دەبەنگێکی وەک خۆم: حەمەدئەمینی شێخولئیسلام (هێمن)

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  1145 مشاهده

لە خانەقا دەگەڵ هاوتەمەنێکی خۆمدا بوومە ئاشنا، ناوی «حەمەدەمینی شێخولئیسلام» و پوورزای منداڵە شێخەکان بوو. ئەویش دەبوایە بۆ بەرەکەت دەرس لای مامۆستا مەلا سەعید بخوێنێ و لە ماڵی شێخ بژی. نازانم ئەو زیرەکتر بوو یا من! بەڵام ئەوەندە دەزانم لە دەبەنگی و هیچ فێرنەبووندا، درۆزنیش فەرقی نەدەکردین. هەر دووکمان وەک یەک دارکاری دەکراین و بەقەد یەک بەر جنێو دەدراین. تەنیا فەرقێکمان کە هەبوو، ئەو بۆ نەگبەتی، شیعری دەگوت و خۆی لە من بە هونەرمەندتر دەزانی. بەڵام شیعری چۆن؟ یا خوا بە نسیبی دوژمنانت بێ! من لە بەغیلیان گاڵتەم بە شیعرەکانی دەکرد. ئاخری هەر وازی نەهێنا و لە دواڕۆژدا بوو بە شاعیرێکی هەرەبەرز و بە ناوی «هێمن» ناوبانگی کرد. کاری هەرە گرینگمان ڕاوەدووپشک، دزی باغان، مریشک دزین لە ماڵە شێخان و هەزار بەدفەڕی و کاری نالەباری دیکە بوو.