نرخی تەجرەبە لە ژیاندا

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  1778 مشاهده

لە تەجرەبەی ئەو ژیانە تێکەڵ پێکەڵەمدا ئەوەندەم بۆ ڕوون بۆتەوە کە لە هەزار دۆستی بە دەم دۆست، یەکێکیان لە ڕۆژی تەنگانەدا دە هاوارت نایەن. نابێ چاوت لەوە بێ کە ئەگەر لێت قەوما، فریات کەون. ناشبێ دۆستایەتیی ئەو تەرزە کەسانە نەکەی؛ دەنا بە تەنیا دەمێنییەوە و پیاو لە دنیادا بە تەنیا ناژی. لەوانەشە لە ناو زۆراندا، بەختت بیهێنێ و ئەگەر لە هەموو تەمەنتدا دوو یان سێ دۆستی زۆر باشت دەس کەوێ-کە لە خۆشی و ناخۆشیدا هەر یاریکارت بێ-خۆت بە بەختەوەر بزانە! ڕۆژانێ کە لە بەغدا بووم و لەوپەڕی هەژاریدا ڕامدەبوارد، کەسانێک جاروبارە دەیانەویست، یان بە دەم دەیانگوت دەمانەوێ پووڵت بدەینێ، دەمگوت سواڵ ناکەم؛ کارم بۆ بدۆزنەوە. لەو «نامەوێ»یەی من ئیستفادەیان دەکرد، لای ناسیاوێکی من دەیانگوت: پیاوێکی کەللەشەقە، پووڵی دەدەینێ نایەوێ!

کاتێ کە دەگەڵ بارزانی گەینەوە یەک و نان و ئیحترامم پەیدا کردبوو، ئەو کەسانەی خۆیان هەڵکێشابوو کە دەیانەوێ چاکەم دەگەڵ بکەن و من قبووڵ ناکەم، کەوتمە تەجرەبەکردنیان. دەمگوت فڵان کەس! دەتوانی بە چەند دینارێک دەستم بگری؟ یان فڵانە شتم بۆ بکڕی؟ ملیان لە سوێندان دەنا کە دەستیان تەنگە!

جارێک لە «تۆپزاوا»ی کۆیە، بارزانی گوتی: عومەر دەبابە دەڵێ هەژار هیچی نەدەویست، ئیستا داوای قەڵەم و کراسم لێ دەکا؛ ئەوە چییە؟ گوتم: کاکە! لای هەموو کەس دەیگوت ئەگەر هەژار قبووڵ بکا دەیکەم بە شەریکە ماڵی خۆم؛ چونکە دەیزانی هیچم ناوێ. ئیستا کە زۆر سازم، ئەوانە تەجرەبە دەکەمەوە. نە کراسم لازمە نە قەڵەم؛ پێم خۆشە وە درۆ کەوێتەوە.

زۆر کەس خۆی کردۆتە ڕەفیقم هەر بۆ ئەوە لە چێشتخانە، من پووڵی بۆ بدەم؛ یان لە سەفەر و تاکسیدا من زووتر دەس بۆ گیرفانم بەرم. جاری وا هەبووە بۆ تاقیکردنەوە گوتوومە: دەی با مەخارجی ئەمڕۆ لەسەر تۆ بێ! خۆی دزیوەتەوە و تازە نەمدیوەتەوە. خولاسە زۆر کەس بە کەریان زانیوم؛ ویستوویانە بەهرە لە من بەرن و بۆ خۆیان خۆش بژین و گاڵتە بە سادەیی و خۆشباوەڕیی من بکەن. لە ڕاستیشدا من لە درێژاییی عومردا زۆر دڵساف بووم؛ باوەڕم بە هەموو کەس کردووە. زۆرم زەرەر لەو خۆشباوەڕییەدا دیوە؛ بەڵام لە ئەنجامدا هەر ڕاستی و خۆشباوەڕییەکەم فریام کەوتووە و توانیومە وا بم، لە ناو زۆربەی کورد و عەرەبی ناسیاومدا ڕێزم لێ بگیرێ.

قسێکی جوان هەیە نازانم کێ گوتوویە، دەڵێ: «پیاو دوو عومری لازم بوو؛ لە یەکیاندا تەجرەبە خڕ کاتەوە، لە عومرەکەی تردا تەجرەبەکانی بە کار بێنێ»؛ کە ئەو عومرە دووبارەیەش نییە. زۆر تەجرەبەی تاڵم لە ژیاندا لە چنگ ئەوانەی بە ڕواڵەت خۆیان کردۆتە دۆستم دیوە. زۆر گورگم بە مەڕی پێغەمبەر زانیوە و دەستیان بڕیوم و بە عەقڵم پێکەنیون؛ کە نەمتوانیوە و نەمزانیوە خۆمیان لە چنگ ڕزگار کەم. هەرگیز نەمویستووە منیش وەک ئەو نالەبارانە فێڵبازیی بکەم و دەستی خزم و دۆست ببڕم. چونکە ڕاست بووم، خوا هەر ڕاستی هێناوەتە ڕێم. حەزم دەکرد و حەز دەکەم زۆر لەوە زیرەکتر بام و نەمهێشتبا پیاوی خواروخێچ بە زمانی خۆش فریوم دەن و بە قازانجی خۆیان چەرخم دەن؛ بەڵام لە پاش هەزار تەجرەبەی تاڵ، چۆن بە ژیاندا بگەڕێمەوە؟!