا چت دیوە یان خوێندووتەوە، نیشانت دەداتەوە.