دۆستی چاک پووڵی ناو گیرفانی خۆتە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  745 مشاهده

خولاسەی هەموو مەبەستان لە مەڕ دۆستانەوە -وەک باسی کتێبم کرد- دۆستی چاک، پووڵی ناو گیرفانی خۆتە. ئەگەر بتوانی پەیدای کەی و بە فیڕۆی نەدەی، هەر چییەکت لەو گیرفانە پووڵدارە خواست، بێمنەت دەتداتێ.

کار زۆر بکە؛ زۆر خۆت ماندوو کە! با منەتت هەر لە سەر گیرفانی خۆت بێ. ئەگەر توانیت بە کەسب و کاری خۆت بەڕێ بچی، دۆست و خزمیشت زۆرە. کورد دەڵێن: «تا دووکەڵ لە سەر مدبەق دیارە، دۆستایەتیمان هەر بەرقەرارە». تا جحێڵی و تا دەتوانی ببزوویەوە، لە حەولدان واز مەهێنە؛ خۆت زۆر ماندوو کە! ڕۆژگاری پیریت لە بیر بێ. فەقیریشت لە بیر بێ؛ کە بە فەقیری کەس ناتناسێ. بۆ ڕۆژانی تەنگانە سنعاتێک بزانی زۆر بەکارە. ئیتر هەر سنعاتێک؛ با پینەدۆزیش بێ. دەڵێن: «برسییەتی دەوری ماڵی سنعاتکار دەدا؛ بەڵام ناوێرێ بچێتە ژوورەوە».

بە بڕوای من ئەو وردە نسحەتانەش هەمووی زیادین. کە زۆر بخوێنییەوە، دنیا و کتێب پڕیانە لە نسحەتی زۆر بەنرخ. بەسەرهات و تەجرەبەش گەورەترین مامۆستا و ئامۆژگارن. بە هومێدم ببیە پیاوێک کە زۆر سەربەرز و شەرافەتمندانە بژی و بتوانی خزمەت بە لێقەوماوان و نەخوازا دایکی پیرت بکەی و خەڵک و خوا خۆشیان بوێی و نەڵێن پیاوێکی بێ ئابڕووە. تیتر ئەوە خۆت و ئەمەش «چێشتی مجێور».

لەوانەیە لە بەسەرهاتی ژیانم -کە سەفەرێکی زۆر دوور و درێژ و پڕ هەوراز و لێژ و خوێناوی و خەماوی بووە- چەند ئەزموون و تەجرەبەیەکت لێ دەس کەوێ؛ یان جاروبارە بۆ یادی ژیانی بابت -وەک چیرۆکی بەر ئاگردان- بۆ خۆت و دایک و منداڵی خۆتی بخوێنییەوە. لاشت وا نەبێ هەر ئەوەندەم بە سەر هاتووە کە نووسیومە؛ نەخێر. زۆر شتم بواردووە و نەمنووسیوە؛ زۆریشم هەر لەبیر چوونەوە. بەڵام لەم هەشت لە مشتەشدا، زۆر شت هەیە کە سەرنجڕاکێشە و پێت سەیر دەبێ کە چۆن تاقە پیاوێک سی ساڵ لە ئاوارەییدا ئاوا هەڵیکردووە و بە چەند دەرد و مەخسەرەدا تێپەڕیوە و ئێستاش هەر بە ئاوارەیی لە شاری کەرەج -وەک لە ناو جزیرەیەکدا بێکەس و بێدەر قەتیس مابێ- بە پیری و بە تەمەنی شێست و چوار ساڵی ڕایدەبوێرێ و نازانێ کام ڕۆژ دنیا بەجێ دێڵێ.