«خەم مەخۆ! کاکمان لەجێی بابمانە»

از کتاب:
چێشتی مجێور
اثر:
هژار (1921-1991)
 1 دقیقه  940 مشاهده

تەمەنم حەڤدە ساڵ بوو کە بابم مرد. قەت بیرم لەوە نەکردبوو کە ڕۆژێک باوکم دەمرێ و بە سەری شبکی هەتیو دەبم. تاسام، واقم وڕ ما، فرمێسک لە چاومدا قەتیس ما. گریانم نەدەهات. خەمێکی تەماوی دەوری سەری دابووم. دنیام باش نەدەدیت. لە سەر وەسیەتی خۆی بردمانەوە خانەقا لە پەنا گۆڕی دایکم ناشتیان. گەڕامەوە ماڵ. منداڵ دەگریان. گوێم لێ بوو خوشکم بە براکەمی گوت: «خەم مەخۆ کاکمان لە جێی بابمانە». ئەو قسەیە وەک دەمبێن لە گۆزەی سەرەونخوون هەڵگرن، کونی فرمێسکانی بەرەڵا کرد و گریام ئەمما گریام، تا بە تەواوی کوڵ و کۆم دامرد. ئاشنا و ڕۆشنام لەم لا و لەو لا هاتنە سەرەخۆشیم. ئیوایان تێدابوو هەر لە ئێستاوە تەماحیان کردبووە پارچە زەویەکانمان. دەیانگوت ئێوە تازە ناتوانن بە بێ بابتان لێرە بژین، گوێم لێ دەبوو دەیانگوت: هەر بینا لە برسان مردن. ئەمجار فکرم لەوە دەکردەوە کە دەبێ مردن چۆن بێ؟ بۆم حەل نەدەبوو...