دینداری

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  581 مشاهده

بابم زۆر موسڵمانێکی بەڕاستی بوو، مەلاش بوو. ئەوانەی دەیانناسی بە وەلی و پیاوی خوایان دەزانی. هەر زۆر لە منداڵیمەوە، لە تەمەنی پێنج و شەش ساڵیمەوە فێری نوێژ و جەماعەتی کردبووم. لەبیرمە جارێک زۆر گریام چونکە جەماعەتی نوێژی سبەینەم فەوتاوە. هەر لە منداڵی زۆر کاڵەوە ڕۆژووی ڕەمەزانم بە تەواوی گرتووە.

لە مەجلیسی بابمدا باس هەر باسی دینداری و پارێزگاری بوو. زۆرجار دەمبیست کە فڵانە کەس زۆر دیندارە و فیسارە کەس دینی کەمە. زۆرم بیر لە دین دەکردەوە کە دەبێ چ بێ. ئاخری حەلم کرد: گرێی ئەستۆم بە دین زانی! منیش لە ناو منداڵاندا کە پیاوەکم دەدیت گرێی بەر ئەستۆی زلە، دەمگوت ئەو پیاوە زۆر بە دینە؛ ئەگەر گرێی ئەستۆی زۆر زەق نەبوایە، دەمگوت دینی لاوازە. چونکە کوڕە مەلا بووم منداڵان باوەڕیان پێدەکردم و ئەوانیش دیندار و بێ دینیان دەناسی. بۆخۆشم دەستم لە گرێی ملی خۆم دەدا، بەداخەوە زۆر بچووک بوو. دەمگوت با گەورە بم ئەمنیش دێمە ڕیزێ دینداران. تا نەکەوتمە ناو فەقێیان و زۆریان دەگەڵ نەژیابووم، دیندارییەکەم هەروا گەرم و گوڕ بوو. بەڵام دەڵێن گایەک دەپاڵ گایەکدا بێ، ئەگەر ڕەنگی نەگرێ خووی دەگرێ. لەم بارەوە هاتمە ڕیزی فەقێیان و لە نوێژێ سبەینە چوون نەدەگریام. بەڵام خودا و پێغەمبەر ناسین و عاقیدە بە شێخایەتی شێخی بورهانم هەر وەک خۆی ما. هەر چەند خۆم بە مەنسووبی شێخی بورهان دەزانی، دەگەڵ ماڵە سەیدی زەنبیلیش ئاشنایەتی زۆر گەرم و گوڕم هەبوو. شێخ محەممەدی خانەقا وەک کوڕێکی خۆی دادەنام و لەقەبی «جوجەڵە»ی دابوومێ. سەید محەممەدی زەنبیلیش زۆری خۆش دەویستم و هەتا بچوومایە زەنبیل دەیبردمەوە ژووری ماڵ و ئەوپەڕی لوتفی دەگەڵم هەبوو. واتا لە هەردووک بەری جۆگە دەلەوەڕام. ئەگەرچی لە دواییدا نوێژیشم دەچوون و زۆر جاران هەر تەرکم دەکردن، بەڵام ڕۆژوو گرتنم تا تووشی نەخۆشی سیل بوونم لە بەغدا دەست لێ بەرنەدابوو.