بەستنی سەیید عەوڵڵا شێتە

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  877 مشاهده

لە وشتەپە ئاومان لە بیرێکی زۆر قوڵ بە سەتڵ و گوریس هەڵدەکێشا. جارێک لەو ئاو هەڵێنجانە قرچە لە پشتمەوە هات و پشتم کوڕ بۆوە و ژانی زۆر گرانی دەکرد. شکستەبەندێک لە دێدا بۆی هێنامەوە جێ و چەند ڕۆژان لەسەر جێ کەوتم.

سەید عەوڵا شێتەیەک هەبوو مەسخەرەی ئاغایان بوو. کچێکی لە وشتەپە خواست، هاتە حوجرە کە بچین مارەی کەین. گوتمان حەقی مارەبڕانەت نەهێناوە. سوێندی خوارد کە ماوەی بدەین تا دەچێتە بۆکان دوو کەللەقەند و تۆپێک کەتانی مێزەرمان بۆ دێنێ. گوتم: «خۆت دەزانی بەستن هەیە، ئەگەر درۆ بکەی دەتبەستم». ئیتر درۆی کرد و پێمان پێدەکەنی کە دەستی بڕیوین. منیش دەمگوت بەستوومی. شەوی زاوایی بەسترابوو. هاواریان بۆ هێناین جوابمان نەدانەوە. هاواری بۆ ئاغا بردبوو، ناردی بە شوێنما و گوتی: «من ئەوا پێنچ کەللە قەند و دوو تۆپ کەتانتان دەدەمێ بیکەنەوە». هاتمەوە حوجرە و خەبەرمان دایە کراوەتەوە. کابرا بوو بە زاوا. دەسا باوەڕ کە نە بەستبوومان و نە هیچ، بەڵام ترسەکەی وای بەسەر هێنابوو.